ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، کۆبوونەوەی سێیەمی کۆمیتەی هەماهەنگیی هاوبەش، ناسراو بە JCC ئەنجام درا و دەست بە قۆناغێكی دیکە بەسەر كارەكانی پڕۆژەی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر كرا، كە لەگەڵ ئاژانسی هەماهەنگیی نێودەوڵەتیی ژاپۆنی جایكا جێبەجێ دەكرێت؛ تێیدا گفتوگۆ لەسەر ڕاپۆرتی بەرەوپێشچوونی پڕۆژەکەوە كرا كە ماوەی نۆ مانگە كاری لەسەر دەكرێت.
ڕاپۆرتەكە لەلایەن تیمی پڕۆژەکە لە جایکا کە چەند شارەزایەکی ژاپۆنی لەخۆ دەگرێت، ئامادە كراوە بە هەماهەنگیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بە هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت. لەم کۆبوونەوەیەدا هەموو ئەو بابەتانەی کە پەیوەستن بە ماستەرپلانەوە ئاماژەیان پێ كرا و بەپێی هەلومەرجی تازە، هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئاوەدانیی شاری هەولێر کرا.
لە كۆبوونەوەکەدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، پانۆرامایەكی كارەكانی کە تا ئێستا كراون باس كرد و ئاماژەی بۆ كۆبوونەوەكانی پێشوو كرد كە چۆن گەیشتوون بەم هەنگاوەی ئێستا و خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەو هەماهەنگییە دەربڕی و تێبینییەكانیشی خستنەڕوو كە پێویستە لەم قۆناغەوە كاریان لەسەر بكرێت و داوای لە نوێنەرانی وەزارەت و فەرمانگەکانی حكومەت كرد كە لە ئەركی هەمواركردنەوەكەدا بەشدارن، زیاتر لە كارەكەیاندا قووڵ ببنەوە، چونكە ئیدی بەپێی ئەو داتایانەی ئەوان دەیخەنە ڕوو، نەخشەڕێی داهاتووی شارەكە دیاری دەكرێت، بۆیە پێویستە لە ئاستی ئەو ئەرکە مێژووییەدا بن.
ساڵی ڕابردوو، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاژانسی هەماهەنگیی نێودەوڵەتیی ژاپۆنی (جایكا) لێكتێگەیشتنی پرۆژەی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێریان بەشێوەی مینحە واژوو كرد كە پایتەختی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە، لە ڕووی شارسازی و چەندان سێكتەری گرنگەوە، دەخاتە قۆناغێكی نوێی گەشەسەندنەوە.
هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر، لە پاڵ ڕێكخستنەوەی گەشەی شار، لایەنی ژینگەپارێزی و بەرزكردنەوەی ڕێژەی سەوزایی و چەند بابەتێکی دیکەی گرنگ لەخۆ دەگرێت و بەهەندیان وەردەگرێت.