شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

پارێزگاری هەولێر بەشداری لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیان و لاوان کرد

ئەمڕۆ یەکشەممە 2023.2.19، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە یاوەرى هەریەک لە هێمن قادر، جێگرى پارێزگار و ئەکرەم ئەحمەد، یاریدەدەرى پارێزگار، بە مەبەستی پیرۆزکردن بە بۆنەى (70)هەمین ساڵەى دامەزراندنیان، سەردانى یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی قوتابیانی کوردستانى کرد.

پارێزگاری هەولێر، وێڕای پیرۆزبایی بەبۆنەى (70)هەمین ساڵەى دامەزراندنى هەردوو ڕێکخراو، ئومێدی خواست، قوتابیان و لاوانى دیموکراتى کوردستان هەروەک چۆن بەدرێژایی مێژوو لە هەموو قۆناغەکانى خەباتى گەلەکەمان ڕۆڵى دیار و بەرچاوویان هەبووە و وەک دوو ڕێکخراو هەمیشە شوێنى پێگەیاندن و پەروەردەى کوردایەتى و نیشتیمان پەروەرى بوونە، بەهەمان شێوە ڕۆڵى کار و زیاتریان هەبێت لە پێناو گەشەسەندنى زانست و پێشخستنى وڵات و بەگوروتینى زیاترەوە بەشداربن لە بەرەوپێشبردن و خزمەتکردنى کوردستان، ئێمەش وەکو پارێزگاى هەولێر بەهەموو شێوەیەک پاڵپشت و هاوکارتانین.

جێگەی باسە، یەکێتیی قوتابیانی کوردستان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان لە 18ی شوباتی 1953، (70) ساڵ بەر لەئەمڕۆ له ڕۆژگارێکی سەخت و دژواردا له مێژووی خەبات و تێکۆشینی گەلەکەمان وەکو پێویستیەک و زەرورەتێکی مێژوویی لەسەر پێشنیاری بارزانی نەمر دامەزرا.