كارزان گلی – ههولێر
هالوك لێڤێنت، ناوێكی دیار نییە لە باشووری كوردستان و رەنگە هاووڵاتیان نەیناسن، بەڵام لە توركیا و باكووری كوردستان، ئەوەندە جێی بڕوا و خۆشەویستە، خێرخوازان كاتێك پارەیەك دەكەنە خێر، یەكسەر رووی تێدەكەن و دەیبەخشن بە رێكخراوەكەی.
هالوك، گۆرانیبێژە و ناوبانگی زۆری هەیە لە توركیا، بەڵام ئەوەی ئەوی خۆشەویست كردووە، بەهاناوەچوونیەتی بۆ هەژاران و هەروەها بۆ ئەو شوێنانەی كە بە كارەساتی سروشتی، خەڵک زیانیان پێدەگات.
كاتێك دوو ساڵ لەمەوبەر بوومەلەرزە لە خارپیتی دا، كەمپینێكی هاوكاریی راگەیاند و فریای لێقەوماوان كەوت و ملیۆنان لیرەی بەخشییە ئەو كەسانەی زیانیان بەركەوتووە. حەفتەی رابردووش كاتێك بوومەلەرزە لە باكووری كوردستانی دا، هالووك هاتە سەر هێڵ و داوای لە هاووڵاتیان و سەرمایەداران كرد، یارمەتی بنێرن بۆ كوردەكان و كەمپینێكی خێرخوازی راگەیاند و هونەرمەندێكی زۆریش بەشداری ئەو كەمپینەی كردووە.
پرسیارێك لەناو نووسەرانی توركیا و خەڵكەكەی بەردەوام دەكرێت، بۆچی خێرخوازان بڕوایان بە هالوك لێڤێنت هەیە و كاتێك دەیانەوێت خێرێك بكەن پارەكەیان دەدەن بەو و ئەویش دەیگەیەنێتە شوێنی مەبەست؟
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە، كۆكن لەسەر ئەوەی هەر پارەیەك بدرێتە هالووك، ئەو دەستی بۆ نابات و یەك لیرەی توركی بۆ خۆی ناگێڕێتەوە و بەتەواوی دەیگەیەنێتە دەستی هەژارن و لێقەوماوان و تاوەكوو ئێستا هاوكاری هەزاران خانەوادە و لێقەوماوی كردووە.
ئەو گۆرانیبێژە توركە، نازانێت ئەوەی هەژارە یان لێیقەوماوە خەڵكی كوێیە و سەر بەچی نەتەوەیەكە، ئەو بەردەوام دەڵێت مرۆڤبوون لەسەرووی هەموو شتێكەوەیە و دەبێت هاوكاری مرۆڤ بكرێت وەكوو ئەوەی مرۆڤە، نەك بەهۆی نەتەوە بوونییەوە.
هالووك، تا چەند ساڵێك لەمەوبەر نەزانرابوو كە لەسەر گیرفانی خۆی، 100 منداڵی بێدایك و باوكی لە توركیا بەخێو كردووە، واتە مەسروفی ئەو منداڵانەی گرتووەتە ئەستۆی خۆی و نەشیهێشتووە هیچ لایەنێك بیزانێت، بەڵام میدیا ئەو بابەتەیان وروژاند و ئاشكرایان كرد.
ئەو گۆرانیبێژە، ئێستا بە گڕوتینەوە داوا لە هاوولاتیان و سەرمایەداران و هونەرمەندانی توركیا دەكات، كە پارە بۆ زیانلێكەوتوانی بوومەلەرزە لە باكووری كوردستان بنێرن و رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوو ملیۆنان دۆلار بۆ باكووری كوردستان كۆ بكاتەوە.
تاوەكوو ئێستا دەیان هونەرمەندی توركیا، هەزاران دۆلاریان داوتە رێكخراوەكەی لێڤێنت بەناوی (ئەحباب) و بەردەوامیش پارەكە زیاد دەكات.
لە تازەترین زانیارییشدا وەكوو ئەوەی میدیا توركییەكان باسی دەكەن، بڕی یەك ملیار لیرەی توركی كۆ كردووەتەوە و هەموو ئەو پارانەش بە كڕینی كەلوپەلی پێویست بۆ زیانلێكەوتوانی بوومەلەرزە خەرج دەكرێت.