دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان لەسەر كوشتنی چوار هاووڵاتیی شاری دهۆك لە تورکیا بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.
لە بەیاننامەکەی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤدا هاتووە: ”بەرەبەیانیی ئەمڕۆ 19/1/2023، لە شاری مێردین لە وڵاتی توركیا چوار هاونیشتمانیی شاری دهۆك شەهید کران و یەكیكی دیکەش بەسەختی بریندار كرا كە بە مەبەستی چارەسەری پزیشكی ڕوویان كردبووە وڵاتی توركیا.”
ئاماژە بەوەش دراوە: ”ئێمە لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەتوندی ئیدانەی ئەم كردەوەیە دەكەین، پەیامی سەرەخۆشییش ئاراستەی خانەوادەکانیان دەکەین و داواكارین حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ لە ڕێگای پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانیانەوە لێكۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەم بابەتە بكەن لەگەڵ حكوومەتی توركیا، بۆ ئەوەی بكەرانی تاوانەكە بە سزای یاسایی بگەیەنرێن و كردەوەی لەم جۆرە دووبارە نەبنەوە.”