سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

نێچيرڤان بارزانى: كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ده‌يه‌وێت هاوكاريى هه‌ولێر و به‌غدا بكات بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان

پاشنيوه‌ڕۆى دوێنێ یەکشەممە‌ 2023/2/19 دواى كۆتاييهاتنى كارنامه‌ و به‌شداريى به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ كۆنفرانسى ئاسايشى ميونشن، له‌ لێدوانێكى ڕۆژنامه‌وانيدا باسى له‌ به‌شدارى و ديدار و كۆبوونه‌وه‌كانى كرد.

سه‌ره‌تا گوتى: “بە شێوەیەكی گشتی ئەم جۆرە كۆنفرانسانە چ لە ميونشن چ لە داڤۆس، چ ئەوانەی دیكە، دەرفەتێكە بۆ هەرێمی كوردستان كە بتوانێت بیر و بۆچوونی بە شێوەیەكی ئاسایی بێ پرۆتۆكۆلی زۆر، بگەیەنێتە هاوبەشەكانی خۆی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. ئەم دیدارانە گرنگن بۆ ئەوەی ئەوان ئاگاداری بۆچوونەكانی هەرێمی كوردستان بن، هەرێمی كوردستانیش ئاگاداری بۆچوونی نێودەوڵەتی بێت. لەم كۆنفرانسەدا ئێمە كۆمەڵێك دیدارمان ئەنجام دا، دیدارەكان زیاتر پەیوەندیی بە دۆخی ئێمەوە هەیە و زیاتر بۆ تیشك خستەسەر پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ بەغدا بوو كە تەوەرێكی سەرەكی بوو لە هەموو كۆبوونەوەكان. كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی گشتی دەیەوێت یارمەتیدەر بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، چونكە ئەوان لەو باوەڕەدان، دروستیش هەر وایە، زۆر گرنگە لە ڕووی سیاسییەوە سەقامگیری لە وڵاتدا هەبێت و بە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا ئەو سەقامگیرییە سیاسییە لە عێراق بە شێوەیەكی باشتر جێبەجێ دەبێت كە ئەمە دروستە و ئێمەش بۆ هەموو هاوبەشانمان دووپاتمان كردەوە كە هەرێمی كوردستان پشتگیری لە بەڕێز سەرۆك وەزیران و حكوومەتی نوێی عێراق دەكات و هەرێمی كوردستان دەیەوێت كێشەكانی خۆی بەپێی دەستووری عێراق لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات، هیوادارین بەغداش هەمان بۆچوونی هەبێت و هەوڵێكی جددی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بدات.”

“تەوەری دیكەی كۆبوونەوەكان، داكۆكييه‌ لەسەر پرسی شەڕی ئۆكراینا و ڕووسیا. هەر لەم چوارچێوەیەشدا بابەتی وزە بابەتێكی گرنگە بۆ ئەو وڵاتانە و بێگومان عێراق بە شێوەیەكی گشتی هەرێمی كوردستانیش لە چوارچێوەی عێراقدا ئه‌گه‌ر ڕوانگه‌يه‌كى ڕێكوپێك و بۆچوونێكی دروستى لە عێراق هەبێت، دەتوانێت یارمەتییەكی گەورە بدات لەم ڕوویەوە. ئەمەش تەوەرێكی دیكە بوو كە ئێمە لە كۆبوونەوەكانی خۆمان باسمان كرد. هەروەها باسم كرد ئەم كۆبوونەوانە دەرفەتن بۆ ئەوەی لە نزیكەوە بە ماوەیەكی كورت ئەم شاندانە ببینین و قسەیان لەگەڵدا بكرێت. بێگومان ئەوەی هەست دەكەم هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی جێگەیەكی تایبەتی هەیە لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، تا ئێستاش بابەتی تیرۆر و هەڕەشەی داعش بە هەڕەشەیەكی جددی دەزانن، ئەمەش بە هەمان شێوە بۆچوونی ئێمەشە كە لەو باوەڕەدا نین داعش كۆتایی هاتووە، بەڵكو ئێستاش دەتوانێت هەڕەشەیەكی جددی بێت بۆ ئەوەی سەقامگیریی عێراق تێك بدات، ئەمەش یەكێك لەو تەوەرانە بوو كە لە كۆبوونەوەكانماندا باسمان كرد. بێگومان پرسیاری دیكەشیان و هاندانی هەموو ئەو شاندانەی كە بینیمان ئەوەیە كە كورد پێویستە یەكڕیز بێت و كێشەكانیان لە ناوخۆیاندا چارەسەر بكەن بۆ ئەوەی بتوانن كوتلەیەكی بەهێز بن بۆ چارەسەركردنی هەموو ئەو كێشانەی كە لەگەڵ بەغدا هەیانە. ئێمەش جه‌ختمان لەوە كردەوە كە ڕاستە كێشە هەیە و نكۆڵی لێ ناكرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كێشەكان ئەوەندە گەورە نین كە نەتوانین چارەسەریان بكەین. ئەوە پوختەیەكی كورتی دیدارەكانمان بوو.”

دواتر لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەواناندا سەبارەت بە پێگە و ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لە بوارەكانی ئاسایش و وزە و چارەسەركردنی كێشەكاندا، بەڕێزیان ڕایگەیاند: “پرسی ئاسایش و تیرۆر، پرسێكی هاوبەشی هەموو لایەكمانە، هەڕەشەی تیرۆر لە عێراق و هەرێمی كوردستان و وڵاتانی ڕۆژئاواش هەیە. بێگومان ئێمە ئەزموونێكی زۆرمان لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمەریكا هەیە و لەم كۆبوونەوانەدا چ لەگەڵ ئەمەریكییەكان و چ لەگەڵ ئەورووپییەكاندا، سوپاسمان كرد و سوپاسی پشتگیری و پشتیوانیی بەردەوامی ئەو وڵاتانەمان كرد كە یارمەتيی ئێمەیان داوە لە پرس و هەڕەشەی تیرۆر هەم لەسەر عێراق و هەم لەسەر وڵاتانی ڕۆژئاوا. ئەوەی هەستمان پێكرد ئەوانیش تێدەگەن كە ئەم پرسە كۆتایی نەهاتووە و ئامادەیيی خۆمان دەربڕی بۆ ئەوەی بەردەوام بین لە هاوكاری لەگەڵ یەكتر و بۆمان ڕوون كردنەوە كە لە ساڵی 2014ەوە پێشمەرگە چ ڕۆڵێكی بینیوە، هێزە ئەمنییەكانمان چ ڕۆڵێكيان بینیوە، گەلی ئێمە چ ڕۆڵێكی بینیوە بۆ تێكشكاندنی تیرۆر. بێگومان هەرێمی كوردستان لەسەر ئەو سیاسەتە بەردەوام دەبێت.”

دەربارەی دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان و كۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و چارەسەركردنی كێشەكان، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی گوتی: “زۆر بەداخەوە دەبوایە ساڵی ڕابردوو هەڵبژاردن بكەین، بەڵام لەبەر كۆمەڵێك هۆكار تا ئێستا نەكراوە. هیوادارین ئەمساڵ بێگومان هەڵبژاردن بكرێت. سیاسەتی سەرۆكایەتیی هەرێم ئەوەیە كە دوای گەڕانەوە لە ميونشن دەست بە هەندێك دیدار لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكەین و بابەتی هەڵبژاردن سەرەكی دەبێت هەم لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و هەم لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكە. دواى ئەوە ئێمە پابەندین بە هەندێك كات و وادەوه‌ كە من وەك سەرۆكی هەرێم دەبێت وادەیەك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەستنیشان بكەم، دەبێت هەڵبژاردن بكرێت، زۆر بەداخەوە كە نەكراوە، ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن هەموو پرۆسەی سیاسی و شەرعییەتی هەرێمی كوردستان دەخاتە ژێر پرسیارەوە. لەبەر ئەوە هیوادارم هەموو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ئەم پرسە بە گرنگ و جددی وەرگرن. بۆ من وەك سەرۆكی هەرێم كە ئەو بەرپرسیارەتییە یاساییەم لەسەر شانە، ئەوەی پێویستە و بەپێی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم، جێبەجێی دەكەم.”

سەبارەت بە كۆبوونەوەی بەڕێزیان لەگەڵ بەڕێز سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ميونشن و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەڕێزیان ئاشكرای كرد: “لەگەڵ بەڕێز سەرۆك وەزیران لێرە كۆبووینەوە و هاوڕا بووین كە پێویستە ئەم پرسانه‌ بە زووترین كات چارەسەر بكرێن. هەفتەی ڕابردوو شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بوون و ئەم پرسە باس كراوە. وەك باسم كرد جددین لەسەر ئەوەی ئەم كێشانە لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكرێن. چارەسەر لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا. هیوادارم چارەسەر بكرێن و ڕێگەی دیكەمان نییە. ئەم حكوومەتە كە پێكهێنراوە لە ئەنجامی هاوبەشیی نێوان كورد و لایەنی شیعە و سوننی دروست بووە و لەسەر بەرنامەیەك ڕێككەوتووین و بە نووسین نووسیومانەتەوە و ئیمزامان كردووە. ئەگەر لایەنەكانی دیكە نایانەوەی پابەندی ئەو ڕێككەوتنە بن، ئەو كات هیچ مانایەك نامێنێت ئێمە وەك كورد لەناو ئەو حكوومەتەدا بمێنین و پێموایە ئەوان ئەوە تێدەگەن. ئەوەی ئێمە داوای دەكەین، ئەو ڕێككەوتنەی كە بە نووسین نووسیومانە و دەستنیشانی نەخشەڕێگەی چارەسەری هەموو ئەو كێشانەی تێدا كراوە، هیوادارین ئەوە جێبەجێ بكرێت. ئەوەی كە جیاوازە، زۆر جار باس لەوە دەكەین ئەو حكوومەته‌ی ئێستا لە عێراق پێكهێنراوە، جاوازییەكەی لەگەڵ حكوومەتەكانی دیكە ئەوەیە كە یەكەم جارە شتێكمان بە نووسین هەیە و لەم نووسینەدا نەخشەڕێگەی چۆنییەتیی چارەسەركردنی كێشەكان دەستنیشان كراوە، بۆیە هەم سەرۆك وەزیران و هەم لایەنی شیعە و هەم لایەنی سوننی و هەم لایەنی كوردیش دەبێت پابەند بن بۆ جێبەجێكردنی ئەم ڕێككەوتنە. بێگومان هێشتا زۆر زووە، ئەمە چوار مانگە بەڕێز سەرۆك وەزیران لە ئۆفیسی خۆیەتی و دەستی بە كار كردووە. گەشنبینین و دەمانەوێت ئەم كێشانە بە ڕێگەی دیالۆگ و لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا چارەسەر بكرێن، ڕێگایەكی دیكەشمان نییە و دەبێت چارەسەر بكرێن.”

دەربارەی وادەی ئەنجامدانی كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتیش، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند: “وەك باسم كرد كێشە لەنێوان پارتی و یەكێتیدا هەیە، بەڵام هەموو ئەو كێشانە ئەوە نییە كە نیگەرانییەكی یەكجار زۆرى بەدوای خۆیدا هێنابێت. نامەوێ كەمی بكەمەوە لەوەی كە كێشە نییە، نامەوێ ئەوە ببینم كە شتەكان هەمووی ڕێكوپێكن، وا نییە، چونكە كێشە هەیە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا گەیشتووینەتە ڕاده‌يه‌ك كە هەڕەشەیەكی زۆر گەورە بێت لەسەر هەرێمی كوردستان؟ پێموایە نەخێر. ئەوەی كە گرنگە دەبێت هەرێمی كوردستان بە هەموو پێكهاتە و هێزە سیاسییەكانییەوە بزانن كە بەیەكەوە دەتوانین كار بكەین و گەر بەیەكەوە نەبین ناتوانین هیچ شتێك بۆ هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكەین. دەبێت هەموو هێزە سیاسییەكان ئەمە بزانن، دەبێت یەكتری قبووڵ بكەین. ڕاستە جیاوازیمان هەیە و حزبى جیاوازمان هەیە، بەڵام لە ئەنجامدا وڵاتێكمان هەیە، ئەم وڵاتە و ئەم میللەتە دەمێننەوە. پێویستە هێزە سیاسییەكان لە چوارچێوەی بەرژه‌وەندیی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستاندا بڕیار بدەن و دەبێت بەرژه‌وەندیی هاووڵاتیان و هەرێمی كوردستان لە سەرووی هەموو شتێكەوە بێت. پێویست بوو كۆبوونەوە پێشتر ئەنجام بدرابا و لەو باوەڕەدام لە ماوەیەكی نزیكدا ئەو كۆبوونەوەیەش دەكرێت.”

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و قەتەر و پرۆژەی هاوبەش لە داهاتوودا لەنێوان هەردوولا، بەڕێزیان گوتی: “پەیوەندییەكانمان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، دۆستانە و برایانەن، لەگەڵ وڵاتی قەتەریش هەمان شتە. لێرە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی قەتەر كۆبووینەوە، پێش ئێستاش سەردانی قەتەرمان كردووە و جەنابی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانیش سەردانی قەتەری كردووە. بۆ ئێمە وەك هەرێمی كوردستان پەرەپێدانی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی گرنگیی خۆی هەیە، ئێستا لەگەڵ قەتەر دەگەڕێین تا بزانین چ بوارێكی ئابووری هەیە كە ئەوان بتوانن لە عێراق و هەرێمی كوردستان هاریكاری بكەن، ئەمانە ئەو بابەتانەن كە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی قەتەر و لە دیداری ئێستاشدا باسمان كرد. پەیوەندیی دووقۆڵی نێوانیشمان زۆر باشە و بێگومان بە هاوكاریی بەغدا لە ماوەیەكی نزیكدا كونسوڵخانەی خۆیان لە هەولێر دەكەنەوە، ئەمەش نیشانەی پێشكەوتنی پەیوەندییەكانی دووقۆڵیی هەرێمی كوردستان و قەتەرە.”