کەمپینەکانی کۆکردنەوەی ھاوکاری بۆ زیان لێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان لە خانەقین تا زاخۆ بەردەوامە و بە درێژاییی دوێنێ تا شەوی ڕابردوو دەیان بارهەڵگر خۆراک و پێداویستیی ناوماڵ ڕەوانەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان کراون.
دوێنێ لە پارێزگای ھەولێر و ھەردوو ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و سۆران و سنووری دھۆک، دەیان بارهەڵگر ھاوکاری و پێداویستی ڕەوانەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان کراون و بڕیارە تا ڕۆژی شەممە ڕەوانەکردنی ھاوکارییەکان بەردەوام بن.
شەوی ڕابردوو لەسەر فەرمانی پارێزگاری دھۆک 600 سۆپەی دار ڕەوانەی ناوچە زیان لێکەوتووەکان کران و لە خانەقین و کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانیش کەمپین بۆ ھاوکاریی خەڵکی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان کراونەتەوە.
ڕێبوار کەلاری، بەرپرسی کەمپنی ڕێکخراوەکانی لاوان و قوتابییان و ئافرەتان ئاشکرای کرد: ”لە سنووری گەرمیان و خانەقین و کەرکووک و ھەموو ناوچە کوردستانییەکان کەمپین بۆ کۆکردنەوەی ھاوکاری کرابووەوە و خەڵکی بەشدارییان کردووە، کە بڕێکی زۆری کەلوپەل و خۆراک و پێداویستیی ناوماڵ کۆ کراوەتەوە و لەگەل گوژمەیەک پارە.
بەبێ جیاوازیی ئایینی و نەتەوەیی و مەزھەبی لە ھەرێمی کوردستان ھاوکاری بۆ باکوور و ڕۆژئاوا کۆ کراوەتەوە، پێکھاتەکانی کریستیان و تورکمان و کوردانی ئێزدی و کاکەیی بەشدار بوون و تەنانەت ھێزەکانی پێشمەرگە دوێنێ لەو بەشەخۆراکەی بۆیان دابین کراوە بەشێکیان ناردووە بۆ باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان.