دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

هەولێر.. سیمیناری کاریگەرییەکانی بوومەلەرزە لەسەر باڵەخانەكان و چۆنیەتی كۆنتڕوڵكردنی بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ دووشەممە 20/2/2023 بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن و  ژمارەیەكی تر لە بەڕێوەبەران و نوێنەر و سەرۆكی فەرمانگە پەیوەندیدارەكان لە شاری هەولێر سیمیناری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر سەبارەت بە كاریگەرییەكانی بوومەلەرزە لەسەر باڵەخانەكان و چۆنیەتی كۆنترۆڵكردنی لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.
سیمینارەكە لەلایەن بەشی پلان و بەدواداچوونی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر ڕێكخرا،  بەهمەن عومەر تەها و عیسامەددین محەمەد، مامۆستایانی زانكۆ باسیان لە کاریگەرییەکانی بوومەلەرزە لەسەر باڵەخانەكان و چۆنیەتی كۆنتڕۆڵكردنی لە ھەرێمی كوردستان کرد، وێڕای ئەوەش گفتوگۆ و سەرنجی زانستی لەنێوان ئامادەبووان و مامۆستایانی پێشكەشكار ئاڵوگۆڕ کرا بە تایبەتی تیشک خرایە سەر یاسا و ڕێنماییەکانی مۆڵەتدان بۆ دروستکردنی باڵەخانە، لەگەڵ چێككردنی باڵەخانەكان لە دوای هەر بوومەلەرزەیەك و ڕۆڵی دیزاین و بەكارهێنانی ماددە و كەرەستە بیناسازییەكان لە ڕووبەڕووبوونەوە و كەمكردنەوەی زیانەكانی بوومەلەرزەدا. 
ئەم سیمینارەی ئەمڕۆ دووشەممە دوای ئەوە دێت كە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو 16/2/2023 بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە چوارچێوەی پلانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گرنگیپێدان بە ڕێساكانی بیناسازی و ئاشناكردنی ئەندازیاریان و دامودەزگە پەیوەندارەكان بە كۆدەكانی بیناسازی لە هەرێمی كوردستان سیمینارێكی دیكەی تایبەت بە خستنەڕووی كۆدەكانی بیناسازی لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.