هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەمڕۆ شەممە 04ـی 03ـی 2023 لە بناری چیای قەرەچووغ ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنی ئەنجام دا.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند: بۆ ڕەواندنەوەی ئەو مەترسییە ئەمنیانەی کە پاشماوەی گرووپە تیرۆرستییەکانی داعش لەسەر ناوچەکە و خەڵکی سڤیل دروستیانکردووە، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنی لەو ناوچانە ئەنجام دا، کە گومانی هەبوونی مۆڵگە و شوێنی حەوانەوەی تیرۆرستانی لێ دەکرا.
ڕاشیگەیاند: لیوای 14ـی پیادەی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە، بە هاوکاری و پاڵپشتی بەشی سەگەوانی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە ناسراو بە (K9) لە بناری چیای قەرەچووغ ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنیان بەسەرکەوتوویی ئەنجام دا.
وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش دا کە “لەو ئۆپەراسیۆنەدا، لیوای 14ـی پیادە، کێوماڵی گوندەکانی (گاوار و خدرجیجە) تاوەکوو شەقامی مەخموور یان لە بناری چیای قەرەچووغ کرد، ئامانجی ئەو ئۆپەڕاسیۆنە لەناوبردنی مۆڵگە و شوێنی حەوانەوەی تیرۆرستان بوو، هاوکات بەرقرارکردن و سەقامگیرکردنی ئەمنیەت وئاسایشی زیاتری ئەو ناوچانە بوو کە گومانی هەبوونی پاشماوەی چەکدارانی داعشی لێدەکرا.”