د. لاڤە دارا: پێویستە باوان ترسی منداڵەکەیان بڕەوێننەوە و بۆی ڕوون بکرێتەوەکە بێبنەمان

پاش دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن زۆربەی ئەو خنجیلانانەی یەکەم ساڵی خوێندنیانە ڕووبەڕووی ئەم کێشەیە دەبنەوە، د. لاڤە دارا عەلی پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان چەند ڕێنماییەكی تایبەتی هەیە بۆ ئەو دایك و باوكانەی كاتەوەك ئێستەش بەدەست ئەو گرفتەیەوە دەناڵێنن و منداڵەكانیان لە باخچەی ساوایان و لە قوتابخانە گیرنابن.

د. لاڤە دارا ڕوونی دەكاتەوە كە دڵەڕاوکێی جیابوونەوە لە منداڵان بریتییەلە ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر سەبارەت بەجیابوونەوەو دوورکەوتنەوە لە ماڵ یان ئەو کەسەی هۆگرە پێوەی (باوان، دایان….هتد). هەر بۆیە ترس لە جیابوونەوە ئاساییە لەتەمەنی منداڵی بەڵام کاتێک دەبێتە پەشێوی کە بەردەوام دەبێت لە سەرو تەمەن ٦ساڵان .نزیکەی ٤٪ منداڵان پێوەی دەناڵێن.

لەبەرچی منداڵ هەست بە ترس دەكات؟
چەند هۆكارێك هەیە لەوانەش پاش ڕووداوێکی ناخۆش وەک خەوتنی منداڵەکە لەنەخۆشخانە، مردنی یەکێک لە کەسانی خۆشەویست و ئازیزی منداڵەکە، گواستنەوەی ماڵ و گۆڕینی خوێندنگا، هەروەها باوان لەوجۆرانەن کەزۆر پارێزگاری لەمنداڵەکانیان دەکەن و هیچ بوارێک بەمنداڵەکانیان نادەن بەمەش وا لە منداڵەکە دەکەن بەتەواوەتی پشتیان پێ ببەستێت و بترسێت لەوەی لەدەستیان بدات؛ بەشێكی تریشیان هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ کنێت یاخود بۆماوە.

نیشانەکان
پێویستە بەلایەنی کەمەوە ٣ خاڵی تێدا بێت:
١. ناڕەحەتی لەڕادەبەدەر و بەردەوام هەرجارێک پێشبینی یان ئەزموونی جیابوونەوە لە ماڵ یان باوان دەکات.
٢. نیگەرانی یەکی زۆرو بەردەوام سەبارەت بەلەدەست دانی ئەوکەسانەی هۆگریان بووە یان ئازارپێگەیشتنیان بەهۆی نەخۆشی، ڕووداوی هاتوچۆ، کارەسات، مردن.
٣. ترس و نیگەرانی بەردەوام سەبارەت بەجیابوونەوەی نەپێشبینیکراو (ڕفاندن، نەخۆشی، ڕووداو).
٤. ڕەتکردنەوەی لەماڵ‌چوونەدەر لەبەر هەر هۆکارێک وەک خوێندنگا، ئەنجامدانی چالاکی کۆمەڵایەتی و هتد، لەترسی جیابوونەوە .
٥. ترسێکی زۆر لەمانەوە بەتەنیایی بەبێ باوان.
٦. ڕەتکردنەوەی نووستن دوور لە ماڵەوە یان دوور لە باوان.
٧. دیتنی خەوی ناخۆش سەبارەت بە جیابوونەوە.
٨. نیشانەی جەستەیی وەک سەرئێشە، سکئێشە و، ڕشانەوە کاتێک دوور دەکەوێتەوە لە باوان.
پێویستە نیشانەکان بەلایەنی کەمەوە یەک مانگ بخایەنێت، ڕەتکردنەوەی ڕۆشتن بۆ خوێندگا یان باخچە نیشانەیەکی هەرە بەربڵاو کە کار دەکاتە سەر ئاستی زانستی منداڵەکە، کێشە لە کاتی نووستنی منداڵەکە کە بە تەنیا ناخەوێت یان ئەگەریش خەوت کە خەبەری ئەبێتەوە جارێکی تر دەگەڕێتەوە ناو جێگای باوان.

باوك و دایك چی بكەن بۆ چارەسەری ئەم گرفتەی منداڵەكەیان؟
د. لاڤە دارا، بۆ چارەسەری پەشێوی و دڵەڕاوکێ لە منداڵان دەتواندرێت پشت بەم هەنگاوانە ببەسرێت:
١.پێویستە باوان ترسەکانی منداڵەکەیان بڕەوێننەوەو بۆی ڕوون بکرێتەوەکە بێ بنەمان.
٢. پاڵپشتی و خۆشەویستی دەرببڕێت و دوورکەوتنەوە لە تووڕەیی، لێدان، شکاندن.
٣.هاندان و وردەوردە گەڕانەوە بۆ خوێندنگا بە هاوکاری مامۆستایان، گرنگترین خاڵ ئەوەیە وا لە منداڵەکە بکرێت ڕووبەڕوی ترسەکانی ببێتەوە و بەردەوام بێت لەڕۆشتن بۆ خوێندگا.
٤. ئەگەر بەجێهێنانی ئەوخاڵانەی سەرەوە سوودی نەبوو لەوانەیە پێویست بە یارمەتی کەسانی پسپۆڕ بکات.

ھەواڵی زیاتر