د. ڤیان سلێمان
زمان وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و پێویستییەکی ژیانی بە هەر دوو جۆری گوتن و نووسین هەروەها زمانی ئاماژە، بۆ ژیانی مرۆڤ و نەتەوە و گەلان گرنگی لەڕادەبەدەری هەیە. زمان دەربڕی هزر و ڕوانگەی مرۆڤ و ئامرازی پەیوەندیکردن و گواستنەوەی زانیاری و کۆمەڵایەتیبوونە؛ هاوکات ڕۆڵێکی بنچینەیی لە دیاریکردنی ناسنامەی نەتەوەیی دەبینێت و وەک ڕۆحی نەتەوە دەناسرێت، هەروەها وەک یەکێک لە ئامرازەکانی دابەشکردنی ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و هەژموون و کۆنترۆڵکردن دادەنرێت.
توندوتیژی زارەکی پێچەوانەی نەرمی و نیانی و میهرەبانییە، توندوتیژی، ئازار گەیاندنە بە ئەوی تر جا لە ڕێگەی زمان و وشەوە بێت واتە ئازاری دەروونی یان دەست و ڕەفتار کە جەستەیییە. هەموو توندوتیژییەک سەرەتا لە زمانەوە دەست پێ دەکات دواتر دەبێت بە کردار، هەموو ململانێیەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ناکۆکییەک هەر سەرەتا لە زمانەوە دەست پێ دەکات. دووانەی زمان و هزر، یا خود هۆش و دەربڕینی مرۆڤ، بەیەکەوە پەیوەستن وسەرچاوەی یەکترن.
سروشتی پەیوەندی نایەکسان لەڕووی دەسەڵات و هێز لە نێوان ئافرەت و پیاو هەمیشە و بە شێوەیەکی بەردەوام ئەو دوو ڕەگەزەی بۆ دوو لایەنی هاوکێشەی پەیوەندی مرۆڤ و مرۆڤ دابەش کردووە، بەو پێیەش توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت یەکێکە لە دیاردە دێرین و بەربڵاوەکان لە تەواوی قۆناخەکانی ژیانی مرۆڤایەتی لە دوای کۆمەڵە سەرەتایییەکان و لە زۆرینەی ناوچەکانی جیهان بوونی هەیە. هەر بۆیە هەمیشە ڕەگەزی پیاو بووە کە نوێنەرایەتی بەهاکانی کۆمەڵی کردووە و زمانیش لە خزمەت بەهاکانی دەسەڵات و هەژموونی پیاو بووە.
لە کۆمەڵگەکەماندا دەیان دەستەواژە و گوتەی زمان و ئاخاوتنی ڕۆژانەمان هەیە کە هاوکات وەک سەرچاوەن بۆ ڕەفتاری کۆمەڵایەتی تاکەکانی کۆمەڵگە ڕەوایی بە لە پێشینەیی و هەژموون و دەسەڵاتی پیاو دەدەن و لە بەرژەوەندی دەسەڵاتی پیاودان بەو پێیەی لە ڕێگەی دەستەواژەی زارەکی و نووسراوەوە ڕەوایەتی کۆمەڵایەتی وەردەگرن و لە ڕوانین بۆ ئافرەت ڕەنگ دەدەنەوە. ئێمە ناتوانین نکۆڵی لە کاریگەری ئەو پەند و بەندە باوانەی کە تایبەتمەندییەکانی لاوازی و شەرمنی دەدەنە پاڵ ئافرەت و تایبەتمەندی ئازایی و بەهێزی و چاکەخوازی دەدەنە پیاو، بکەین. ئەو دەستەواژە و گوتە زمانییانەی کە تایبەتمەندی لە شێوەی سووکایەتی دەدەنە پاڵ ئەو پیاوانەی لەگەڵ هاوژینەکانیان نەرم و میهرەبانن، یان ئەوانەی ئازادی لە هاوژینەکانیان زەوت ناکەن. هەروەها وشە و زاراوەی جیاجیا دەدەنە پاڵ ئەو ئافرەتانەی کار و پیشەیەک هەڵدەبژێرن کە نەریتی باوی کۆمەڵگە وەک کار و بوارێکی پیاوانە دەیبینێت.
توندوتیژی زمانی دژ بە ئافرەت تەنیا لەو دەستەواژە و دەربڕینە کۆمەڵایەتی و پەندانە خۆی نابینێتەوە، بەڵکوو ئەم جۆرە لە توندوتیژی کە وەک توندوتیژی ڕەمزی پێناسە کراوە، لە زۆر بوار و فەزای دیکەشدا خۆی دەنوێنێت، لە سۆشیاڵ میدیا و ڕاگەیاندن و لە گوتاری ئایینی و خێزان بوونی هەیە و هەموو ئەوانەش فاکتەری سەرەکین بۆ بەرهەمهێنانی توندوتیژی و ڕوانینی نایەکسان بۆ ئافرەت.
لە دیدی فێمینیستیدا، کە فێمینیزم، بزووتنەوەیەکە خوازیاری یەکسانییە بۆ ئافرەت و پیاو لە بوارەکانی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسیی و نەهێشتنی هەر جۆرە جیاکارییەک لە بەرامبەریان لە هەر بوارێکدا؛ زمانی نوێ بریتییە لە زمانێک کە لە توخم و ڕەگەزەکانی پیاوسالاری پاک کرابێتەوە و ئافرەتانیش وەکوو پیاوان بەشی خۆیان لە زماندا هەبێت و زمان نوێنەرایەتی ئەوانیش بکات.
لەو چوارچێوەیەدا هەموو ئەو وشە و دەستەواژانەی بەرهەمی دیاردە نەریتی و پیاوسالارییەکان و هەڵگری ئاماژەکانی نزم ڕوانین لە ئافرەتن بە وشە و دەستەواژەی سەردەمی و نوێ، ئاڵوگۆڕ پێ بکرێن، ئەگەرچی وەک دەڵێن زمان ڕەنگدانەوەی فەرهەنگ و ڕۆشنبیرییە و ئاستی زمان هەمان ئاستی ڕۆشنبیرییە، بەڵام گۆڕینی زمان کاریگەری گەورەی لەسەر گۆڕانکاری بیری مرۆڤ هەیە. نابێت کۆڵ بدەین و پێویستە کۆشانمان بۆ باوکردنی ئەو وشە و دەستەواژانە بن کە هەڵگری مانای یەکسانی و بەرزی مرۆڤایەتی بن و لە ڕەگەزاندنی وشەکان دوور بکەوینەوە، لە کاتێکدا دەبێت هەوڵ بدەین بۆ گۆڕان لە دیدی کۆمەڵایەتی بۆ ماف و ئازادی ئافرەت بە هەمان ئاست هەوڵ بدەین زمانەکەمان لە دەستەواژە و ڕەگەزەکانی پیاوسالاری بەتاڵ بکەینەوە. بە تایبەتی لە کاتێکدا ئامارەکانی توندوتیژی بەردەوام لە بەرزبوونەوەدان و لە زۆرینەی خێزانەکان توندوتیژی بوونی هەیە، ئەگەر جەستەییش کەمتر بێت، ئەوا توندوتیژی زارەکی و دەروونی ژیان و کۆمەڵگەکەمانی تەنیوە.