پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

چەند نەوجەوانێک لە گرتووخانەیەکی هەولێر هەوڵی هەڵاتن دەدەن

شەوی رابردوو ژمارەیەک نەوجەوان لە گرتووخانەی چاکسازیی ژنان و نەوجەوانانی هەولێر، هەوڵی هەڵاتنیان دا و جگە لە یەکێکیان سەرجەمیان دەستگیر کرانەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە لە دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر دەست کەوتوون، شەوی رابردوو شەش بەندکراوی نەوجەوان لە گرتووخانەی چاکسازیی ژنان و نەوجەوانان هەوڵی هەڵاتنیان داوە، چوار لەو نەوجەوانانە لە هەوڵەکانیان سەرکەوتوو نەبوون، دووانەکەی دیکەش چوونەتە دەرەوەی زیندانەکە، یەکێکیان دەستگیر کراوەتەوە و هێزە ئەمنییەکان بەدوای ئەوی دیکەدا دەگەڕێن.

ئەو بەندیخانەیە سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییە. وەزارەتەکە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بۆ زانینی چۆنێتی ئەو هەوڵی هەڵاتنەی زیندانیان پێکهێناوە.