یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 17, 2024

کەشناسی هەرێم: درێژترین مانگگیرانی سەدە لە هەرێمی کوردستان دەرناکەوێت

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێـمی کوردستان دەڵێت، ئەو مانگگیرانەی رۆژی هەینی روودەدات، ماوەی شەش کاژێرە و لە بەیانییەوە تاوەکو دوای نیوەڕۆ دەخایێنێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان دەرناکەوێت؛ مانگگیرانەکە بە درێژترین مانگگیرانی سەدە ئەژمار دەکرێت. 

ئەژی چەتۆ حەسەن، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێـمی کوردستان رۆژی پێنجشەممە 18-11-2021 رایگەیاند، “ئەو مانگگیرانەی رۆژی هەینی 19-11-2021 روودەدات کاژێر 9:02 خولەکی بەیانی بە کاتی هەرێمی کوردستان دەبێت و چاوەڕێ دەکرێت تاوەکو کاژێر 02:00ی دوای نیوەڕۆ بخایێنێت، ئەمەش بە درێژترین ماوەی مانگگیرانی نیمچەیی لەم سەدەیەدا ئەژمار دەکرێت؛ لەم دیاردەیەشدا مانگ سوور هەڵدەگەڕێت”.

 گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێـمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، “مانگگیرانەکە نیمچەیی یان ناتەواو دەبێت، ناوچەکانی ئەمریکای باشوور، ئەمریکای باکوور، ئەمریکای نێوەڕاست و باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا دەگرێتەوە، بەڵام لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەرناکەوێت، چونکە لەو کاتانەدا مانگگیرانەکە لەو شوێنانە دەردەکەوێت لێرە رۆژ دەبێت”. 

سەبارەت بە هۆکاری مانگگیرانەکە، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێـمی کوردستان ئەوەی خستەڕوو، “هۆکارەکەی ئەوەیە مانگ لە دوورترین خاڵدا دەبێت لەگەڵ زەوی و کاتی زۆری دەوێت تاوەکو لە سێبەری زەوی دەردەچێت”. 

ئاژانسی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاسمانی و گەردوونی – ناسا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئەو مانگگیرانە درێژترین دەبێت لەم سەدەیەدا و تێیدا مانگ بە رێژەی 97% رەنگی سوور دەبێت. ئەژی چەتۆ حەسەن لەبارەی ئەو ماوەیەی مانگگیرانەکە دەیخایەنێت، دەڵێت “مانگ بە دوو سێبەردا تێدەپەڕێت: سێبەری نیمچە و سێبەری تەواو یان راستەقینە؛ کاتێک دەچێتە نێو سێبەری نیمچە، کاتێکی دەوێت کە نزیکەی کاژێرێک و نیو دەخایێنێت؛ هەروەها نزیکەی سێ کاژێر لە سێبەری تەواو دەبێت و دواتر کە لە ناوچەی سێڤەری نیمچە دەردەچێت ئەویش کاتی دەوێت کە نزیکەی کاژێر و نیوێکە، بۆیە هەموو مانگگیرانەکە بە چاو نابیندرێت”.