پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

بڵاوکردنەوەی ئامارەکانی ئابووریی ئەمریکا نرخی نەوتی دابەزاند

بەهۆی بڵاوکردنەوەی ئامارەکانی ئابووریی ئەمریکا کە دەریدەخەن ئابوورییەکی “لاواز”ـی هەیە، نرخی نەوت زیاتر لە یەک دۆلار دابەزی. لەلایەکی دیکەوە نرخی زێڕ بەهۆی گەشبینی بە ئاسانکردنی سیاسەتی نەختی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە، بەرزبووەوە.

نرخی نەوتی برێنت یەک دۆلار و 12 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێکی بە 83 دۆلار و 86 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا یەک دۆلار و 25 سەنت دابەزی و بە 78 دۆلار و 23 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

ئامارەکانی ئابووریی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەدەن کەرتی وردەفرۆشی و کەرتی کارگەکان و بەرهەمهێنان لە ئەمریکا پاشەکشەیان کردووە. ئەوەش وەک هێمایەک بۆ سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا چاوی لێدەکرێت کە کاریگەری دەبێت لە کەمکردنەوەی خواست بۆ ئەو کاڵا ستراتیژییە.

کەرتی وردەفرۆشی لە ئەمریکا لە مانگی 12 دا بە رێژەی 1.1٪ دابەزیوە کە کەمترین ئاستی بووە لە ماوەی یەک ساڵدا.

هەروەها قەبارەی بەرهەمهێنان لە مانگی 12 لە ئەمریکا بە رێژەی 1.3٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە کە زیاتر بووە لە ئاستی پێشبینییەکان.

تینا تێنگ، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکانی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی CMC Market لەو بارەیەوە رایگەیاند، “خراپیی داتا ئابوورییەکانی ئەمریکا نیگەرانییەکانی زیاد کردووە لەسەر سستبوونەوەی ئابووریی ئەو وڵاتە.”

تێنگ دەڵێت، “سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا نرخی ئەو کاڵایانە دادەبەزێنێت کە هەستیارن بە گەشەی ئابووری.”

نرخی زێڕ بۆ نزیکەی 1909 دۆلار بەرزبووەوە 

بەهۆی گەشبینی بە ئاسانکردنی سیاسەتی نەختی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ نرخی زێڕ بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەک بە نزیکەی 1909 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت. 

نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕیش لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بە رێژەی 0.1٪ بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 1906 دۆلار.

بیروڕای جیاواز هەیە لەنێوان سەرۆکی لقەکانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر چۆنییەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ سوودی بانکی لە مانگی داهاتوودا.

سەرۆکی لقی فێلادلفیای بانکی ناوەندیی ئەمریکا و سەرۆکی لقی دالاسی ئەو بانکە پێیان وایە دەبێت سوودی بانکی بە رێژەیەکی کەمتر بەرزبکرێتەوە، بەوپێیەی کە بەرزکردنەوەکانی سوودی بانکی لە ساڵی 2022 دا کاریگەریی بەرچاوی لە کۆنترۆڵکردنی رێژەی هەڵاوسان داناوە.

بازرگانانی زێڕیش چاویان لەوەیە کە مانگی داهاتوو بانکی ناوەندیی ئەمریکا تەنیا بە رێژەی 0.25٪ سوودی بانکی بەرزبکاتەوە. ئەگەر ئەم پێشبینییە راست دەربچێت، کاریگەریی بەرچاوی لەسەر بەرزکردنەوەی نرخی زێڕ دادەنێت.