د. عەلی تەتەر: هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو ناوچانەی کە تەناهی و ئاسایشی تێدا بەرقەرارە

بەشێک لەو هاونیشتمانییانەی هەرێمی کوردستان کە دەچنە ئەوروپا لەوێ بە هۆکاری نەبوونی کار و ئەمنیەت داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن. پارێزگاری دهۆکیش لەو بارەیەوە رایدەگەیێنێت، “بێکاری قەینا، بەڵام ئەمنیەت هەیە و ئەمنیەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمنیەتی ئەوروپا باشترە”.

 د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، “هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو ناوچانەی کە تەناهی و ئاسایشی تێدا بەرقەرارە. ئەوانەی دەڵێن ‘بێکارین’ قەینا، بەڵام نەڵێن ئەمنیەت (تەناهی) نییە. ئەمنیەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمنیەتی ئەوروپا باشترە.

لێرە تەناهیی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و پەروەردەیی هەیە. ئەو کەسانەی دەچنە ئەوروپا باشترە بە ویژدان بن و بەرد نەگرنە ئەو کانیەی ئاویان لێ خواردووەتەوە. رەوشەکە چۆنە وەکو خۆی باسی بکەن”. بەشێکی ئەو هاونیشتمانییانەی هەرێمی کوردستان کە کۆچیان کردووە و لە سنووری بێلاڕووس – پۆڵەندا گیریانخواردووە و رێگەیان نادرێت بچنە یەکێتیی ئەوروپا، خەڵکی پاریزگای دهۆکن.

 د. عەلی تەتەر گوتیشی، “ئەو کەسانەی کۆچیان کردووە و لە بێلاڕووسن کەسوکار و هاونیشتمانیی ئێمەن. لە هەر جێیەکی ئەم دنیایەدا تووشی کێشەیەک ببن کێشەکەیان کێشەی ئێمەیە. ئەوانە کەسانی جۆراوجۆریان تێدایە کە فەرمانبەر، کاردار و بێکارن. بەداخەوە بێلاڕووس خەڵکی ئێمەی کردووەتە سووتەمەنیی ئاگری شەڕی خۆی لەگەڵ ئەوروپا”. 

لەبارەی پرۆژەکانیانەوە پارێزگاری دهۆک ئاماژە بەوە دەدات، لە دوو ساڵی رابردوودا لەو پارێزگایە کۆمەڵێک “پرۆژەی باش” جێبەجێ کراون کە بەهای کۆی گشتییان زیاتر لە 700 ملیار دینار بوون. هەندێک پرۆژەیش بەهۆی دابەزینی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار دواکەوتوون، بۆیە ناچار بوون نزیکەی 300 ملیۆن دینار بۆ ئەو پرۆژانە زیاد بکەن تاوەکو بتوانن تەواویان بکەن.

 د. عەلی تەتەر باسی لە پرۆژەکانی ساڵی 2022 کرد و ئەوەی خستەڕوو، ئەو پارەیەی بۆ ساڵی 2022 بۆ پارێزگاکەیان دابین دەکرێت 5%ی دەخەنە پرۆژەی خزمەتگوزاریی سەرەکییەوە کە لە خزمەتی خەڵکیدا بێت کە بریتین لە رێگەوبانەکان، چاککردنی بەشێک لە کۆڵانەکانی دهۆک، ئاو، کارەبا، تەندروستی و پەروەردە. پارێزگاری دهۆک ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکەن کاری هاوبەش بکەن کە پرۆژە لە نێوان حکومەت و کەرتی تایبەتدا جێبەجێ بکەن.

یەکێک لەو پرۆژانەی رەزامەندیی لەسەر دراوە، رێگەی دووبەری سیارەتیکەیە تاوەکو دەگاتە دێرەلووک. تونێلی زاوێتەیش یەکێکی دیکەیە لەو پرۆژانە. لەبارەی پرۆژە ستراتیجییەکانی پارێزگاکەیەوە د. عەلی تەتەر ئاماژەی بەوە کرد، “تونێلی مەتین پرۆژەیەکی ئابووریی ستراتیجییە کە بۆ ئەوەیە دەروازەیەکی سنووریی نوێ لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیادا بکاتەوە کە دەروازەی سنووریی سەرزێڕێیە.

ئەمساڵ تاوەکو دەگەیتە ناو ئامێدی، حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 10 ملیار دیناری خەرج کردووە بۆئەوەی ئەو رێگەیە ببێتە رێگەیەکی رێکوپێک و بارهەڵگر بتوانێت بە ئاسانی بەسەریدا بڕوات”. چەند ساڵە لە سنووری پارێزگای دهۆک شەڕی پەکەکە و سوپای تورکیا بەردەوامە. د. عەلی تەتەر باسی لەوە کرد، “شەڕی پەکەکە – تورکیا 100% کاریگەریی لەسەر پارێزگای دهۆک هەبووە، هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی رێژەی بێکاری و هەژارییە”.

ھەواڵی زیاتر