دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

چەند سەرنجێک لە (ڕۆژی زمانی دایک) دا

ئارام کۆشکی

یەکێک لەو پرسیارانەی پێویستە لە خۆمانی بکەین ئەوەیە ئایا دوای ئەو لێشاوەی بەجیهانیوون و تێکەڵبوونی کولتوورەکان و ئەو لێشاوە ترسناکەی سۆشیالمیدیا کە کاریگەریی ڕاستەخۆی لەسەر زمانەکان هەیە، دۆخی زمانی کوردی لە کوێدایە؟ ئایا زمانی کوردی گەشەی کردووە، یان بەرەو پوکانەوە دەڕوات؟
ئەگەر بە سەرنجەوە سەیری کتێبخانەی کوردی بکەین و سەرنج بخەینە سەر ئەو ژمارە زۆر و بێشومارەی کتێبی چاپکراو و بڵاوکراوەی جۆراوجۆر و بەراوردێک لە ڕووی چۆنێتی و چەندێتی بە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بکەین، هەست بە گەشەیەکی بەرچاوی زمانی کوردی دەکەین. گەشەیەک کە سروشتییە و هەموو زمانێکی زیندوو پێیدا دەڕوات. بەڵام ئەگەر سەرنجی تابلۆ و ناوی شوێنەی بازرگانییەکان و ناوی خوێندنگە تایبەت و نموونەییەکان بدەین هەست بە پاشەکشەیەکی تەواوەتی زمانی کوردی دەکەین و لێشاوێک ناو و چەمکی خۆرئاوایی و بیانی ڕووی لە هەموو جێگەیەک کردووە و خەریکە بەشێک لەو پانتاییەی زمانی کوردی تێیدا لە گەشەدا بووە داگیری دەکەن. ئەمە ئەگەر تەنها بە ڕووکەش و لە دەرەوە و دوور لە چاوێک کە ناوەوەی ئەم دامەزراوە پەروەردەییانە بخوێنێتەوە تەنها بەناوی خوێندنگەکاندا هەست بە (لەبیربردنەوەی زمان)ی کوردی دەکەین.
دەشێ بپرسین “لەبیربردنەوەی زمان” چییە؟ کاتێک ناوی خوێندنگەیەک، یان جێگەیەکی بازرگانی بە زمانێکی بیانی دەنووسرێت، ئەمە جۆرێکە لە “لەبیربردنەوەی زمان” کاتێک خوێنەرێک بەر ئەم ناوە بیانییە دەکەوێت و لەوکاتانەدا خوێنەرەکە بیر لە زمانەکەی خۆی ناکاتەوە، تەنها وشەیەک یان دەستەواژەیەکی بیانی لە خەیاڵیدایە و بیر لەو زمانەی دیکە دەکەینەوە. بیرکردنەوە لە زمان بیرکردنەوەیە لە شوناس و لەبیرنەچوونەوەی خۆت و ڕەسەنیەتتە. کاتێک لێشاوێک خوێندنگەی نموونەیی و تایبەت بە هەموو پرۆژگرامێکی هاوردەکراوەوە و بە زمانیکی هاوردەکراوەوە لە شارەکانی کوردستاندا دەکرێتەوە و بە پلەی یەکەمیش زمانی دایکی لەبیر فێرخوازەکان دەبرێتەوە. دەشێ بپرسیت ئایا بیر لەوە نەکراوەتەوە “زمانی دایکی” فێرخوازەکان فەرامۆش نەکرێت؟
بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە ئاسان نییە، بەڵام بە وردبوونەوە بۆمان دەردەکەوێت کە زمانی دایکیمان وەکو چۆن لە شوێنە بازرگانی و ناوی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون فەرامۆش کراوە ئاوهاش لە پرۆگرامەکانی ئەم خوێندگانەدا فەرامۆش کراوە و لەبیری فێرخوازان براوەتەوە.
بۆ ڕوونکردنەوە زیاتر مەبەستم نموونەیەک دەهێنمەوە لە دوو ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی چەندین فێرخوازبوومەوە، کە لە خوێندنگە نموونەیی و تایبەتەکان فێرخوازن، بەڵام بەشی هەرە زۆریان (ناڵێم هەموویان) زمانی دایکی خۆیان نازانن، یان زۆر بە خراپی توانای قسەکردنیان هەیە پێی. ئەوەی زۆر نیگەرانی کردم ئەوە بوو جارێک باوکێک بە کوردی لەگەڵ کوڕە 12 ساڵانەکەی قسەی دەکرد کوڕەکەی نەیدەتوانی وەڵای باوکی بە کوردی بداتەوە و بەشێک لە وەڵامەکانی بە ئینگلیزی دەربڕی.
ئەمەی سەرەوە نموونەیەکی سادەیە، بەڵام تەنها نموونەیەک نییە، بەڵکو دەیان و سەدان نموونەی لەم شێوەیە هەیە. بۆیە ئەگەر لە خەمی زمانەکەمانداین، سەرەتا دەبێت زمانی کوردی زمانی بنچینەییمان بێت، چونکە سەدان هۆکاری جۆراوجۆر هەیە بۆ لەبیربردنەوەی زمانەکەمان و بچووککردنەوەی و سڕینەوە. بۆیە بەرلەوەی هەر زمانێکی دیکە فێربین زمانی دایکی مەرجی سەرەکی ناسنامەی ئێمەی کوردە.
سەبارەت بە یادی رۆژی “زمانی دایک”یش ئەم ڕۆژە، ڕۆژی 21 شوباتی هەموو ساڵێک وەکو ڕۆژی جیهانی “زمانی دایک”ە، کە لە لایەن رێکخراوی یۆنسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکانەوە دیاریکراوە. ئەم ڕێكخراوە لە کۆنگرەیەکییدا لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی 1999، ئەم ڕۆژەی وەکو ڕۆژی جیهانی زمانی دایک دیاری کردووە. لە ساڵی 2000 بۆ یەکەمجار ئەم ڕۆژە مێژوویی و جیهانییە یادی كرایەوە. یۆنسکۆ هۆکاری هەڵبژاردنی رۆژێکی جیهانی بۆ “زمانی دایک”ی گەڕاندەوە بۆ هاوكاریكردنی فرەچەشنی و فرەڕەنگی زمان و کولتوورەكان.