عێراق کۆچبەران لە بێلاڕووسیاوە دەگێڕێتەوە

حکوومەتی هەرێمی کوردستان: باشکردنی بارودۆخیان بەرپرسیاریەتيی هاوبەشی هه‌موومانە.

بڕیارە لە پێنجشەممەی ئەم هەفتەیەوە، یەکەم کاروانی کۆچبەران لە سنووری بێلاڕووسیا و پۆڵەنداوە بگەڕێنرێنەوە هەرێمی کوردستان. زیاتر لە ٧ هەزار کەسیش لە هەرێـمی کوردستانەوە کۆچیان کردووە، حكوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیدایە لەگەڵ وڵاتان بۆ هاوکاريی ئەو کەسانە لەسەر سنوورن و سەرۆکوەزیران دەڵێ هەرچی بکرێت دەیکەین .

محەممەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە رۆژی ١٨ـی ئەو مانگە عێراق یەکەم گەشتی هاووڵاتیان لە بێلاڕووسیاوە بۆ عێراق دەست پێدەکات، گەڕاندنەوەی کۆچبەرەکان ئارەزوومەندانە دەبێت، بەپێی گوتەی ئەو بەرپرسە ٥٧١ کەس لەسەر سنووری پۆڵەندا گیریان خواردووە و بڕیاریانداوە بگەڕێنەوە، بەڵام دیار نییە کۆی ژمارەی ئەو کەسانە چەندە، بەڵام بەپێی ئاماری حكوومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەی ئەو کەسانەی لە هەرێـمی کوردستانەوە کۆچیان کردووە زیاتر لە ٧٥٠٠ کەسە، حكوومەت دەڵێ جۆری کۆچی ئەو کەسانە جیاوازە، بەشێكیان بەهۆی نائارامیي ناوچەکانیان و بوونی پەکەکە کۆچ دەکەن، ئەوانەی خەڵكی ئامێدی و ناوچەی دیکەن، بەشێکی دیکە خەڵكی ناوچە کوردستانییەکانن ئەوانیش بە هەمان شێوە دۆخی ناوچەکانیان خراپە و کۆچ دەکەن .

بە هەزاران کۆچبەر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە نێویاندا کۆچبەری خەڵكی عێراق و هەرێمی کوردستان روویان لە بێلاڕووسیا کردووە، هەوڵ دەدەن سنووری پۆڵەندا ببڕن بۆ گەیشتن بە وڵاتانی دیکەی ئەورووپا، بەڵام لەسەر سنوور رێگەیان پێ نادرێت و دۆخێکی خراپیان هەیە .
مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە رایگەیاند:” زۆرنیگەرانم لە رەوشی هاووڵاتییانمان و هه‌موو ئه‌وانه‌ی لەسەر سنوورەکانی یەکێتیی ئەورووپادان، باشکردنی بارودۆخیان بەرپرسیاریەتی هاوبەشی هه‌موومانە، ئه‌وان له‌لایه‌ن قاچاخچی و بازرگانانی مرۆڤ و چه‌ند تۆڕێكی ده‌ره‌كی فریودراون”.
ئەو قسانەی سەرۆک وەزیران ئاماژەیە کە چەند تۆڕێکی قاچاغچی خەڵکیان فریو داوە و پارەیەکی زۆریان لێ وەرگرتوون کە تاوەکو نزیکەی ٧ هەزار دۆلار دەڕوات تاوەکو بیان بەنە بێلارووس، بەڵام لەوێ کەوتوونەتە خراپترین دۆخ، وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا بێلاڕووسیا تۆمەتبار دەکەن کە ئەو کەسانە وەکو کارتی گوشار بەکار دێنێت لەسەر ئەورووپا، پاش ئەوەی ئەورووپا سزای بەسەر بێلاڕووسیا سەپاند لەبەرامبەر سەرکوتکردنی دەنگی ناڕازی لە وڵاتەکە، لۆکاشینکۆ سیاسەتەکانی بە دڵی یەکێتیي ئەورووپا نییە و ئەورووپا دان بە دەسەڵاتەكەیدا نانێت .
هەرچەندە گەشتی نێوان بەغدا و مینسک لە مانگی ئابەوە راوەستاوە، بەڵام عێراق بەشێکی کۆچبەران بە فڕۆکەی تایبەت دەگەڕێنێتەوە، بەغدا ماوەیەک لەمەوبەریش باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی بێلاڕووسیای لە هەولێر داخست.
بەپێی زانیاریی وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش رێژەی ئەوانەی کۆچ دەکەن بۆ بێلاڕووسیا کەم بووەتەوە، بەڵام هێشتا هەندێککەس لە رێگەی تورکیا، قەتەر، ئیمارات، میسرەوە دەچنە بێلاڕووسیا .

حكوومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکەنەوە کۆچ دیاردەیەکی جیهانییە، بەڵام ئەوەی ئێستا هەڵوەستەی لەسەر دەکرێت و شاندێك دەچێتە پۆڵەندا لەسەر ئەو پرسە، جگە لەوەش حكوومەت لە چەند بۆنەیەکی جیاوازدا رایگەیاندووە هەموو شتێك دەکات بۆ باشترکردنی دۆخی کۆچبەران و گەڕاندنەوەیان.

ھەواڵی زیاتر