چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

هه‌رێمی كوردستان باشترین ژینگه‌ی بۆ كاری ڕێكخراوه‌یی هه‌یه

‌بەپێی ئامارێکی فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكوومییەكان، ئێستا ٤ هەزار و ٧٣٤ ڕێكخراو لە هەرێمی کوردستان خۆیان تۆمار کردووە، کە ٣ هەزار و ٩٦٧ ڕێكخراوی كوردی و ٥٨٧ ڕێكخراوی‌ عێراقی و بیانین لەگەڵ بوونی ١٨٠ تۆڕی رێكخراوەیی؛ لە ساڵی ڕابردووشدا، ٤٢٩ ڕێكخراوی كوردی و ٢٥٧ ڕێكخراوی عێراقی و نێودەوڵەتی مۆڵەتیان پێدراوە.

ڕێكخراوەكان هەموو شار و شارۆچكەیەكیان گرتووەتەوە
بارزان ئەكرەم مەنتك، سەرۆکی فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكوومییەكان، بە پێگەی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند: “له‌ ڕابردوودا، فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكومییەكان بەهۆی نەبوونی داتابه‌یسەوە، داتایەكی وردی ڕێكخراوەكانی لەبەردەست نەبووە، ‌بە‌ڵام ئێستا داتابه‌یس هه‌یه‌ و بە هۆیەوە ده‌زانرێت لە كۆی ٤ هەزار و ٧٣٤ ڕێكخراو، بە ڕێژەی سەدی بەمشێوەیە بەسەر هەرێمی كوردستاندا دابەش بوون: ٥٤% له‌ سنووری هه‌ولێر، ٢٦% له‌ سلێمانی، ١٢% دهۆك، ٢% لە هه‌ڵه‌بجه‌ و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی موسڵ، خانه‌قین، دیاله‌ و سه‌ڵاحه‌ددین ١% و كه‌ركووك ٥%.

مۆڵەتپێدانی ڕێكخراوەیی؛ ئاسانكاریی فراوانتر و ڕێكخستنی زیاتر
سەرۆکی فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكوومییەكان دەڵێت: ”ئێمه‌ به‌ گوێره‌ی یاسا و ڕێنمایی، مۆڵەت ده‌ده‌ینه‌ ڕێكخراوه‌كان، ساڵی ڕابردووش چه‌ند جارێك دیوانی چاودێری دارایی سه‌ردانیان كردووین و ڕاسپارده‌ و ڕێنمایی پێداوین، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی دامه‌زراوه‌كانی دیكه‌ی حكوومه‌ت و ته‌نانه‌ت په‌رله‌مانیش ڕاپۆرتیان هه‌بووه‌، بۆیه‌ به‌گوێره‌ی یاسا مۆڵه‌ت ده‌ده‌ین، ئه‌و لایه‌نانه‌ی ده‌یانه‌وێت ڕێكخراو تۆمار بكه‌ن، ده‌بێت له‌ڕووی هزری و كه‌سی و مرۆییه‌وه‌‌ شیاو بن و ئامانجی ڕێكخراوه‌كه‌شیان یه‌كانگیر بێت له‌گه‌ڵ یاسا به‌ركاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، و نابێت دژی به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان بێت”.
لەبارەی ئه‌و پلان و گۆڕانكارییانەی له‌ پێدانی مۆڵه‌ت و كاری ڕێكخراوه‌كان بۆ ساڵی ٢٠٢٣ كراوە، بارزان ئەکرەم، ئاماژەی بەوە دا کە “له‌ ماوه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونیان له‌و فه‌رمانگه‌یه‌، ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی و دیوانی چاودێریی دارایی و په‌رله‌مانی كوردستان ڕاپۆرتییان هه‌بووه‌، كه‌ وردبینیكردنی ڕاپۆرتی ڕێكخراوه‌كانیان له‌ ئه‌ستۆدایه‌، هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ هاوشان له‌گه‌ڵ ڕاسپارده‌ و ڕێنماییه‌ به‌ركاره‌كان، کراونەتە پێشه‌نگی كاره‌كانیان و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ كاره‌كانی فه‌رمانگه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.”

پێشێلكردنی بەرژەوەندیی گشتی، تاكە هۆكاری وەرگرتنەوەی مۆڵەتە
لەبارەی بەدواداچوونیان بۆ كاری ڕێكخراوەكان و پێدانی مۆڵەتی كاركردن یان ڕەتكردنەوە و هەڵوەشانەوەی مۆڵەت بە ڕێكخراوەكان، بەرپرسی فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكوومییەكان گوتی: ” به‌ دوو شێوازی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ و زۆره‌ملێ له‌لایه‌ن دادگاوه‌ ده‌بـێت، به‌شێوه‌ی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌سته‌ی ڕێكخراوه‌كه‌ خۆی داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ ده‌كات و دواتر لایه‌نی په‌یوه‌ندار له‌ فه‌رمانگه‌ی ڕێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان، كاره‌ یاساییاییه‌كانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مۆڵه‌ته‌كه‌ی بۆ ته‌واو ده‌كات، لایه‌نێكی دیكه‌ ئه‌وه‌یه‌،‌ دادگا تاكلایه‌نه‌ ده‌توانێت بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕێكخراوه‌كان بدات، ئەمە له‌ كاتێكدا هه‌ر لایه‌نێك یاداشتێك یان نووسراوێك ئاراسته‌ی دادگا بكات و بیسه‌لمێنێت ئه‌و ڕێكخراوه‌ كارێك ده‌كات، پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان و یاسا به‌ركاره‌كانی هه‌رێمی كوردستانه”.
بارزان ئەكرەم، گوتیشی: “وەكوو فەرمانگە، به‌رپرسیارێتیمان له‌ ئه‌ستۆیه‌ به‌دواداچوون بۆ كاری ڕێكخراوه‌كان بكەین، ئه‌و ڕێكخراوانه‌ی تووشی به‌رپرسیارێتیی یاسایی ده‌بنه‌وه‌ به‌ گوفتارو به‌ كردار، ئه‌وا فه‌رمانگه‌ به‌رپرسیارێتی له‌ئه‌ستۆدایه‌ به ‌گوێره‌ی ده‌ستوور و یاسا به‌ركاره‌كان داواكاری بجوڵێنێت، له‌ ئێستادا چوار داوای یاسایی مه‌ده‌نیمان هه‌ن به‌رامبه‌ر چوار ڕێكخراو كه‌ داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌مان كردووه‌، وە داوای سزاییشمان هه‌ن، هه‌روه‌ها چوارده‌ ڕێكخراوی دیكه‌ش دۆسیه‌كانیان له‌ ده‌سته‌ی ده‌ستپاكییه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ ئێمه‌ چاوه‌ڕوانین دادگا بڕیاریان له‌سه‌ر بدات”.

هەرێمی كوردستان، ژینگەیەكی لەبار و ئازادی كاری ڕێكخراوەییە
بە گوتەی سەرۆکی فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكومییەكان، ڕێكخراوی (UNDP)كه‌ سه‌ر به‌ نەته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانە، گه‌واهی ئه‌وه‌یان داوه،‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان باشترین ژینگه‌ی‌ بۆ كاری ڕێكخراوه‌یی و دامه‌زراندنی ڕێكخراوه‌كان و پڕۆسه‌ی كاری ڕێكخراوه‌كان هەیە، هه‌موو ئه‌و ئاسانكارییانه‌ هاندانێكه‌ بۆ ڕێكخراوه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی بێن له‌ هه‌رێمی كوردستان كار بكه‌ن، لەگەڵ ئەوەشدا ئه‌وه‌ تێبینیی چاودێریی دارایی و راپۆرتی په‌رله‌مانە، كه‌ ده‌بێت به‌رامبه‌ر ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی پێشكه‌شی ڕێكخراوه‌كان ده‌كرێت، ئه‌وانیش پڕۆژه‌كانیان زیاتر له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام بده‌ن.

زۆرترین ڕێكخراو لە كوردستان، خەریكی كاری مرۆیی و گەشەپێدانن
بۆ خستنەڕووی زانیاری لەبارەی ڕێكخراوەكان، لەبارەی ئەوەی بەپێی ئامانج و كارەكانیان چۆن پۆلێن دەكرێن و زۆرترین ڕێكخراو لە چ بوارێكدا كار دەكەن، بارزان ئەكرەم، ئاماژەی بەوە كرد ” له‌ زۆربه‌ی سێكته‌ره‌ ژیاری و گرنگه‌كان ڕێكخراو هه‌ن، وه‌كوو سێكته‌ری په‌روه‌رده‌، ته‌ندرووستی، مرۆیی، په‌ره‌پێدان و چه‌ندین سێكته‌ری دیكه‌ش؛ هه‌موو ئه‌و سێكته‌رانه‌ هه‌ماهه‌نگ و ته‌واوكه‌ری ده‌زگاكانی حكومه‌تن، كه‌ خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش ده‌كه‌ن. ده‌بێت بزانین ڕێكخراو هاوتای دامه‌زراوه‌ی حكومه‌ت نییه،‌ به‌ڵكوو ته‌واوكه‌ری دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تن، دوای پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیەمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ستبه‌كاربوونی ستافی نوێی فه‌رمانگه‌، چه‌ندین بۆردمان دروست كردووه‌، بۆنموونه‌ بۆردی ڕێكخراوه‌كانی ژینگه‌یی و ڕێكخراوه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم و بۆردی ڕێكخراوه‌كانی خانمان و په‌روه‌رده‌ی و بۆردی ڕێكخراوه‌كانی ته‌ندرووستی، ئه‌مه‌ش به‌ مه‌به‌ستی دروستكردنی ڕایه‌ڵێك له‌نێوان ڕێكخراوه‌كان و دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت، وه‌ مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ته‌واو پشتگیریی كاری ڕێكخراوه‌كانە و ئاسانكارییان بۆ ده‌كات، هه‌روه‌ها سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران پاڵپشتی و ڕێنماییه‌كانی بۆ كاری فه‌رمانگه‌ به‌رده‌وامه‌”، ئەوەشی خستەڕوو: “زۆرترین ڕێكخراو لە هەرێمی كوردستان كار لە سێكته‌ری مرۆیی و گەشه‌پێدان ده‌كه‌ن”.