دلۆڤان رەحیم – ههولێر
بەپێی ئامارێکی نوێی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق نزیکەی 1600 ئاوارەی دیکە کە خەڵكی پێنج پارێزگای جیاوازی عێراق بوون دەگەڕێنەوە ناوچەکانیان، بەڵام هێشتا ئەوە پلانە و حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای گەرەنتی ئاسایش و خزمەتگوزاری بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکات
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێ :” لە کەمپی ئاشتی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی سلێمانی نزیکەی 301 ماڵبات دەگەڕێنەوە ناوچەکانیان لە بەغدا، سەڵاحەدین، ئەنبار، دیالە، نەینەوا، گەڕانەوەیان لە چوارچێوەی پلانێکی حکوومەتی عێراقە بە ناونیشانی پرۆگرامی سەقامگیری بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان، پاش چەند ساڵێک ئاوارەبوون بەهۆی داعشەوە.
حکوومەتی عێراق پێشتر لە چوارچێوەی هەوڵێکدا ویستی هەموو کەمپەکان دابخات، بەڵام هێشتا چەند کەمپێک لە پارێزگاکاندا ماوە هۆکارەکەشی ئەوەیە بەشێک لەو ئاوارانە بەهۆی دۆخی خراپی ناوچەکانیان نایانەوێت بگەڕێنەوە و هەڕەشەیان لەسەرە، بۆ نموونە کەمپی جەدعە لە موسڵ کەسوکاری داعشی تێدا نیشتەجێیە ئەو کەسانە ناگەڕێنرێنەوە ناوچەکانیان بەهۆی هەڕەشە و ترس لە تۆڵەسەندنەوە .
ئەوە لە کاتێکدایە هەرێمی کوردستان هێشتا پەناگەی زیاتر لە سی و چوار هەزار ئاوارەی نێوخۆیی عێراقە لە پارێزگاکانی، سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆ چەندین جار گوتویانە کە گوشار ناکەن بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان، تاوەکو ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکانی ئەو ئاوارانە باشتر نەکرێت.
نموونەی شنگال، کە سەرەڕای تێپەرینی چەند ساڵێک بەسەر ئازادکردنی و بوونی رێککەوتنێک لە نێوان هەولێر و بەغدا بەڵام هێشتا ئاسایش و سەقامگیری ئەو ناوچەیە دابین نەکراوە و بەشێکی ئێزدییەکانیش ترسیان هەیە لە گەڕانەوە بۆ ناوچەکانیان .
حوسێن کەلاری، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان دەڵێ :” ژمارەیەکی زۆر کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان هەیە ، بڕیار دراوە ژمارەی ئەو کەمپانە کەمبکرێنەوە و خزمەتگوزاری زیاتریان بۆ دابین بکرێت .
سەرەڕای داوای ئاوارەکان، بەڵام عێراق کەمترین بڕی هاوکاری پێشکەشی ئاوارەکان کردووە، جگە لەوەش هاوکاری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش کەمبووەتەوە، ئەوەش بارگرانییەکەی خستووەتە سەر شانی هەرێمی کوردستان، ئێستا ڕۆژانە هەر ئاوارەیەک دوو بۆ سێ دۆلاری پێویستە وەکو خەرجی، بەکۆی گشتیی ئاوارەکان، رۆژانە نزیکەی دوو ملیۆن و پێنج سەد هەزار دۆلار پێویستە بۆ خەرجی ئاوارەکان .