نووسەران و ڕەخنە قەبوڵکردن

(چەند سەرنجێکی کورت)

ئەگەر سەرنج لە پانتایی ڕۆشنبیریی کوردی بدەین دەبینین دۆخ و بوونی ڕەخنە وەکو بەرهەمێکی مەعریفی و فیکریی لە دونیای ئێمەدا شێوێنراوە، یان زۆرجار ڕەخنەی جیدیش وەکو پێویست پێشوازی لێ نەکراوە لەبەر ئەوەی ترسێک لە دروستبوونی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و بەردەوامی و گەشەکردنی ڕەخنەدا هەیە، کە نەوە دوای نەوە لەنێو نووسەراندا گواستراوەتەوە. ترسێک کە بەشی هەرە زۆری نووسەرانی کوردی گرتوەتەوە، بەو پێیەی بەشی هەرە زۆریان خاوەنی پاشخانێکی مەعریفی نین و توانای هەزمکردنی ئەو ڕەخنانەیان نییە کە لێیان دەگیرێت. بێگومان ئەمەش پەیوەندی بەوەوە هەیە کە بەشی هەرە زۆری نووسەری کورد تەنها “تێکستنووسە بەبێ بوونی مەعریفە” نەک خاوەنی مەعریفەیەکی باڵا بێت کە تێکستەکانی بەرهەمی ئەو مەعریفە و بیرکردنەوەیە بن نەک شتی دیکە.

ڕەخنە؛ هەوڵێکە بۆ کەشفکردنی تێکست و کاری هونەریی. بینینی دیوە نەبینراوەکانی تێکست و کاری هونەرییە. هاوکات ڕەخنە هەوڵە بۆ دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان دەق و خوێنەر و زیاتر ناساندنی دەق/کاری هونەرییە بە خوێنەر. هەر کولتوورێک بێ ڕەخنەبێت، واتە کولتوورێکی مردووە و ئەگەر نوێبوونەوە و داهێنان تێیدا زۆر کەمە. ڕەخنە دەتوانێت بزوێنەری داهێنان و نوێکەرەی دونیای ئەدەب و هونەر و سەرجەم کایە کولتوورییەکان بێت. ناتوانین بڵێین هەر کولتوورێک ڕەخنەی تێدا نەبوو، ئەوا داهێنانی تێدا نییە، نەخێر، بەڵکو دەشێ ڕەخنە ببێتە بزوێنەری زیاتری داهێنان و تاودان بە بزاوتە هونەریی و ئەدەبییەکان.
پرسیاری ئەوەی بۆ دەبێت ڕەخنە قەبوڵ بکەین، ڕەنگە پرسیارێکی تازە نەبێت، بەڵام کاتێک کولتوورێک سەرتاپای لەسەر یەکتری قەبوڵنەکردن و ڕەتکردنەوەی یەکتری دروستبووبێت ڕەنگە نەتوانرێت باس لە قەبوڵکردنی ڕەخنە بکەین. بێگومان کاتێک باس لە قەبوڵکردنی ڕەخنە دەکەین، مەبەستمان هەڵبژاردنی بێدەنگی نییە لەبەرامبەر ڕەخنەدا (وەک بەشێک لە نووسەران وەها تەفسیری ئەمە دەکەن)، بەڵکو مەبەستمان ئەوەیە ڕۆحی قەبوڵکردنی ڕەخنەمان هەبێت. ڕۆحێک بتوانێت دیالۆگ لەگەڵ ڕەخنەکەدا بکات و تێی بگات و بە پاساوی جۆراوجۆر نەکەوێتە تۆمەت دروستکردن بۆ ڕەخنەگر و زۆرجاریش شکاندن و هەوڵدان بۆ ڕەفزکردن و سفرکردنەوەی تەواوی بۆچوونەکانی.
لە دونیای کوردیدا زۆرجار کاتێک ڕەخنەگرێک تێکستێکی ئەدەبی، یان کارێکی هونەریی ڕەخنە دەکات، کەسی ڕەخنەلێگراو لەبری ئەوەی هەوڵی تێگەیشتن و هەڵسەنگاندنی تێکستە ڕەخنەییەکە بدات دێت و تۆمەتی شەخستی بۆ ڕەخنەگرەکە دروست دەکات، یان هەوڵی بەلاڕێدابردنی ئامانجی دەقە ڕەخنەییەکە دەدات. بۆ ڕوونکردنەوەی مەبەستم دەمەوێت نموونەیەک بهێنمەوە. چەند ساڵێک لەمەوبەر لە لێکۆڵینەوەیەکدا ڕەخنەی شیعریی شاعیرێکی هاوڕێمم کردبوو، هاوڕێ شاعیرەکە هەوڵی وەڵامدانەوەی ڕەخنەکەی دا، بەڵام بەشێوەیەک کە تەواوی ئەو شتانەی من ڕەخنەم کردبوو ئەو هاتبوو باسی شتی دیکەی کردبوو و هەوڵی بەلاڕێدابردنی تەواوی نووسینەکەی من و خوێنەری دابوو، تا ئێرە بەلای منەوە ئاسایی بوو (هەرچەندە خۆی کردەکە نائاساییە)، بەڵام ئەوەی بەتەواوی کردەیەکی چاوەڕواننەکراو بوو ئەوە بوو لاقرتێی بە من کردووە وەکو نووسەرێک کە بێجگە لە وتار و توێژینەوەی ئەدەبی، هاوکات وتار لەبواری کۆمەڵایەتی و هونەریشدا دەنووسم و ئەمەی وەکو نەنگی باس کردبوو. ئەو هاوڕێ شاعیرە نەهاتووە ڕەخنە ناوەرۆکی وتارەکان بکات، تەنها پێی وابووە کە نابێت کەسێک کە فیگۆرێکی ئەدەبی و ڕەخنەیی هەیە وتاری کۆمەڵایەتیش بنووسێت؟ ئایا ئەمە ڕەخنەییە؟ یان شەڕکردنێکی شەخسی و بە تاکەکەسکردنی ڕەخنەیە؟ لێرەوەیە کە شەڕی من لەپێناو فراوانکردنی ڕووبەری ڕەخنەییدا لەبەر ئەوەیە کاتێک نووسەرێک/شاعیرێک ڕەخنە دەکرێت لانی کەم وەڵامی ئەو ڕەخنانە بداتەوە کەلێی گیراوە، نەک هەوڵی بەلاڕێدابردن و شێواندنی ڕاستییەکان بدات. لەکاتێکدا مەعریفەی وەڵامدانەوەی ڕەخنەشی نەبێت و لە پرسی ڕەخنە وەکو کایەیەکی کولتووریی تێنەگەیشتبێت.
بێگومان من پەسەندی ئەوە ناکەم کە لە بەرامبەر ڕەخنەدا بێدەنگی هەڵبژێردرێت، ئەمە دوورە لە زەمینەسازی بۆ دروستبوونی کولتوورێکی ڕەخنەیی و فراوانبوونی پانتایی ڕەخنەیی، بەڵام دژی ئەوەم نووسەران و شاعیران و هونەرمەندان کاتێک ڕەخنەیان لێ دەگیرێت بکەونە گەلەکۆمەکی لە کەسی ڕەخنەگر و زۆرجار بە جاهیل و نەخوێنەدەوار و گەمژە ناوی بەرن. کاتێک باس لە قەبوڵکردنی ڕەخنە دەکەین، واتە باس لەوە دەکەین پێویستە لە بەرامبەر ڕەخنەدا ڕۆحییەتێکی شەڕەنگێزانەمان نەبێت و دوور بکەوینەوە لە بەخشینەوەی تۆمەت و ناوزڕاندنی ڕەخنەگران. ئەوەیشی پێویستە فەرامۆشی نەکەین ئەوەیە کارکردن لەنێو دونیای ڕەخنەدا و بوون بە ڕەخنەگر بەبێ ئاگاداربوون لە سەرچاوە مەعریفییەکان و پاشخانێکی زۆری مەعریفی دەستەبەر ناکرێت و ئەوەشی لافی ئەوە لێ بدات بەبێ ئەوانە هەم خۆی و هەم خوێنەرانیش بەهەڵەدا دەبات.

ھەواڵی زیاتر