راگه‌یه‌ندراوێك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی دژه‌ تیرۆری كوردستان

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی دژه‌ تیرۆری كوردستان: 

له‌ رێككه‌وتی 1ـی ئاداری 2023، چه‌ند كه‌سێك له‌ كه‌سوكاری تاوانباران (نه‌جده‌ت نه‌جات محه‌ممه‌د، شازاد مه‌حموود قادر، ره‌زوان سامی سه‌عدی، په‌یوه‌ند فازل عه‌بدولره‌حمان، محه‌ممه‌د جه‌وهه‌ر ئیبراهیم، یونس مه‌جید خزر و یاداشت جه‌واد عه‌بدوڵڵا)، كه‌ به‌ تۆمه‌تی په‌یوه‌ندیكردن به‌ گرووپی تیرۆریستیی داعش و به‌ فه‌رمانی داوه‌ر ده‌ستگیر كراون، له‌ به‌رده‌م دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی ناوچه‌ی هه‌ولێر بۆ میدیاكان قسه‌یان كرد و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان كرد، گوایه‌ كوڕه‌كانیان به‌بێ تاوان ده‌ستگیركراون و له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ و ئازاردا دانپێدانانیان لێ وه‌رگیراوه‌ و سزا دراون.

ئێمه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی دژه‌ تیرۆری كوردستان ئه‌وه‌ به‌ هه‌موو لایه‌ك راده‌گه‌یه‌نین، تاوانباران هه‌ڵگری بیرۆكه‌ی تیرۆریستی داعش بوونه‌ و به‌یعه‌تییان به‌و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌ داوه‌ و له‌ په‌یوه‌ندیدابوون له‌گه‌ڵیاندا و له‌لایه‌ن به‌رپرسێكی ئه‌و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌وه‌ به‌ ناوی (ئه‌بو شه‌هاب كوردی) فه‌رمانیان پێ كراوه‌ به‌ر له‌وه‌ی هه‌ولێر به‌جێبهێڵن و هیجره‌ت بكه‌ن بۆ ناو ریزه‌كانی داعش، كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆریستی له‌ شاری هه‌ولێر ئه‌نجامبده‌ن.

ئێمه‌ لای خۆمانه‌وه‌ جه‌خت له‌ ڕێزگرتن له‌ سه‌ربه‌خۆیی بڕیاری دادگا و سه‌روه‌ریی یاسا ده‌كه‌ینه‌وه‌ و هیچ كه‌س و لایه‌نێك و مافی ده‌ستوه‌ردانی له‌ كاروباری دادگادا نییه‌، دادگا و دادوه‌رانی هه‌رێمی كوردستان زۆر له‌وه‌ به‌هێزتر و گه‌وره‌ترن كه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ بتوانێت كاریگه‌رییان له‌سه‌ر دروستبكات.