لە 5/3/1991 یەكەمین كڵپەی راپەرین لە شاری رانییەوە دەستی پێكرد. لەو رۆژەدا خەڵك و جەماوەر بە پشتیوانی پێشمەرگەی كوردستان شاری رانییەو دەوروبەرییان رزگار كرد و تەواوی داموودەزگا داپڵۆَسێنەرو مۆڵگە سەربازییەكانی رژێمی بەعسی فاشیان تێك و پێك دا و لەوێوە هەڵمەتی جەماوەرو پێشمەرگە شار و شارۆچكە و ناوچەكانی تری كوردستانی گرتەوە، راپەڕینی پیرۆزی ئاداری نەوەد و یەك بە یەكێك لە رۆژە دیرۆكی و كاریگەرەكانی مێژوی كورد لە كۆتای سەدەی بیستەمدا دادەنرێت، بەرخودانی ئادار دیواری ئەو ترسەی شكاند كە دەیان ساڵ بوو رژێمی لەناوچووی بەعس لە شارو شارۆچكە و گوندەكانی كوردستاندا مرۆڤی كوردستانی پێ چاوترسێن كردبوو، ئەنفال و كیمیاباران كردنی كوردستانی لە ناو دڵی گەلی كوردستاندا چاندبوو. راپەرین متمانە و چێژی سەركەوتنی بۆ ناخی مرۆڤی كورد گەڕاندەوە، پاش ئەوەی لە ئەنجامی جینۆساید كردنی كورد لە هێرشی ئەنفالەكان و كیمیاباران كردنی هەڵەبجە و زۆرجێگای تری كوردستان لە كۆتایی دەیەی هەشتاكاندا، بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان كەوتبووە قۆناغێكی نوچدان و نسكۆوە، بەڵام راپەڕین وزە و گیانی بەخشییەوە بە خەبات و تێكۆشان، ئەمە جگە لەوەی دۆزی رەوای گەلەكەمانی بردەوە سەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی، راپەرینی جەماوەر و پێشمەرگە بۆ جیهانی سەلماندەوە كە گەلی كوردستان دەست لە ئامانج و ماف و دۆزی رەوای هەڵناگرێت، جێی باسە هاوكات لەگەڵ ئەو هەلوومەرجە سەختەی ئەوكاتی پێش راپەڕین بەرەی كوردستانی بەمەبەستی خۆسازدان بۆ ئەو پێشهاتانەی لە دوای ساڵی 1990ەوە لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی بەدەركەوتبوو، لە ڕووی پێشمەرگایەتی و راگەیاندنەوە هێزەكانی خۆی بۆ ئەو گۆڕانكارییە پێشبینی كراوانەی عێراق و ناوچەكە ئامادە كردبوو، هەربۆیە لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆی ئەو ساڵەدا كاتێك بڵێسەی ڕاپەڕین هەڵكرا، پێشمەرگەكانی بەرەی كوردستانی بوونە مەزنترین پاڵپشت بۆ جەماوەری راپەڕیووی كوردستان و یەكڕیزی بەرەی كوردستانی بووە هۆكارێكی كاریگەر و هاندەرێكی مەزن بۆ راپەڕین و سەركەوتنی خەڵكی كوردستان، راپەڕین جەماوەر و هێزە سیاسییەكانی یەكخستەوە و لە چوارچێوەی بەرەی كوردستانیدا قۆناغێكی نوێ لە خەباتی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان دەستی پێكرد. شایانی باسە حكوومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی رزگار بوونی شاری رانییەی دەروازەی ڕاپەرینی وەك پشووی فەرمی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان راگەیاندووە.