مەسرور بارزانی: عەنکاوە بووەتە ناوەندێکی گرنگ بۆ پێکەوەژیانی ئایینی و کۆمەڵایەتی و ئاشتەوایی

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە (4ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆکتۆبەری 2021)، سەردانی شارۆچکەی عەنکاوەی کرد و لایەنە پەیوەندیدارەکانی رسپارد کە عەنکاوە بکرێت بە قەزا.

سەرۆکی حکومەت لە گوتەیەکدا رایگەیاند، عەنکاوە بووەتە ناوەندێکی گرنگ بۆ پێکەوەژیانی ئایینی و کۆمەڵایەتی و شوێنی ئاشتەوایی، هەروەها بووەتە ناوەندێک، کە زۆر لەو خوشک و برا کریستیانانەی، کە لە ناوچە و شوێنەکانی دیکەی عێراق، لەبەر هەر هۆکارێک، نەیتوانیوە لەوێ بمێننەوە و روویان کردووەتە عەنکاوە و لێرە نیشتەجێبوون.

له‌ میانه‌ی سه‌ردانكه‌ی بۆ شارۆچكه‌ی عه‌نكاوه‌، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، نەخۆشخانەی مەریەمانەی لە عەنکاوە بەسەر کردەوە، کە نەخۆشخانەیەکی کەرتی تایبەتە و لەلایەن کەنیسەی کاسۆلیکی کلدانی لە ساڵی 2020ەوە بە هاوکاری چەند هاوبەشێکی نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە دروستکراوە.

سەرۆکی حکومەت هەروەها گوتی: “شارۆچکەی عەنکاوە، یەکێکە لەو شارۆچکانەی کە رۆژ بە رۆژ، پێشڤەچوونێکی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت و گەورەتر دەبێت،  بۆیه‌ هاتووین پێتان رابگەیەنم کە جەنابی وەزیر و جەنابی پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر رادەسپێرین، بۆ ئەوەی ناحیەی عەنکاوە بکرێت بە قەزا، تا بتوانرێ خزمەتێکی زیاتری دانیشتووانەکەی بکرێت.

گوتیشی: “هیوادارم هەمووتان سەرکەوتووبن، ئەوەی لە دەستی ئێمەش بێت یارمەتیتان دەدەین، بەڵام ئەمە بێگومان بەرپرسیاریەتی زیاتریش دەخاتە ئەستۆی بەرپرسانی ئەم قەزایە، کە دەبێ لە هەموو ڕوويێکەوە هەوڵی ئەوە بدەن، کە خزمەتی دانیشتووانی ئەم قەزایە و هەولێر و کوردستان بە گشتی بکەن”.

ھەواڵی زیاتر