ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
پۆستەرە ئینگلیزییەکەی بەڵگەفیلمی “دەروازەی خەونەكان” لە دەرهێنانی “نگین ئەحمەدی” و لە بەرهەمهێنانی “ئیلاهە نەوبەخت” هاوكات لەگەڵ بەشداری لە بەشی ركابەریی “نەوەكان”ـی حەفتاوسێهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “بەرلین” لە وڵاتی ئەڵمانیا پەردەی لەسەر لا درا.
بەڵگەفیلمی “دەروازەی خەونەكان” لە دەرهێنانی سینەماكاری كورد “نگین ئەحمەدی” و لە بەرهەمهێنانی خاتوو “ئیلاهە نەوبەخت” لە یەكەمین نمایشی جیهانی خۆیدا لە بەشی پێشبڕكێی “نەوەكان” Generations لە حەفتاوسێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “بەرلینالە” Berlinale لە وڵاتی ئەڵمانیا نمایش دەكرێت و بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی ئەم بەشە، لەگەڵ بەرهەمی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان ڕكابەری دەكات.
پۆستەرە ئینگلیزییەکەی “دەروازەی خەونەكان” بە وێنەیەك لە كچانی كورد نیشان دەدات لە خەبات دژی تاقمە تیرۆریستیەکەی داعش؛ لە لایەن “ئیحسان بەرئابادی” بۆ بەرلین دیزاین و داڕشتنی بۆ كراوە.
ئەم فیلمە كە بەرهەمهێنانەكەی زیاتر لە شەش ساڵی كات خایاندووە، چیرۆكی كچێكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بۆ بینەر دەگێڕێتەوە كە لە رێگەی كامێڕاكەیەوە بە دوای بەشێك لە شوناسی خۆیدا دەگەڕێت.
ئەمە سێیەمین ئامادەبوونی “ئیلاهە نەوبەخت” وەكو بەرهەمهێنەر لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “بەرلین” دێتە ئەژمار؛ ساڵی پاریش ئەو بە بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی “ڕۆژی سێو” لە “بەرلین” ئامادە بوو.
ستافی ئامادەكردنی بەڵگەفیلمی سینەمایی “دەروازەی خەونەكان” بریتین لە: دەرهێنەر: نگین ئەحمەدی، بەرهەمهێنەر: ئیلاهە نەوبەخت، وێنەگر: نگین ئەحمەدی، مۆنتاژ: لوقمان سوخەنوەر، نووسەران: نگین ئەحمەدی، فەرزانە فەتحی، مۆسیقا: حوسێن میرزاقولی، دەنگهەڵگر: بەهنیا یوسفی، چاككردنی ڕەنگ و لابراتوار.
حەفتا و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “بەرلین” بە بەرپرسیارەتیی خاتوو “ماریتێ ریسێنبێك” لە ڕۆژانی 16 تا 26ـی فێبرایەری 2023 لە شاری بەرلین لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوە دەچێت