دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

سوودانی وه‌زاره‌تی بازرگانی راسپارد كارتی به‌شه‌ خۆراك زوو ته‌واوبكه‌ن

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه،‌ 12ی شوباتی 2023، سەرۆكوەزیرانی عێراق وەزارەتی بازرگانی ئاگاداركرده‌وه‌ بە زووترین كات پرۆگرامی كارتی بەشەخۆراكی تەواو بکەن.

لە راگەیەندراوێكی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراقدا هاتووە: سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە گفتوگۆكردن لەسەر كارتی بەشەخۆراكی كرد، كه‌ وەزیری بازرگانی و بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراك و سەرۆكی دەستەی راوێژكاران لە دیوانی سەرۆكی حكومەت، ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.

له‌كۆبووه‌نه‌وه‌كه‌دا بەرنامەی دیجیتاڵی خرایەڕوو كە بریتییە لە پەسەندكردنی كارتێكی ئەلیكترۆنی بۆ هەر سەرۆك خێزانێك.

بەپێی راگه‌یێندراوه‌كه،‌ سودانی رێنمایی داوه‌ به‌ وەزارەتی بازرگانی كه‌ بە زووترین كات ئەو بەرنامەیە تەواو بكات، بەمەبەستی وەستاندنی بەهەدەردانی پارەی گشتی.

لە راگەیەندراوەكەدا ئه‌وه‌ش خراوەتەڕوو، کە لە كۆبوونەوەكەدا پێداچوونەوە بە رێنمایی سەرۆكی حكومەت كرا بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی بەپەلە بۆ دابینكردنی كەلوپەلی كارتی بەشەخۆراك لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا بۆ سەرجەم هاووڵاتیان و خەڵكە هەژارەكان كە دەستەی پاراستنی كۆمەڵایەتی دەیگرێتەوە، بڕیاری گونجاویش لەو بارەیەوە درا.

جێبەجێكردنی به‌رنامه‌ ئەلیكترۆنیه‌ نوێیه‌كه‌ لەلایەن كۆمپانیایەكی تایبەتمەندەوە ئامادەكراوە، بە هاوكاری وەزارەتی پەیوەندییەكان، بە ئامانجی پێكهێنانی داتابەیسێكی نوێ و جیا له‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌، بە شێوەیەك كە رێگری لە دەستكاریكردن بكات و ناوی مردووان و دانیشتوانی دەرەوەی عێراق و هەموو ناوە وه‌همیه‌كان ئاشكرا بكات.