چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

بەنداوی سوڵتان سۆیلۆ، ئاوەکەی لێ بەتاڵ كرا

كارزان گلی – هه‌ولێر

دوو رۆژ دوای بوومەلەرزەكەی شەشی شوبات، یەكێك لە دەنگۆ هەرە گەورە و مەترسییەكان، درزپەیداكردنی بەنداوی ئەتاتورك بوو، كە بە یەكێك لە بەنداوە گەورەكانی جیهان ناو دەبرێت. (باسنیوز) بەدواداچوونی بۆ ئەو پرسە كرد.

تاوەكو ئێستا هیچ شارەزایەكی جیۆلۆجی و بوومەلەرزە باسی لە مەترسیی تەقینەوە یان درزبردنی بەنداوی ئەتاتورك نەكردووە، بەڵام لە سۆسیال میدیادا، بە ئاشكرا و بەربڵاوی دەنگۆی ئەوە بڵاو كرایەوە بەنداوەكە درزی تێكەوتووە.
هاووڵاتیان لە سۆسیال میدیاوە، هۆشدارییان دایە حكوومەت كە بەزووترین كات كۆنترۆڵی بەنداوی ئەتاتورك بكات، چونكە دەنگۆیەكە بەهێزە كە بەشێكی زۆری بەنداوەكە درزی بردووە، بۆیە حكوومەت بە فەرمی وەڵامی خەڵكی دایەوە.
جیا لە بەنداوی ئەتاتورك، باس لە درزبردنی بەنداوی (بیرێجیک)ـی سەر بە رۆحای باكووری كوردستانیش كرا، بەڵام پارێزگاری ئەو شارە لە بەیاننامەیەكدا هەموو ئەو دەنگۆیانەی بەدرۆ خستەوە و گوتی، بەنداوەكە هیچ كێشەیەكی نییە.
فوئاد ئۆكتای، جێگری سەركۆماری توركیا، داوای لە خەڵك كرد بە هیچ شێوەیەك نەترسن، چونكە هەموو ئەو بەنداوانەی كەوتوونەتە سەر بوومەلەرزە كۆنترۆڵ كراوە و دوای كۆنترۆڵكردن دەركەوتووە هیچ كێشەیەكیان نییە، بۆیە پێویست بە ترس ناكات.
بەڵام ئۆكتای، نەیشاردەوە كە بەنداوی (سوڵتان سۆیلۆ) لە مالاتیای باكووری كوردستان، بەهۆی ئەوەی چەند درزێكی بردووە، بۆیە بۆ سەلامەتی گیانی هاووڵاتیان ئاوی بەنداوەكەیان بەر داوەتەوە.
گوتیشی: ”هەموو ئەو هاووڵاتییانەی لە دەرورووبەری ئەو دەریاچەیەن، ئەو شایەتیە دەدەن، كە بەنداوەكە مەترسی تەقینەوەی لەسەر نییە و بەردانەوەی ئاوەكەش تەنیا بۆ ئەوە بوو، كە ئامادەكاری بكەین بۆ هەر ئەگەرێكی خراپ، دڵنیا بن ئەو بەنداوە كێشەی نییە.“
پارێزگاری مالاتیا، دووپاتی كردەوە كە بەهیچ شێوەیەك مەترسی لەسەر هیچ بەنداوێك دروست نەبووە و بەتاڵكردنی ئاوی بەنداوی سوڵتان سۆیلۆش، تەنیا بۆ ئەوەیە كە ئامادەكاری بكەین بۆ هەر ئەگەرێكی نەخوازراو.
ناجی گۆروور، شارەزای بوومەلەرزە لە توركیا، یەك رۆژ دوای بوومەلەرزەكە هۆشداری دایە حكوومەت، یەكەم كاریان ئەوە بێت، بەنداوەكان كۆنترۆڵ بكەن، چونكە ئەگەر بەنداوەكان مەترسیی تەقینەوەیان لەسەر بێ پێویست دەكات ئاوەکەی لێ بەتاڵ بكەن.
بەنداوی ئەتاتورك، بەردەوام لەلایەن شارەزایانی بواری جیۆلۆجی نێودەوڵەتی توێژینەوەی لەسەر كراوە، چونكە بەیەكێك لە بەنداوە گەورەكانی جیهان ناو دەبرێت.
دوا ئەوەی بەنداوەكە لە 1983 دەست بەدروستكردنی كرا و 9 ساڵی خایاند تا تەواو بوو، دوای تەواوبوونی بەنداوەكە، ئیدی بوومەلەرزە لە ناوچەكە دەستی پێكرد و بەو هۆیەوەش بەنداوەكە وەكو پێویست و ئەو پێشبینییەی بۆی كرابوو، گلدانەوەی ئاوی نەبووە، ئەمەش بەگوێرەی بەدواداچوونی نووسەری توركیا رەمزی دیلان.
ئەوەی گرنگە باس بكرێت، بەشێكی زۆری بەنداوەكانی توركیا بەجۆرێك دروست كراون، كە بەرگەی بوومەلەرزەی ٨ رێختەری بگرێت، بەنداوی ئەتاتوركیش یەكێكە لەو بەنداوانەی بەرگەی بوومەلەرزە دەگرێت، بەڵام هەركاتێك بوومەلەرزە روو بدات، ئیدی ترس لای هاووڵاتیان دروست دەبێت و دەترسن بەنداوەكە بتەقێتەوە و بكەونە ژێر ئاو.
بەنداوی ئەتاتورك، یەكێكە لەو بەنداوانەی دەكەوێتە چوارچێوەی پڕۆژەی (گاپ)ی توركیا، كە دەكەوێتە سەر رووباری فرات لە باكووری كوردستان. ئەو بەنداوە دەكەوێتە نێوان مالاتیا و رۆحای باكووری كوردستان، 180 كیلۆمەتر لە ئادییەمانەوە دوورە و هەروەها 24 كیلۆمەتریش لە روحاوە دوورە.
درێژای بەنداوی ئەتاتورك 169 مەترە، بەڵام گەورەترین بەنداو نییە لە توركیا، بەڵكو بەنداوی یوسف ئێلییە، كە لە سەردەمی رەجەب تەییب ئەردۆغاندا دروست كرا و لە مانگی 11ی 2022 تەواو بوو و كەوتە كار.