نووسینی: ڕۆبن میڵز
دلۆڤان رەحیم – ههولێرلە ڕێگەم لە دوبەیەوە بۆ گەشتی دهۆک و بەشداری لە کۆڕبەندی ئاسایش و ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاستەنگەکانی بەردەم وزە، کەش و هەوا و ئابووریی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کەوتە هزر و بیرکردنەوەم. گاز لە دەوروبەری بەسرە، کەرکووک، دهۆک و ناوچەی دیکە لە زۆربەی شوێنەکان هەیە، لەگەڵ زۆر کێڵگەی نەوتی، گازی سرووشتی بەرهەمێکە یەکەمین هەنگاوی ئابوورییەکی باشتر و پاکتر لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
بەشدارانی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە نێویاندا قوتابیانی زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک و ناوچەی دیکە لە هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق، زۆر پەرۆش بوون بۆ زانینی ڕۆڵی نەوت و گاز لە ئابوورییەکی باشتر بۆ وڵات، کاریگەریی لەسەر داهاتووی عێراق و چارەنووسی سەرچاوە سرووشتییەکان.
بێ ڕوانین لە تێڕوانینی زۆر لەبارەی نەفرەتی سەرچاوە سرووشتییەکان، ئەوە ڕاستییەکە کە عێراق نکۆڵی لەوە ناکرێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی دیار و بەرچاو دەگێڕن لە وزەی ناوچەکە، بەتایبەت لە هەناردەی نەوت و گازدا، نەوت ٪99ـی هاوردەی عێراق پێک دێنێت، بەڵام گەندەڵی و ناکۆکی مەزهەبی لەسەر داهاتەکەی و دابەشبوونی سیاسی و نەبوونی خزمەتگوزاری بەو داهاتە بووەتە نەخۆشی و بەرۆکی گیانی عێراقی گرتووە. حکومەت و سێکتەرەکانی پڕن لە کارمەندی زیادە و زیاتر لەبەر دامەزراندن نەک ڕۆڵی بەرهەمهێنەر و کارکەر دانراون، کەرتێکی تایبەتی سەربەخۆ و بونیاتنەر زۆر بە کەمی دەبینرێت، هەروەها کەرتە نانەوتییەکان وەکو پیشەسازی و کشتوکاڵ پشتگوێ خراون لە هەمان کاتدا سێکتەرەکانی پشت بەستوو بە نەوت و داهاتەکەی، پارەی باشیان بۆ تەرخانکراوە و چالاکن، لەوانە کارەبا، پەروەردە، تەندروستی، بەڵام لە ڕۆڵدا هیچیان شتێکی ئەوتۆیان تێدا نییە و بەرهەمیان باش نییە. مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندەکەدا لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کارێن یەنگ، لێکۆڵەری باڵا لە سەنتەری کۆڵومبیا بۆ وزەی جیهان و سیاسەتی وزە باسی لەو کێشانە کرد، ڕایگەیاند نابێت هەرێمی کوردستان و عێراق تەنیا پشت بە نەوت و گاز ببەستن، پێویستە گرنگی زیاتر بە گەشت و گوزار و کشتوکاڵ و سێکتەری دیکە بدرێت، ئەو کەرتانە ببوژێنرێنەوە. هەرێمی کوردستان دەستی کردووە بە بووژاندنەوەی گەشت و گوزاری لە کاتە جیاوازەکاندا .
عێراق رووبەڕووی کۆمەڵێك کێشە و گرفت بووەتەوە کە هەموویان سەرچاوەکەیان سەربەخۆیی بوونی نەوت و گاز نییە، بەڵام ئەوەی ڕوونە کە حکوومەتی عێراق ڕۆڵێکی کاریگەری نییە لە چارەکردنی کێشەکان، جگە لەوەش کێشەی دیکە هەوڵی هەژموون و دەستوەردانی وڵاتان و هەوڵی گرووپە چەکدارەکان بۆ مۆنۆپۆلی، کێشەی گەورەی بەردەم عێراقن .
لە بەرامبەر ئەوەدا هەرێمی کوردستان لە زۆر ڕووەوە دۆخی باشترە لە عێراق، ژێرخانێکی باشتر و دۆخێکی سەقامگیرتر و سەلامەتتری هەیە؛ بەڵام هەندێک لە کێشەش بەرۆکی گرتووە لەوانە دراوی تایبەتی نییە و ناتوانێ سەربەخۆیانە قەرز بکات. هەرێمی کوردستان کە ئێستا بەرهەمی نەوتی لە نێوان 400 بۆ 500 هەزار بەرمیلە، زیاتر لە ٪10ـی کۆی نەوتی عێراقە، بەڵام بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق توانای بازاڕکردن و سوودبینین لە داهاتەکەی زۆر باشترە. سەرەڕای ئەو پێشکەوتنە، بەڵام بەهۆی گوشاری سیاسی لە هەندێک لایەنی عێراق و ئاستەنگی دیکە، کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان ئاڵنگاری زۆری لەبەردەمە .
ئێستا لە کەرتی گازدا، تەنیا هەرێمی کوردستان بڕی دیاریکراو لە گازی ناهاوتا بەرهەم دێنێت، ئەو گازەی کە لە نەوتەوە وەردەگیرێت و بەفیڕۆ ناچێت. کێڵگەی کۆرمۆر لە باشووری هەرێمەکە گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا دابین دەکات و ئێستا لە فراوانکردن دایە، بەڵام هێشتا زۆر کێڵگەی دیکە هەن کە پەرەیان پێ نەدراوە. هەرێمی کوردستان هاوشێوەی عێراق گازەکەی بەفیڕۆ ناڕوات، بەڵام هێشتا زۆر کاری دیکە ماوە بکرێت لە کانوونی دووەمی 2022 دا کۆمپانیای ئەگریکۆ ڕایگەیاند پلانیان هەیە و گرێبەستیان کردووە بۆ فراوانکردنی کێڵگەی گازی سەرقەڵا .
پێشینەی هەرێمی کوردستان بۆ دڵنیابوونە لە وزەی دابینکراوی کارە و پاش ئەوەش دابینکردنی گاز بۆ پیشەسازی، ئێستا بۆریەکی گاز لە هەولێرەوە بۆ دهۆک لە قۆناغی دروستکردندایە. گازی کۆرمۆر دەگوازێتەوە، هەرچەندە کۆرمۆر لە ماوەی ڕابردوودا کەوتە چەند هێرشێک بەلام کارەکانی ڕانەگیراون .
پاش دڵنیابوون و ئارامی لە دابینکردنی ژێرخانێکی باش بە فراوانکردنی کۆرمۆر و وێستگەی دیکە، دەکرێت هەرێمی کوردستان وەکو بژاردەیەک ببینرێت بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی گازی ئەوروپا لەجێگەی گازی ڕووسیا و ناوچەی دیکە ، هەر ئەو گازە دەتوانێ زۆر پرس لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕێت.
سەرچاوە: پەیمانگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست