بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدییەکان لە دهۆک:حکوومەتی عێراق بە چارەسەرنەکردنی دۆخی شنگال، خەڵکی شنگالی بێئومێد کردووە

ماوەیەکە لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان کۆچی گەنجان بۆ ئەورووپا بە لێشاو دەستی پێکردووە، ئەمەش زیاتر گەنجان و لاوانی ناوچە سنوورییەکان و دانیشتووانی شنگالی گرتۆتەوە و رۆژانە وڵات جێدەهێڵن، وەکو خۆیان دەڵێن، پەکەکە هۆکارە بۆ ئەوەی بیر لە کۆچکردن بکەنەوە.

بە هەزاران گەنج و لاوی هەرێمی کوردستان لەسەر سنووری بیلاڕووسیا و پۆلەندا لە ژیانێکی پڕ ناخۆشدا دەژین و رۆژانە حاڵەتی گیان لە دەستدان تۆمار دەکرێن، بەپێی ئامارە نافەرمییەکان کە دەست “هەولێر” کەوتووە تەنیا ئەمساڵ زیاتر لە 5 هەزار خەڵکی ناوچە سنوورییەکان و شنگال لە رێگەی قاچاغ وڵاتیان جێ هێشتووە و بەرەو ئەوروپا بە رێگەیەکی سەختدا رۆیشتوون، بە گوتەی ئەوانەی کە کۆچیان کردووە هۆکاری سەرەکی رۆیشتنی ئەوان بوونی پەکەکەیە لە ناوچەکانی ئەوان، کە بەپێی ئامارەفەرمییەکان زیاتر لە 502 گوندی هەرێمی کوردستان لەبەر پەکەکە چۆڵ بوونە و مەترسیی چۆڵبوونی چەند گوندێکی دیکەش هەیە.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ئێزدییەکان لە دهۆک، باس لە مەترسیی ئاڵۆزییەکانی پەکەکە و تورکیا دەکات بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و بە تایبەت ئەوڕەوشەی بەهۆی پەکەکەوە ئێستا لە شنگال هەیە و رایدەگەیەنێت، پێویستە هەرچی زووە چارەسەرێک بۆ ئەوبارودۆخە بدۆزرێتەوە، ئێزدییەکانیش بگەنە مافی خۆیان، حکوومەتی عێراق پاش هاتنی داعش وای لە خەڵکی شنگال کرد کە باوەڕیان بەخۆ نەمێنێت، باشترین چارەسەر ئەوەیە هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە شنگال و گروپە چەکدارەکان لە شارەکە نەمێنن تا بارودۆخەکە ئارام دەبێتەوە، بۆ ئەوەی ئەو خەڵکەی کە چەندین ساڵە لەژێر خێمەدانە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەست بە ژیانێکی نوێ بکەن.
ئازاد حەسکۆ، گەنجێگی سنووری ئیدارەی سۆرانە، لەبەر کردەوەکانی پەکەکە دەیەوێت بەرەو ئەوروپا کۆچ بکات، بۆ “هەولێر” دەڵێت:” چەکدارانی پەکەکە بوونەتە هۆکاری سەرەکی چۆڵکردنی گوندەکانی سەر سنوور، لەم نێوەندەشدا ئێمە وەکو خەڵکی ئەو ناوچانە زەرەرمەندییەکەمین، چونکە ئەگەر هاتبا پەکەکە لەو ناوچانە نەبایە، بە سەدان شوێنی گەشتیاری لەو ناوچانە هەن، ئەوە وای دەکرد بە سەدان گەنج لەو شوێنانە کار بکەن و مانگانە داهاتێکی باشیان دەست دەکەوت، جگە لەوەی دیمەنێکی جوانیان بە هەرێمی کوردستان دەبەخشی، بۆیە داوا لە چەکدارانی پەکەکەدەکەم هەرچی زووە گوند و ئاواییەکانی هەرێمی کوردستان چۆڵ بکەن، بۆ ئەوەی بتوانین بگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان.
لەزگین لیاس، گەنجێکی شنگالە، بۆ “هەولێر” دەڵێت: “هۆکاری کۆچکردنی ئێمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە چەندین ساڵە شنگال ئازاد کراوە، بەڵام بەهۆی بوونی چەند گرووپێکی چەکدار وەکو پەکەکە و حەشدی شەعبی خەڵک نەیتوانیوە بگەرێتەوە شارەکە ئەوەش هۆکارە بۆ کۆچکردنی خەڵکی ئەو شارە بۆ دەرەوەی وڵات.
حەسەن خدر، چالاکوانێکی ئێزدییە بۆ “هەولێر” گوتی:” ئەگەر حکوومەتی عێراق گرنگی بە شنگال نەدات و چارەسەری بارودۆخی شنگال نەکات و خەڵک لە ژیانی ژێر خێمەڕزگار نەبێت، ئەو خەڵکەی کە ماوە ئەوانیش ئاوارە و دەربەدەر دەبن و کۆچ دەکەن بۆ دەرەوەی وڵات، کە بەپێی ئامارە نافەرمییەکان لە ساڵی 2014 ـەوە تا ئێستا زیاتر لە 100 هەزار خەڵکی شنگال روویان لە دەرەوەی وڵات کردووە.
د. سەرکەوت ئەشقی، چاودێری سیاسی، بۆ “هەولێر” دیارکرد: “بەهۆی سیاسەتی هەڵەی پەکەکە، کە رەچاوی دۆخ و گوزەرانی گوندنشینان و خەڵکی کوردستان و حکوومەتی هەرێم ناکات، رۆژانە بە دەیان گەنج و لاوی کوردستان بەتایبەتی خەڵکی ناوچە سنوورییەکان و شنگال بەرەو چارەنووسێکی نادیار کۆچ دەکەن، ئەگەر پەکەکە خۆی بە حزبێکی کوردی دەزانێت و رێز لە سەروەری هەرێمی کوردستان دەگرێت، پێویستە لەو ناوچانە دەربکەوێت، بۆ ئەوەی چی دیکە خەڵکی ئێمە نەبنە قوربانی و بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دەست بە ژیانێکی نوێ بکەن، چونکە پەکەکە هۆکاری سەرەکییە لە هاتنی سوپای تورکیا و بۆردومانکردنی ناوچەکانی ئێمە”.
ماجد شنگالی، کاندیدی دەرچوو بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران، بە “هەولێر”ـی گوت:” ژیان و گوزەرانی خەڵکی شنگال، چ ئەوانەی گەڕاونەتەوە شارەکە، چ ئەوانەی لە کەمپەکان دەژین باش نیە، ئەوەش هەموو بۆ بوونی هێزی ناشەرعی لە شارەکە دەگەڕێتەوە، چونکە ئەو خەڵکەی کە ئێستا لە شنگالن موڵک و ماڵی خۆیان دەفرۆشن و روو لە دەرەوەی وڵات دەکەن، کە لە 2014ـەوە تا ئێستا زیاتر لە 100 هەزار خەڵکی شنگال کۆچیان کردووە، حکوومەتی عێراقیش هەتا ئێستا هیچ شتێکی نەکردووە بۆ شنگال هەتا پێگری بەو رێککەوتنەی نەکردووە کە لە نێوان هەولێر و بەغدا مۆر کراوە، ئەوەش هۆکارە کە خەڵکی شنگال روو لە دەرەوەی وڵات بکەن”.

ھەواڵی زیاتر