سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

كونسوڵی ئه‌مه‌ریكا و وه‌زیری دارایی له‌باره‌ی ده‌ره‌نجامی گفتوگۆكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كۆبوونه‌وه‌

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئاوات جه‌ناب نووری وه‌زیری دارایی و ئابووری، له‌گه‌ڵ شاندێکی کونسوڵخانەی گشتی ئەمه‌ریکا لە هەولێر، به‌ سه‌رۆكایه‌تی زەهرا بێڵ کونسوڵی گشتی ئەمه‌ریکا لە هەولێر بە وەکالەت، کۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وه‌زیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان له‌میانه‌ی گفتوگۆكانی له‌گه‌ڵ به‌غدا لەسەر بەشە بودجەی 2023دا، ئه‌وپه‌ڕی نه‌رمی نواندووه‌.

وه‌زیری دارایی هیواشیخواست، بودجه‌ی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2023 به‌ زووترین كات بگاته‌ ناو هۆڵی په‌رله‌مان و په‌سه‌ندبكرێت.

لە چوارچێوەی بەرنامە چاکسازییه‌كانی حکومەتی هەرێمی كوردستان، وه‌زیری دارایی باسی لە هەنگاوەکانی چاکسازی کرد و رایگەیاند،  رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و کۆکردنەوەیان لە ژێر چەتری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، قۆناغی باشی بڕیوە و ئەوەی پەیوەستە بە وەزارەتی داراییەوە هەموو کارئاسانییەكان بۆ ئەو پرۆسەیە کراوه‌ و بەردەوامیش ده‌بن.

لای خۆشیەوە زەهرا بێل کونسوڵی گشتی ئەمه‌ریکا، ستایشی رۆڵی شاندی هەرێمی کوردستانی کرد، لە بەرەوپێشچوونی هەنگاوەکانیان بۆ رێکەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق لە سەر بودجە و دۆسییەی نەوت و غاز.

هاوکات کونسوڵی گشتی ئەمه‌ریکا لە هەولێر بە وەکالەت، دەستخۆشی لە  بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان کرد، بۆ یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان. 

لە تەوەرێکی دیكه‌ی کۆبونەوەکەدا باس لە کێشە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کراو، تیشکخرایە سەر کەمی داهات لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لەو روەشەوە وەزیری دارایی ئەو هەنگاوانەی بۆ وەفدی میوان روونکردەوە، کە بەمەبەستی رێکخستنەوە و زیادکردنی داهاتی پارێزگاکە گرتویانەتە بەر.