حکوومەتی هەرێمی کوردستان یەکەم لایەن بوو هەر لە دوای ڕووداوی بوومەلەرزەکەی شەشی شوبات، ئامادەیی خۆی بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە دەربڕی و چەندین تیمی جیاواز و کۆمەڵێک کاروانی هاوکاریی مرۆیی ڕەوانە کرد. تیمەکان، لە ژێر چاودێری و سەرپەرشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ لە ئەرک دان و توانیویانە ڕۆڵی زۆر باش بگێڕن. بەڕێوەبەری ناوەندەکە باس لە سەرکەوتوویی ئەرکەکانیان دەکات و دەڵێ: تا ئەو کاتەی پێویست بکات لە پێشکەشکردنی یارمەتی و بەهاناوەچوونی مرۆیی بەردەوام دەبن.
مەریوان حەسەن مستەفا بەڕێوەبەر لە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ JCC، باسی لەوە کرد کە لە بەرەبەیانی ڕۆژی ڕوودانی بوومەلەرزەکە، وەک ناوەندی هاوبەشی قەیرانەکان لەگەڵ تیمەکانی دیکەی حکوومەت وەزارەتی تەندروستی، مانگی سووری عێراقی و دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاتنە سەر هێڵ و دەستیان بە ئامادەکاری و پلان کرد بۆ ئەوەی تیمەکانمان کۆ بکەنەوە و بە هانای ئەو خەڵکە لێقەوماوە بچن.
ئەو دەڵێت: ئێمە لەسەر چەند ئاستێکی جیاواز بەشداری ئەو پرۆسەیەمان کردووە. تیمەکانی JCC کە بەشێکە لە کۆی تیمەکانی وەزارەتی ناوخۆ، بە کۆمەڵێک کادیری شارەزای ڕزگارکردن لە بەهاناوەچوونی خەڵکی لێقەوماو بەشدارن؛ هاوکات کۆمەڵێک ئۆتۆمبێلمان ناردووە کە تایبەتین و سەرجەم کەلوپەل و پێداویستییەکانیان تێدایە بۆ ئەوەی لە کاتی ڕدوودانی قەیران و کارەساتدا بەهانای خەڵکەوە بچین.
وەک زیاتر خستیە ڕوو، لە ساتی گەیشتنیان بە تورکیا تا ئەم کاتە، لەگەڵ تیمەکانی ئافادی تورکیا لەسەرهێڵن و بە هاوبەشی کارەکان دەکەن. ئەرک و ڕۆڵەکانی خۆیان جێبەجێ دەکەن و هەوڵی ڕزگارکردنی ئەوانە دەدەن کە هێشتا لە ژیاندان و ئەوانەش کە مردوون، تەرمەکانیان لە ژێر دار و پەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکان دەردەهێنن.
پێویستە بگوترێ، JCC لە ساڵی ٢٠١٤ بە فەرمی دامەزرا و لە ساڵی ٢٠١٥ دستی بە کارەکانی کرد. ناوەندەکە تایبەتە بە بەهاناوەچوونی مرۆیی و هەماهەنگی دەکات لەگەڵ دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێکخراوە ناوخۆییەکان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ئاژانسەکانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و نێردەی وڵاتان کە لە بواری مرۆییدا کار دەکەن و چالاکییان لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەیە.
لەبارەی گەیاندنی یارمەتی بە سووریا و خۆرئاوای کوردستان هاوشێوەی باکوری کوردستان و تورکیا، مەریوان حەسەن مستەفا، ڕوونی کردەوە کە لەسەرەتای بەڕێکردنی تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی و مانگی سووری عێراقی لە سنووری ئیبراهیم خەلیل، بەر لەوەی کە بۆ خاکی تورکیا بپەڕنەوە، وەزیری ناوخۆ لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕایگەیاندبوو، ئەگەر حکوومەتی سووریا یان ئەو هێزانەی لەو دیوی سنوور دەسەڵاتدارن، ڕێگەیان پێ بدات ئەوا بە هەمان شێوە و چۆن یارمەتی ڕەوانەی تورکیا دەکەن ئەوا بۆ ئەوانیش دەیکەن. بەڵام بە داخەوە، ئەو ڕەزامەندییە دەستەبەر نەبووە.
ئەو باسی لەوە کرد کە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا دەزگای خێرخوازی بارزانی هەموو هەوڵێکی دا تا لە سنووری عێراق و هەرێمی کورستانەوە بچێتە ناو خاکی سووریا و خۆرهەڵاتی کوردستان، بەڵام ڕێگەیان پێ نەدرا و بۆیە بە ناچار لە سنووری تورکیاوە توانیان بچنە خاکی سووریا و خۆرئاوای کوردستان و لەوێ بە هانای ئەو خەڵکەوە بچن، بەو پێیە ئامادەییەکە بە تەواوی هەیە، بەڵام بەداخەوە ئەو پێشوازییە لەودیو سنوور قبووڵ ناکرێت.
بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە، تا ئەو کاتەی لەوێ پێویستییان بە تیمەکانی بەهاناوەچوونی هەرێمی کوردستان هەبێت، ئەوا لە پێشکەشکردنی ئەو یارمەتییانە بەردەوام دەبن و کات بۆ گەڕانەوە دیاری ناکەن و ئەگەر پێویست بکات ئەوا تیمی تریش ئامادە دەکەن و ڕەوانەی دەکەن.
بەڕێوەبەرەکە، لەبارەی ئەو یارمەتییانەی کە پێشکەشی لێقەوماوان کراوە گوتی: لە ماوەی ڕابردودا زۆرترین بڕی یارمەتی و هاوکاریی مرۆییان بۆ باکووری کوردستان و تورکیا ناردووە و بەشێک لەو یارمەتییانەش لە ئەنجامی کەمپینەکانی بەهاناوەچوون کۆ کراونەتەوە، لە خێوەتەوە بگرە تا دەگاتە بەتانی وسۆبا و سەرجەم پێداویستییەکانی ژیان. جۆری یارمەتییەکان زۆرن و ناکرێ ئاماژە بە هیچ ژمارەیەک بکرێ و جگە لەمە لە قۆناغی تۆمارکردندان و لە داهاتوودا ئامارەکان ڕادەگەیەنن.
مەریوان حەسەن مستەفا، ئەوەشی خستە ڕوو ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان پێنج کۆگایان هەیە و هەوڵیان داوە زۆرترین کەلوپەل و پێداویستی مرۆیی کە بۆ حاڵەتی ناکاوی پاشەکەوت کراون، ڕەوانەی ئەو شوێنانەی بکەن کە بوومەلەرزە زیانی پێ گەیاندوون، سەرجەم ئەو یارمەتییانە ئەرشیف کراون و لە نزیک کاتدا بە مێدیاکانی رادەگەیەنن.
لەبارەی ژمارەی ئەو کەسانەی کە تیمەکانی هەرێمی کوردستان ڕزگاریان کردوون، ئەو بەڕێوەبەرە ڕوونی کردەوە هەر ئێستا تیمەکان لە باڵەخانەیەکی رووخاوی شەش نهۆمی خەریکی کارکردنن، بە بێ ئەوەی هەست بە ماندوبوون بکەن لە ئەرکە مرۆییەکانیان بەردەوامن، کچ و باوکێک ڕزگار کراوون و هەروەها منداڵێکی تریش ڕزگار کراوە و ژمارەیەک تەرمیش دەرهێنراون. گرنگ ئەوەیە پرۆسەکە بەردەوامە و هیوادارین دوا کارەسات بێت. لە هەر شوێنێکیش کارەسات ڕووبداته، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ناردنی یارمەتی دریغی ناکات.
بهرهبهیانی ڕۆژی دووشهممە، شهشی شوبات، له قووڵایی نزیكهی ١٨ كیلۆمهتر له دیلۆكی باكووری كوردستان، بوومهلهرزهیهكی بههێز به گوڕی ٧.٨ پله به پێوەری ڕیختهر ڕووی دا، دواتر كۆمهڵێك بوومهلهرزهی تر ناوچهكهی ههژاند كه گوڕی ژمارهیهكیان له سهرووی شهش پله به پێوەری ڕیختهر بووه. دووهم بههێزترین بوومهلهرزه سهعات ١:٢٨ خولهكی دوای نیوهڕۆی ههمان ڕۆژ به كاتی توركیا به گوڕی ٧.٥ به پێوەری ڕیختهر ڕووی دا. ههردوو بوومهلهرزه بههێزهكه له ههرێمی كوردستان و لانی كهم شهش وڵاتی تر، ههستیان پێكرا.
پێویستە بگوترێ بەهۆی بوومەلەرزەکە تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە لە هەر تورکیا و سووریا و باکوور و خۆرئاوای کوردستان نزیکەی سی هەزار کەس مردوون و نزیکەی سەد هەزارن کەسیش بریندار بوون.