سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

پارێزگاری دهۆک: لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هیچ پڕۆژەیەک ڕانەگیراوە

پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند، ئەمڕۆ 22/1/2023 ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە پارێزگای دهۆک کرانەوە کە بریتین لە قیرتاوکردنی ڕێگاکان و بەردی بناغەی ڕێگایەکی 30 مەتریش دانرا.

د. عه‌لى ته‌ته‌ر، پارێزگاری دهۆک، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ”ژمارەیەک پڕۆژەی دروستکردنی ڕێگا کرانەوە و سەردانی دەروازەی پارێزگای دهۆک لەگەڵ پارێزگای مووسڵ دەکەین بۆ دروستکردنی ڕێگایەک کە لە مووسڵەوە بۆ دهۆک دێت و ڕوویەکی جوانتر بە دهۆک دەبەخشێت، هەروەها دروستکردنی ڕێگاکان بەردەوامە و ئەو پڕۆژانەی کرانەوە، جێبەجێ دەکرێن و قەرەباڵغیی سەر ڕێگاکانی دهۆم کەم دەبێتەوە. لەسەر ڕێگای بارزانیش بەردی بناغەی پڕۆژەیەکی گرنگ دادەنرێت و بەردەوام سەردانی قەزا و ناحیەکان دەکەین و بەبێ جیاوازی پڕۆژەکان جێبەجێ دەکرێن.”

ئاشکرایشی کرد: ”لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ پڕۆژەیەک ڕانەگیراوە و هەموو پڕۆژەکان لە قۆناغی جێبەجێکردندان و بەردەوام پڕۆژە جێبەجێ دەکرێت. ژمارەیەک پڕۆژەی پێش ساڵی 2014 ماون، ئەوانیش تەواو دەکەین.”