زێباری: دەمەوێ بە جدی باس لە داهاتووی عێراق دوای هەڵبژاردن بکەم

ئەمڕۆ بە بەشداریی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و عێراق، کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئەمریکیی دهۆک دەستی پێکرد و تێیدا هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد.

هۆشیار زێباری سەرەتا گوتی: “من دەمەوێ لەم کۆڕبەندەدا بە جدی باس لە داهاتووی عێراق دوای هەڵبژاردنەکان بکەین، ئەوەی لەم نێوەدا هەستی پێ کراوە کە هەندێ وڵات هەژموونیی خۆیان لە ناوچکە هەیە هەوڵ بۆ جێگیرکردنی هێز و سیاسەتی خۆیان لە ناوچەکە دەدەن، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، بۆیە هەندێ هێزی دیکە دەیانەوێ جێگەی ئەمریکا بگرنەوە”.

بەڕای من ئەستەمە هیچ هێزێک ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە کە ئەمریکا لە ناوچەکە بەجێی دەهێڵێت، ئەم قسەیەم لەسەر بنەمای ئەزموونی ڕابردووە، بۆیە دەیڵێم.

لەبارەی داهاتووی عێراقەوە هۆشیار زێباری ڕاشیگەیاند: “دەبێ زیاتر باسی دۆخی عێراق دوای هەڵبژاردنەکان بکەین، دەبێ لە خۆمان بپرسین کە ئێستا ئێمە لە کوێی گۆڕانکارییەکانداین هەرچەند گوێم لە ڕاکانی عەمار حەکیم گرت، لەگەڵ ڕێزم بۆیان لەوانەیە لە هەندێ پرسدا یەک نەگرینەوە، بەڵام ئێمە هەڵبژاردنمان بە ڕێککەوتنی لایەنە عێراقییەکان کرد، کەس ناتوانێ بڵێ ئێمە پشتگیریمان لە پڕۆسەی هەڵبژاردن نەکردووە”.

هەر لەم بارەوە ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕاشیگەیاند: “بەشێکی زۆر لە  لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەنگیان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردنی عێراق داوە، بۆ وێنە بۆ بازنە بچووکەکان، یان فرە بازنەیی، ئەوان داوایان کرد ئێمە دژی بووین، ئێمە دژی ئەو یاسایە بووین، بەڵام سەرەنجام ڕەزامەندیمان لەسەر دا، ئەوان داوای کۆمسیۆنێکی نوێ و داوای سیستەمی دەنگدانی ئەلکترۆنییان کرد، داوای چاودێرانی نیودەوڵەتییان کرد و نەتەوە یەکگرتووەکانیش بۆ چاودێریی پڕۆسەکە نوێنەری نارد”.

هۆشیار زێباری ئاماژەی بەوەش کرد: “ئێمە سەرکردەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی عێراق داوامان کرد بەڵگەنامەیەکی شەرەف واژۆ بکەین، کە لە هەڵبژاردندا پێشێلکاری نەکەین، هەموان ئەمەیان قەبووڵ کرد، بۆیە ئاساییە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە دڵی هەموان نابێت، بەڵام بەڕای ئێمە و بە داناپێدانی زۆر لایەن، هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بووە لە عێراقدا، هەرچەند هەندێ گیروگرفت لە ئامێرەکاندا هەبووە، بەڵام کە باس لە ساختەکاری کرا، دواتر لێکۆڵینەوەی زۆری لەبارەوە کرا، هەندێ تێبینی هەبوو کە ئامێرەکان نەیانخوێندووەتەوە”.

زێباری لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی عێراقەوە گوتیشی: “ئەندامی ئەو هەڵبژاردنە نیەت و ویستی زۆر هێزی دەرخست، ئەم سیستەمەش جەخت لەسەر ئەوە ناکات کە چەند دەنگت هێناوە، بەڵکوو ئەوەت بۆ دەردەخات کە چەند کورسیت بەدەست هێناوە، بۆ وێنە لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا هێلاری کلینتۆن بە دەنگی گەل سەرکەوت، بەڵام لە بەرانبەردا دۆناڵد ترەمپ بە ژمارەی کورسی لە کۆنگرێس سەرکەوت، بۆیە دەبێ ئێمە واقیعبینانە و کردەییانە سەیری ئەم سیستەم و پڕۆسەیە بکەین”.

ھەواڵی زیاتر