سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

نرخی نەوتی برێنت بۆ سەرووی 83 دۆلار بەرزبووەوە

لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە نرخی نەوت بەرزبووەوە. هەروەها ئۆنسەیەک زێڕ لە نێوان 1837 تاوەکو 1842 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.  

نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 58 سەنت بەرزبووەوە و بە 83 دۆلار و 58 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسیش 50 سەنت بەرزبووە و بە 76 دۆلار و 84 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

نرخی نەوت لە کاتێکدا ئەمڕۆ بەرزدەبێتەوە کە هەفتەی رابردوو بەهۆی بەرزبوونەوەی قەبارەی نەوت و بەنزینی کۆگاکراو لە ئەمریکا بە رێژەی 4٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینی بوو.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاندووە کە بە بڕی 26 ملیۆن بەرمیل نەوتی ستراتژیی خۆی لە بازاڕدا دەفرۆشێت.

بانکی ناوەندیی چین رایگەیاندووە کە پاڵپشتی لە کەرتی خانووبەرەی وڵاتەکەی دەکات و بەو هۆیەشەوە گەشبینی دروستبووە کە کەرتی خانووبەرەی ئەو وڵاتە خۆی دووربگرێت لە سستبوونەوە، ئەوەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر بووژانەوەی ئابووریی چین دادەنێت.

تینا تێنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (CMC Market) رایگەیاند، ” پێشبینی دەکرێت خواستی چین بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو لە ساڵی 2023 دا بگاتە بەرزترین ئاستی خۆی.

نرخی هەر ئۆنسە زێڕ لە نزیکەی 1840 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

نرخی زێڕ لە نزمترین ئاستەکانی لە ماوەی 5 هەفتەی رابردووی خۆیدا مامەڵەی پێوەکرا.

بازرگانانی زێڕ چاوەڕێی روونبوونەوەی زیاتری هەڵوێستی بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەکەن سەبارەت بە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ سوودی بانکی لەلایەن بانکەکەوە.

هەر ئۆنسەیەک زێڕ بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە لە نێوان 1837 تاوەکو 1842 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. 

پێشبینی دەکرێت ئەگەر هاتوو نرخی زێڕ بتوانێت هێڵی بەرگریی 1845 دۆلار بشکێنێت، بتوانێت بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوەکانی و تاوەکو نزیکەی 1860 دۆلاریش بەرزبێتەوە. بەپێچەوانەوە ئەگەری دابەزینی نرخی زێڕ بۆ کەمترین ئاستی خۆی 1818 دۆلاریش هەیە کە رۆژی هەینی پێیگەیشت.

ئەم هەفتەیە بەیاننامەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر کۆبوونەوەی ئەم مانگەی بانکەکە بڵاودەبێتەوە.

هەروەها چەندین بەرپرسی بانکەکە بڕیارە رۆژی چوارشەممە گوتاری جیاواز و لێدوان لەو بارەیەوە بدەن کە کاریگەری لەسەر بازاڕی زێڕ دادەنێت.

تائێستا بەپرسانی بانکی ناوەندەیی ئەمریکا تۆنی دەنگیان بەرەو ئەو ئاراستەیە کە دەبێت بەردەوام بن لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بەمەبەستی کۆنترۆڵ کردنی هەڵاوسان.

رۆژی چوارشەممەی داهاتوو 22-2-2023 ، راڵف بۆستیک، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە ئاتلانتا و لۆرێتا ماستەر، سەرۆکی بانکەکە لە کلیڤلاند وتاریان دەبێت. هەروەها بەیاننامەی بانکەکە بڕیارە رۆژی چوارشەممە بڵاوببێتەوە.