چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

عێراق: پێویستمان به‌ نزیكه‌ی سێ ملیۆن یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون

وەزارەتی بیناسازی و نیشتەجێکردنی عێراق رایگه‌یاند، بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی نیشته‌جێبوون، پێویستمان به‌ نزیكه‌ی سێ ملیۆن یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوونه‌.

ئەمڕۆ دووشەممە 6/3/2023، جابر ئه‌لحەسانی، بریکاری وه‌زاره‌تی بیناسازی و نیشته‌جێكردنی عێراق  بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگه‌یاند، “بەپێی خەمڵاندنەکانمان، پێویستمان به‌ دوو ملیۆن تا سێ ملیۆن یەکەى نیشتەجێبوون هەیە بۆ چارەسەرکردنى قه‌یرانی نیشته‌جێبوون.

ئه‌لحه‌سانی ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەم ژمارەیە بە پێویستییەکی هه‌نووكه‌یی داده‌نرێت، هاوكات ساڵانه‌ش پێویستیمان به‌ 150 هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون هه‌یه‌، بەهۆی گەشەکردنی درێژخایەنه‌وه‌.

سەبارەت بە پلانەکانی وەزارەت بۆ پەرەپێدانی ڕێگاوبانەکان، ئەلحەسانی گوتیشی،  “یەکەم پاکێجی پڕۆژەکان کە لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە دەستیپێکردووە بە گرنگترین و گەورەترین پڕۆژە دادەنرێت لە مێژووی وەزارەتەکەدا، کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ چارەسەرکردن و ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاتووچۆ لە بەغدا”.

بریکاری وه‌زاره‌تی بیناسازی و نیشته‌جێكردن روونیشی كرده‌وه‌،  “ئەم پاکێجە دروستکردنی پردەکان لەخۆدەگرێت کە یەکێکیان لەسەر گۆڕەپانی ئەلنسوره‌، هاوكات کارکردن لەسەر رێگای بەغدا- شەعب، به‌یانیان و ئێواران ده‌بێت بۆ ره‌چاوكردنی ماوه‌ دیاریکراوەکە.