دلۆڤان رەحیم – ههولێر
سەرەڕای ئەوەی چەند ساڵێکە پێشمەرگە ناوچەکەی لە دەستی داعش ڕزگار كردوون، بەڵام هێشتا بەشی زۆری کوردانی ئێزدی بەهۆی بوونی گرووپی چەکدار و نەبوونی ئارامی لە شنگال ئاوارەن، زۆربەیان لە کەمپەکان دەژین و ناتوانن بگەڕێنەوە، لە کەمپی مامڕەش هێشتا دەیان خێزانی کوردی ئێزدی چاویان لەوەیە رۆژێک لە رۆژان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان. کەمپەکە وەکو شارۆچکەیەکی بچووکی لێ هاتووە، زیاتر لە ١٥٠٠ خێزانی کوردی ئێزدی تێدا دەژین.
موزەفەر کە تەمەنی ٣٠ ساڵە و زۆر لە تەمەنەکەی گەورەتر دەردەکەوێت لەگەڵ خێزانەکەی لەوەتەی لەدەستی داعش هەڵاتوون نەیتوانیوە بگەڕێتەوە، ٦ ساڵە لە کەمپی مامڕەش دەژیت، ئەوان لە ماڵێکی ١٠ مەتریدا ژیان بەسەر دەبەن کە هێندەی شوێنی راگرتنی ئۆتۆمبێلێک دەبێت و بە پیڤی سی داپۆشراوە، بە زەحمەتیش ئاو و خۆراکیان دەست دەکەوێت، کاتێک پرسیار لە موزەفەر دەکەی چیرۆکەکەی بگێڕێتەوە بە هەردوو دەستی سەری دەگرێت و ئاهێکی قووڵ هەڵدەکێشێت، بێدەنگ دەبێت و ئەو رۆژانە لە بیر ناکات لە شنگال بەسەری هاتووە، ناوبراو دەڵێ: “داعش هات و ئێمەی گرت، ویستیان ئاینمان بگۆڕن، بە پەرجوو لە دەستی داعش رزگارمان بوو، بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوی یەدا لە هەفتەییەکەمی هێرشی سەر شنگال ١٢ هەزار کوردی ئێزدی رفێنران و کوژران، ئەوەش جینۆساید و تاوانێکی گەورە بوو بەرامبەر ئەو پێکهاتەیە، هەزاران خێزانی دیکە هەڵاتن، داعش دەستی نەپاراست لە کوشتنی خەڵكی بێ گوناح، سەرەڕای ئەوەی چوار ساڵە داعش سەرکەوتنی سەربازی بەسەردا راگەیەنراوە، بەڵام هێشتا ٣٠٠ هەزار کوردی ئێزدی ناتوانن بگەڕێنەوە ماڵەکانیان، هۆکارەکەشی بوونی پەکەکە و گرووپی دیکەی چەکدارە کە شارەکەیان نا ئارام کردووە و رێگە نادەن خەلك بە ئارامی بژی، سەرەڕای ئەوەی ساڵێک زیاترە رێککەوتنێکی گشتگیری گرنگ لە نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان واژۆ کراوە .
تۆماد شیمدینگەر، توێژەر و زانا کە ئێستا خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە ئاین و کەمینەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێ: “کێشەی جیاواز لە ناوچە جیاوازەکان هەیە، شنگالیش چەقی ململانێیە.”
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی دی دەبلیوی ئەڵمانی: “بوونی گرووپ و میلیشیای چەکدار، لەوانە یەپەگە، پەکەکە هەروەها هەندێک گرووپی سەر بە حەشدی شەعبی هۆکاری نا ئارامی شنگالن، وای کردووە ناوە ناوە تورکیا ناوچەکە بە بیانووی بوونی چەکدار بۆردوومان بکات .
نەبوونی ئاسایش گەورەترین و سەرەکیترین هۆکاری نەگەڕانەوەی کوردی ئێزدیە، زۆربەی رزگاربووان تەنانەت بیریش لە گەڕانەوە ناکەنەوە بەهۆی ئەوەی دەڵێن ئەوانەی ئەشکەنجەیان داین هێشتا لە دەوروبەری شنگالن، تۆماس شمیدینگەر دەڵێ: هەندێک لایەنگر و ئەندامی داعش هێشتا لە گوندە عەرەب نشینەکانی نزیکی شنگال دەژین، ئەوەش وای کردووە ئێزدییەکان ترسیان هەبێت هەمان كارەساتیان بەسەر بێتەوە .”
پەروین یەکێکی دیکەیە لەوانەی لە دەستی داعش هەڵاتووە، دوو ساڵ زیاتر لای داعش دیل بووە، تەمەنی ٢٣ ساڵە و لەگەڵ منداڵە سێ ساڵەکەی دیل بووە لای داعش، ئەو دەڵێ: “هەست بە باشی ناکەم، هێشتا دەروونم ئارام ییە و خەوم باش نییە .”
ژمارەیەکی کەم خێزان گەڕاونەتەوە شنگال، هەرچەندە هێشتا رێکخراوەکان هەوڵ دەدەن لە رێگەی پێشکەشکردنی هاوکاری لە ئازاری خەڵک کەم بکەنەوە بەڵام دۆخی ئێزدییەکان بەوجۆرە نییە هیوا بە گەڕانەوە بخوازن،
جەسن چالاکڤانێکی ئەڵمانیە بۆ رێکخراوی ئێسەن فلۆختینگ کار دەکات دەڵێ:” دەمانەوێت بە هەندێک پرۆژە وا بکەین خەڵك دەستپێکردنەوەی ژیانێکی نوێی لا ئاسان بێت، بەڵام کێشە ئەوەیە خەڵك ئەگەر بشگەڕێتەوە کاریان نییە، ژێرخان نەماوە، دۆخی ئەمنیش زۆر خراپە، زۆربەی خەڵك بێئیشن لەو شارە .
پرۆسەی ماڵی سەوز یەکێکە لەو پرۆژانەی کە هانی ئێزدییەکان دەدات بە چاندن و کشتوکاڵ پارە پەیدا بکەن، هەر خێزانێک لەو پرۆژەیەدا مانگانە دەتوانێ نزیکەی ١٥٠ دۆلاری دەست بکەوێت، بەڵام گرنگتر لەوە چارەسەری سیاسی ئەو ململانێییە لە شنگال هەیە، وەکو شمیدینگەر دەڵێ: “هەموولایەنەکان دەبێت لەسەر دۆخی شنگال رێک بکەون، تەنانەت وڵاتانی ناوچەکەش، بەپێچەوانەوە شنگال نابێتە شوێنێکی ئارام .”
مزەفەر و خێزانەکەی دەبێت لە کەمپی مامڕەش بمێننەوە تاوەکو ئەو کاتەی رێککەوتنێکی سیاسی جێبەجێکراو لە شنگال دەبێت، دەبێت بە سەلامەتی بگەڕێتەوە شنگال، ئازادیش کە تەمەنی ١٠ ساڵە و وەکو هەر منداڵێکی دیکە تراک سوتێکی بارسێلۆنای لەبەرە بە سادەیی و دەم بەخەندەوە دەڵێ: “تەنیا دەمەوێت لێرە رزگارمان بێت .”