سلێمان تاشان – ههولێر
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی زۆر بە خێرایی لە پەرەسەندندان و چاوەڕوان دەکرێ لە داهاتوودا ئەو وڵاتە گرنگەی کەنداو و هەرێمی کوردستان بەو هەنگاوانەی لە بواری وەبەرهێنان و کاری هاوبەشی بازرگانی دەستیان پێ کردووە، پەیوەندییەکانیان بکەوێتە قۆناغێکی پێشکەوتووتر.
لە ماوەی ڕابردوودا سەردان و پەیوەندییەکانی نێوان ئەبووزەبی و هەولێر لە ئاستێکی زۆر باڵادا پەرەی سەندووە و هەر دوو لایەن ئامانجیانە ئابوورییەکەیان لە ئابوورییەکی پشتئەستوور بە نەوت بۆ ئابووریەکی پشتئەستوور بە بەرهەمهێنان بگۆڕن.
ژمارەی ئەو کۆمپانیایانەی ئیمارات کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، دەگاتە سەرووی ١٥٠ کۆمپانیا کە لە کەرتە جیاوازەکاندا لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانیان کردووە. ئەو کەرتە گرینگانەی هەرێمی کوردستان کە کۆمپانیا ئیماراتییەکان کاری تێدا دەکەن بریتین لە کەرتی نەوت و گاز، گەشتوگوزار و کشتوکاڵ و بە گشتی ڕۆڵیان هەبووە لە پەرەپێدانی ژێرخانی وزە لە هەرێمی کوردستان.
کۆمپانیاکانی ئیمارات ڕۆڵیان هەبووە لە چاندنی هەزاران نەمامی هەنار لە هەرێمی کوردستان و دواجار ئەو کۆمپانیایانە بەرهەمەکەشیان چنیوەتەوە و بە هەزاران تۆن لە هەنار و ترێ لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی ئیمارات کراوە کە بەشێکی لەوێ ساغ کراونەتەوە و بەشێکی تریشی بۆ وڵاتانی تری دنیا هەناردە کراوە.
جگە لەو سێ کەرتەی ئاماژەیان پێ کرا، وەبەرهێنەرانی ئیمارات لە کەرتی بانک و داراییشدا لە هەرێمی کوردستان چالاکییان هەیە.
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس وەک ئاشکرایە وڵاتانی جیهان یەک لە دوای یەکتر ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد و کونسوڵخانەی خۆیان لە هەولێری پایتەخت کردەوە بەڵام ئیمارات زووتر لە زۆربەی وڵاتانی جیهان کونسوڵخانەی خۆی لە هەولێر کردووەتەوە و دەستی بە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد.
بەگوێرەی میدڵست نیوز، هەر ئەو کونسوڵخانەیە پێشنیاری دامەزراندنی ئەنجوومەنی هاوبەشی بازرگانیی نێوان هەر دوو لایەنی کرد و بە سەرۆکایەتی ئەحمەد زاهیری، سەرکونسوڵی ئیمارات لە هەولێر، دامەزرا و لە بوارە جیاوازەکانی وەک سیاسی، ئابوری، فەرهەنگی و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی چالاکی هەبووە و توانیویەتی پەرە بە پەیوەندییە هەمەلایەنەکانی نێوان کوردستان و ئیمارات بدات.
لە ڕوانگەی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستانیش ئیمارات نموونەی یەکێک لە وڵاتە پێشکەوتوو و سەرکەوتووەکانی ناوچەیەکەیە و ئەزموونی گەشەسەندنی ئەو وڵاتە دەتوانێت بۆ هەرێمی کوردستانیش پڕبایەخ بێت.
بەپێی ئاماری نافەرمیی، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و هەرێمی کوردستان سەرووی حەوت ملیار دۆلارە و دامەزراوە ئابووری و بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان لە پلانیاندایە، قەبارەی ئەو ئاڵوگۆرە بازرگانییە لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا بۆ ئاستێکی زۆر بەرزتر بەرز بکەنەوە و ئەمەش لە ڕێی ئاسانکاری و شەفافیەت و کەمکردنەوەی ڕۆتین و بەربەستەکان لە لایەک و قۆستنەوەی سەرجەم هەل و دەرفەتە ئابووری و بازرگانییەکان لە لایەکی تر دەکرێت.