مەشخەڵ كەوڵۆسی
یەك ساڵ لەمەوبەر، لە توێژینەوەیەكی درێژدا كە بەشێوەی كتێب بەناوی” كۆماری میڵی چین، گەڕانەوەی ھێز بۆ ڕۆژھەڵات” چاپمان كردو، ئەوەندەی دەستمان پێڕاگەیشت گەیاندمان بە ناوەندەكانی بڕیار لەكوردستان، لەناوەندە ئەكادیمی و ڕۆشنبیرییەكان و لە ھۆڵی كۆنفرانسەكانی زۆرێك لەزانكۆكانی كوردستانیش دیبەیت و كۆڕ و سیمیناری جیاوازمان لەسەر سازكرد، باسمان لەھاتنە پێشەوەی سەردەمێكی نوێكرد لەناوچەكەدا، كە بریتییە لەسەردەمی چینی و قۆناغێك كە ئیتر پێویستە بیر لەوە بكەینەوە ھێلكەكان بخەینە چەند
سەبەتەوە.
ئێستا جیهان لەقۆناغێكی زۆر ھەستیاردا دەژی، قۆناغی ڕاگوزەر لەھەموو ئاستەكاندا، كە دەتوانین بە گواستنەوەی سەنتەری ھێز لە ڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژھەڵات ناوزەدی بكەین.
چین لەم ئاڵوگۆڕەدا، تەوەری گۆڕانكارییە گەورەكەی مێژووی مرۆڤایەتییە.
ئەڵبەت ئەرك و بەرپرسیارێتی ئەم قۆناغە یەكجار سەخت و تاقەت پڕوكێن و چارەنوسسازە بۆھەموو مرۆڤایەتی، ھەروەھا بۆ دەوڵەتەكان قورستر و بۆ ئەو قەوارانەش كە لەخوارووی دەوڵەتەوەن، وەك ھەرێمی كوردستان، قۆناغەكە سەختترین قۆناغ دەبێت.
سەیری ئەم ھاوكێشەیە بكە: نزیكەی ١٠٠ ساڵە سعودیە بەگوێرەی ڕێككەوتنێك لەگەڵ شا عەبدولعەزیزی دامەزرێنەر، لەژێر ھەژموونی ئەمریكادایە و لەھەموو جوڵە و سیاسەتێكیدا، بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا گۆشەی پێكهێنەربوون. نەوتی سعودیە كە بارتەقای نەوتی جیهانە، لەژێر ھەژموونی دۆلاردایەو، تەنانەت ئەگەر تەسعیرەی نەوتی سعودیە بەدۆلار نەبوایە، بازاڕی دۆلار لەجیهاندا ئاوا گەرم نەدەبوو، دۆلار نەدەبووە قیاس لەبازاڕی ئابوری و دارایی جیهاندا.
كەچی لەناكاو شازادەی جێنشین، بڕیاری ئاڵوگۆڕە جەوھەرییەكە دەدات و، جگە لەوەی دەبێتە پارسەنگی برێكس، بێ ئەوەی ڕەچاوی ھەستیاری ئەمریكا بكات، لە پەكین خۆی ڕادەستی خواستەكانی چین دەكات و، دەبێتە بەشێك لە ھاتنی چین بەرەو ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
كۆبوونەوەی ئێران و سعودیە لەسەر یەك ستەیجی ھاوبەش لەژێر سایەو سێبەری سیاسەتی دەرەوەی چیندا، لە ھەلومەرجێكدا كە ئەمریكا سەرقاڵی دروستكردنی دیوارێكی ھاوپەیمانی نوێیە لەنێوان ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەكەدا، یاریكردنی ئاشكرای چینە لەناو باخچەی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكادا.
بەزاندنی یەكێك لە ھێڵەكانی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل و لەپشتی ئەویشەوە ئەمریكا.
سعودیە چۆن ئەو كارە دەكات؟ ئەگەر دڵنیانەبێت لەوەی ھاتنە پێشەوەی كۆماری میڵی چین ھاتنە پێشەوەیەكی جدی و كاریگەرە و پێویستە دەستوپەنجەی لەگەڵدا نەرم بكرێت و، باجی نزیكبوونەوە لەگەڵ پەكین دەبێ بدرێت؟.
بەبارێكی تریشدا: چین چۆن ھەنگاوێكی لەو شێوەیە دەنێت و فیلەكە توڕە دەكات، ئەگەر عەزمی جەزم نەبێت بۆ كشان بەرەو ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست؟.
لەو نێوەندەشدا، ئێرانییەكان كە دەھائی سیاسییان لەترۆپك و لەئاستی ئیمپراتۆریەتدایە، چۆن ھەنگاوێكی وا لەگەڵ سعودیە دەنێن كە ڕكابەر”ئەگەر نەڵێین دوژمن”ی كلاسیكییان لەئاستی مەزھەبی و ستراتیژیدا، ئەگەر دڵنیانەبن لەوەی زەمانی پەكین، زەمانەتێكی درێژخایەن و جێگای متمانە و مایەی دابینكردنی بەرژەوەندییە دوورمەوداكانیانە؟.
گومانی تێدانیە ئەركی دیپلۆماتكارەكانی وڵاتان” كەخاوەن سەروەریشن” لەئێستادا بووەتە بەراورد لەنێوان دانانی ھێلكەكانیان لە سەبەتەكەی مام سام یان لەژێر سێبەری ئەژدیها زەردەكەی ڕۆژھەڵاتدا.
نابێ ھیچكامیان لەسەر حسابی ئەویتریان بێت. دەبێ حسابی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بكرێت. لەھەمانكاتدا نابێت ھەژموونی چین و كامپی ڕۆژھەڵات و برێكس نایدەبگیرێت، چونكە ئەو ھەڵەیە ھەڵەی مەرگە.
ئەی ھەرێمی كوردستان لەسەردەمی پشتوێنە و ڕێگادا چی بكات، لەكاتێكدا یەكێك لەسەوابیتەكانی سیاسەتی دەرەوەی چین ئەوەیە مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتە مەركەزییەكاندا دەكات.
مامەڵە لەگەڵ مەركەز دەكات! نەك بەزەرورەت. چونكە لەچەند شوێنێك شەواھید ھەیە كە مامەڵە لەگەل ھەرێمەكانیشدا دەكات.
كردووشیەتی وەك لەھەرێمی كوردستان و كشمیر دەبینرێت.
ھەرێم چی بكات بۆ ئەوەی نە ڕۆژھەڵات پەراوێز بخات و، نە مام سام توڕە بكات؟.
كوردستان لەسەردەمی پشتوێنە و ڕێگادا، دەبێ وشیاربێت بەرانبەر
دووخاڵی سەرەكی: یەكەم: نابێ بەھیچ شێوەیەك مەسیجی نێگەتیڤ بە ئەمریكا و ڕۆژئاوا بدرێت.
یان لەسەر حسابی بەرژەوەندییەكانی ئەوان، ھەنگاو بنرێت. دووەم: دەبێ دڵنیابین لەوەی سەردەمی چین و پشتوێنە و ڕێگا، سەردەمی ئاوەدانی ناوچەكەیە.
چین بەدەستێكی پڕی ئاوەدانییەوە ھاتووە. سیاسەتی چینی لەسەر بنەمای غەترەسە و داپڵۆسین نیە. بەڵكو لە ناوەڕۆكی پڕۆژەی پشتوێنە و ڕێگا، باسی ڕەھەندی ئاوەدانی و بونیادی ژێرخانەكانی وڵاتان كراوە. ھەرێمی كوردستان نابێت لەم سەردەمە زێڕینە خۆی دوور بگرێت.
چونكە لەیەكەم ھەنگاودا لەئێراق، جگە لەبەندەری فاو، نزیكی ٣٠٠٠ قوتابخانە و دەیان پرۆژەی ئاوەدانی جێبەجێ دەكات! حیكمەتی تێدانیە دوورەپەرێزبین لەسەردەمی چینی. بەڵام نەك لەسەر حسابی توڕەكردنی مام سام.
چونكە تا ئەم چركەیەش، رژەوەندییەكانی ئەمریكا زەمانەتی دروستبوون و مانەوەو بەرقەراری قەوارەی ھەرێمی كوردستانن.