دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

ئافرە‌تی كورد شیاوی ڕێزە‌ نە‌ك بە‌زە‌یی

هێشو دارا

لەگشت ئەو ڕووداوانەی كە دێنە پێشەوە و پەیوەندیان بە مافی ئافرەت و توندوتیژی خێزانیەوە هەیە، هەرزوو وەك كائینێكی جێی بەزەیی دەهێنرێتە بەرباس كە بەهۆی لاوازیەوە ستەمی لێ دەكرێ یان دەچەوسێنرێتەوە یان بەكاردەهێنرێ و كەڵكی خراپی لێ وەردەگیرێ، كە بەداخەوە بەشێك لەوكەسانەی خاوەنی ئەم
جۆرە گوتارەن ئەوانەن لەڕوانگەی داكۆكی كردن لەمافەكانی ئافرەتەوە ئەم قسەیە دەكەن، بەڵام ئەمە خۆی كێشەیە!
چونكە ئافرەت بەگشتی و ئافرەتی كوردیش بەتایبەتی دەبێت لەبەر ڕیزی مرۆڤبوون و گەورەیی پێگەكەی لەكۆمەڵگا وقورسایی لە خێزاندا ڕێزی لێ بگیرێت و تەواوی مافەكانی بپارێزرێت، ڕۆڵی پێ بدرێت حساب بۆ توانا و لێهاتوویی بكرێت، چونكە بنەمای پێدانی ماف وئەركیش ڕێزە نەك بەزەیی.
جا ئەگەر بەزەیی بوو بە بنەمای پێدانی ماف بەئافرەتان ئەوان میزاجیش دەبێتە دادوەر نەك یاسا و ویژدان و عەقڵ، ئیتر گەرەنتیەك بۆ پێدانی مافەكانو پاراستنیشیان نامێنێتەوە، ئەوەی ئەمڕۆ وەك ماف دەپارێزرێ ڕەنگە سبەی وەك عەیبە تەماشا بكرێت!
جا ئەمە بۆ ئافرەتی كورد تەواو لەپێشتر و شایستەترە كە بەچاوی ڕێز ولەسەر بنەمای قەدر وحورمەت مافەكانی گەرەنتی بكرێت، ئاخر ئافرەت هەمیشە خاوەنی پێگەی گەورە و سەنگینی خۆی بووە لە مێژووی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی و تەنانەت لە بزوتنەوە كۆمەڵایەتیەكانیشدا جێگە و سەنگی ئافرەت پارێزراوبووە، بۆیە ڕێز وبەهەند وەرگرتنی خودی ئافرەت دەبێت بنەمای گشت ماف و ئەرك و ڕۆلەكانی بێت نەك بەزەیی.