شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

وڵاتان، بەشداریی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی داڤۆس، بە گرنگ دەزانن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بە بەشداری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ٥٣ـیەمین کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس لە سوێسرا دەستی بە کارەکانی کرد و بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت. لە کۆڕبەندەکەدا جگە لە باسکردنی کێشە ئابوورییەکان، سەرۆکی حکوومەت چەندین دیداری گرنگی سیاسی و ئابووری لەگەڵ سەرکردە و کەسایەتییەکانی جیھان دەکات، ئەمەش کاریگەری لەسەر پێگەی سیاسی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان دەبێت. ھەروەھا کۆڕبەندەکە دەرفەتێک دەبێت بۆ ئەوەی وەبەرھێنەرانی جیھان ڕوو لە ھەرێم بکەن، ئەوەش بۆ ژێرخانی ئابووری ھەرێمی کوردستان گرنگە.

داڤۆس
داڤۆس شارۆچکەیەکە لە دامێنی چیای ئالپ، کە بەرزترین شارۆچکەی ئەوروپایە و بەرزییەکەی دەگاتە ١٥٦٠ مەتر لەسەر ئاستی ڕووی دەریا، یەکێکە لە شارە جوان و دڵفڕێنەکان، کەوتووەتە سەر ڕووباری لاندویسەر لە ناوچەی براتیگۆی سەر بە ھەرێمی گرۆباندن لە سوێسرا؛ ڕووبەری ئەم شارە دوو سەد و پەنجا و چوار ھەزار و چل و ھەشت کیلۆمەترە، ژمارەی دانیشتووانەکەی بەگوێرەی ئاماری ٢٠١٥ دەگاتە یازە ھەزار و سەت و نۆ کەس. شارێکی بەناوبانگە بۆ وەرزشی زستانە، بەتایبەتی خلیسکێنەی سەر بەفر. ساڵانە لە وەرزی زستاندا، بەھۆی سرووشتە بەفراوییەکەیەوە، گەشتیارێکی زۆر سەردانی دەکەن.لە ساڵی ١٢٨٠ی زایینی لە لایەن ڕۆمانەکانەوە کۆچ بەرەو ئەو شارە دەستی پێ کرد، دواتریش بووە بەشێک لە سوێسرا و زۆرینەی دانیشتووانەکەی بە ڕەگەز خەڵکی ئەڵمانن و بە زمانی ئەڵمانی قسە دەکەن.

مێژووی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی داڤۆس
کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس، کە بە کۆڕبەندی ئابووری جیھان ناسراوە، لەلایەن رێکخراوێکی ناحکومی قازانج نەویستەوە بە ھەمان ناو سەرپەرشتی کاروبارەکانی دەکرێت و بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٧١ کڵاوس شواپ، پرۆفیسۆر لە زانکۆی جنێڤ بیرۆکەی ئەو کۆڕبەندەی داڕشتووە، ساڵانە لە مانگی کانوونی دووەم بەڕێوەدەچێت. لە ساڵی ١٩٧٤ بۆ یەکەمجار بانگھێشتی سیاسەتمەداران کرا و تا ئێستا بە بەشداریی سیاسەتمەدار و سەرمایەداران و سەرکردە جیھانییەکاندا بەڕێوەدەچێت.
ئەمساڵ کۆڕبەندەکە لەژێر ناونیشانی “ھەماھەنگی لە جیھانێکی پەرتەوازەدا ” بەڕێوەدەچێت، زیاتر لە ٢٥٠٠ سەرکردە، نوێنەری وڵاتان، بازرگان، چالاکوان، کەسانی کاریگەر و خاوەن پێگەی تێدا بەشدارن. بەگوێرەی بەرنامەی کۆڕبەندەکە، ئەو قەیرانانەی کە لە کۆڕبەندەکەدا باس دەکرێن بریتین لە قەیرانی خۆراک، وزە، ھەڵئاوسان، سستیی گەشەی ئابووری، پیشەسازی و ڕۆڵی کەرتی تایبەت، کێشە کۆمەڵایەتییەکان و مەترسییە جیۆسیاسییەکان. کۆڕبەندەکە پلاتفۆرمێکە بۆ دۆزینەوەی چارە بۆ ھەموو ئەو کێشە و ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی جیھان بوونەتەوە. بۆ ئەمساڵ ئامانجیەتی بە دیالۆگ و ھەماھەنگیی ھەردوو کەرتی تایبەت و گشتی چارەیەک بۆ قەیرانە جیھانییەکان بدۆزنەوە.

کێن ئەوانەی لە کۆڕبەندەکەدا بەشدارن؟
لە ٥٠ ساڵی ڕابردوودا داڤۆس بووەتە پلاتفۆرمێکی گرنگ بۆ کۆکردنەوەی نوێنەرانی حکوومەت، بزنس، ئەکادیمی، چالاکی کۆمەڵایەتی و کەسانی خاوەن پێگە لەژێر چەترێکدا و ئەم کۆڕبەندە بووەتە ھۆی چەندین ڕێککەوتنی گرنگ لە نێوان وڵاتان و کۆمپانیاکان و چارەش بۆ چەندین قەیرانی جیھانی دۆزراوەتەوە. سەبارەت بەو کۆمپانیا جیھانیانەی کە بەشداری ئەو کۆڕبەندە دەکەن، مەرجە ئەندام بن لە کۆڕبەندەکە و ‌داھاتی ساڵانەشیان لە ملیارێک دۆلار زیاتر بێت. ھەروەھا ساڵانە زیاتر لە دوازدە ھەزار دۆلار وەک ئابوونە بە ڕێکخەرانی کۆڕبەندی داڤۆس بدات بۆ بەشداری لە پانێلەکانیش دەبێت دوو سەد و پەنجا ھەزار دۆلار بدات، ئەگەر ھاوبەشی ساڵانەش بێت نزیکەی هەشتا ھەزار دۆلاری ساڵانە دەدات.

دیدارەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم
جگە لەوەی دوێنێ سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ چەندین سەرکردە و کەسایەتی جیھان کۆبووەوە لە ماوەی ٤ ڕۆژی کۆڕبەندەکەدا، سەرۆکی حکوومەت چەندین پانێڵ و دیداری گرنگی لەگەڵ سەرکردەکانی جیھان دەبێت. لەو کۆبوونەوانەدا، چەندین بابەت تاوتوێ دەکرێن؛ لەوانە، ھەمەچەشنکردنی ئابووری، گرنگیدان بە خزمەتگوزارییە بانکییەکان، دۆزینەوەی بازاڕی نوێ بۆ بەرھەمە کشتوکاڵییەکانی کوردستان، وەبەرھێنان لەبواری کانزا و نەوت و گاز و وزەی پاک، بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەش و ھەوا و وشکە ساڵی. ئەمانە و جیا لە پێشھات و گۆڕانەکانی ھەرێمی کوردستان و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە.

گرنگی کۆڕبەندی داڤۆس بۆ ھەرێمی کوردستان
لە ئەنجامی کۆبوونەوەکانی سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ کۆمەڵێک خاوەنکار و وەبەرھێنەران و نوێنەری وڵاتانی کەنداو لە کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس لە ساڵی ڕابردوو، توانرا پڕۆسەی ھەناردەکردنی ھەناری کوردستان بە سەرکەوتووی بەڕێوەبچێت و ھەناری کوردستان گەیشتە چەند وڵاتێکی کەنداو و ئەم پڕۆژەیە ھەتا ئێستاش بەردەوامە، ھەروەھا ئێستا کار دەکرێت بۆ ھەناردەکردنی بەرھەمی دیکەی خۆماڵی بۆ وڵاتانی کەنداو. لە ھەمانکاتدا گفتوگۆ لەگەڵ وەبەرھێنەران و بازرگانە نێودەوڵەتییەکان بەردەوامە دەربارەی دەرفەتەکانی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لە بوارەکانی وزە و بانک و بە دیجیتاڵکردن و بنیاتنانی ژێرخان و پیشەسازیدا.
کارۆخ خۆشناو، شارەزا لە سیاسەتی نێودەوڵەتی،دەڵێ: ئەو جۆرە کۆڕبەندانە گرنگن بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کێشانەی کە جیھان بە دەستییانەوە گرفتارە، چۆنییەتی چارەکانیش دەستنیشان دەکات. بەشداریی ھەرێمی کوردستان، لە کۆڕبەندی داڤۆس گرنگە. پرسی کورد لە پرسێکی لۆکاڵییەوە دەکاتە پرسێکی نێودەوڵەتی. گەیاندنی دەنگی کوردە بەناوەندە نێودەوڵەتییەکان، چونکە لەم جۆرە کۆڕبەندانەدا کۆمەڵێک دیدار و کۆبوونەوەی زۆر گرنگ بەڕێوەدەچن. دیارە سەرۆکی حکوومەت کۆمەڵێک دیداری گرنگی دەبێت، لە ھەموو دیدارەکانیش باس لە گەیاندنی دەنگی کوردە بە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، لەگەڵ ئەوەی سەرۆکی حکوومەت لەو جۆرە کۆڕبەندانە لە ڕێگەی دیبلۆماسییەوە وەبەرھێنان دەکات.
خۆشناو، گوتیشی: کوردستان لەسەر نەخشەی وزەی جیھانی پێگەیەکی تایبەتی ھەیە. ئەو وڵاتانەی بەشدارن لە کۆڕبەندەکەدا چاویان لەوەیە وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان بکەن. دەکرێت لە دیدار و کۆبوونەوەکاندا کۆمەڵێک گرێبەستی گرنگ بکرێن. ھەرێمی کوردستان زیاتر بناسرێت و دەتوانێت لە بازاڕی جیھانی شوێن پێی خۆی بکاتەوە، دەتوانێت ھاوکاری وڵاتان بێت لە دابینکردنی وزە، ھەتا لە ڕووی کەرتی کشتوکاڵییەوە کە توانیویەتی ھەندێک بابەت ھەناردە بکات، ئەوەش جێگەی دەستخۆشیە و دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ ھەرێمی کوردستان، ئەوەش یەکێک دەبێت لە ئەجندایەکانی سەرۆکی حکوومەت بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونیی بداتە وڵاتان و بانگھێشتی ھەرێمی کوردستانیان بکات، بۆ ئەوەی وەبەرھێنان بکەن.
د. رێبەر فەتاح، مامۆستا لە کۆلێژی کارگێڕی و ئابووری لە زانکۆی دھۆک، دەڵێت: ھەرێمی کوردستان بەھۆی ھەڵکەوتە جوگرافیایەکەی وای کردووە وڵاتان و سەرکردە جیھانییەکان ھاوشێوەی وڵاتێکی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ شاندی ھەرێمی کوردستان بکەن. کوردستان شوێنێکی ئارام و لەبارە بۆ وەبەرھێنان، دەتوانێت سەرنجی کۆمپانیاکانی جیھان بۆ وەبەرھێنان لە کوردستان ڕابکێشێت؛ بۆیە کۆڕبەندی داڤۆس ھاوکار دەبێت کە کۆمپانیا جیھانییەکان زیاتر ڕوو لە ھەرێم بکەن، ئەوەش وا دەکات کوردستان لەرووی سیاسیی و ئابوورییەوە بووژانەوەیەکی باش بەخۆیەوە ببینێت.
د. رێبەر، دەشڵێ: بەشداریی سەرۆکی حکوومەت لە کۆڕبەندی داڤۆس گرنگە، چونکە داڤۆس گەورەترین کۆبوونەوەی ئابوورییە لەسەر ئاستی جیھان. لە کۆڕبەندەکەدا جگە لەوەی باس لە کێشە و ڕێگەچارەیان دەکرێت، ھەرێمی کوردستان دەتوانێت لە جیاتی وڵاتانی دیکە کە ئێستا کێشەیان ھەیە، گاز ھەناردەی ئەوروپا بکات. ئەوەی دیکە کۆمپانیا جیھانییەکان ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن و وەبەرھێنان دەکەن، پەیوەندییەکی ئابووری بەھێز، ھەتا لە ڕووی سیاسییەوە پەیوەندییەکانی ھەرێم لەگەڵ وڵاتان بەرەو پێشەوە دەچێت، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە ھەر بابەتێکی ئابووری لەسەر ئاستی جیھان گفتوگۆی لەسەر بکرێت دەبێت ھەرێمی کوردستان بەشێک بێت لە گفتۆگۆیەکان.