شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

ژینگەی فێرکاریی دەبێت چۆن بێت؟(چەند سەرنجێکی کورت)

ئارام کۆشکی

سەرەتا دەبێت ئەو پرسیارە بکەین، کە ژینگەی فێرکاریی دەبێت چۆن بێت؟ بێگومان ژینگەی فێرکاریی گرنگییەکی زۆری لەسەر حەزی فێربوون و خۆشەویستی بۆ خوێندنگە هەیە. بەو پێیەی فێرخواز لە ڕۆژێکدا بەشێکی زۆری کاتەکانی ژیانی لەوێ بەسەر دەبات و ئەمەش پێویستە کە لە ژینگەیەکدا بێت کە شایستەی ئەوە کاتە بێت کە تێیدا دەمێنێتەوە. بێگومان من نامەوێت بەراوردی ژینگەی فێرکاریی وڵاتانی پێشکەوتوو لەگەڵ وڵاتی خۆمان بکەم مەگەر لە جێگەی زۆر پێویستدا، چونکە نووسینەکەم بەراوردکاری نییە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ژینگەی فێرکاریی پێویستە ژینگەیەکی شیاو و سەلامەت و شایستەی ژیان بێت. شایستەی ئەوە بێت، کە فێرخواز لە تەمەنە جیاوازەکاندا لە خۆ بگرێت.
بێگومان خاڵێک هەیە زۆر زۆر گرنگە کە تا ئێستا زۆر کەمی لەنێو سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستاندا ڕەچاو کراوە ئەویش ئەوەیە کە هەر تەمەن و قۆناغە پێویستی بە ژینگە و تایبەتمەندی هەیە لە ڕووی دیزایینی بینا، ڕەحلە، دیزایینی پۆل، باخچە و یاریگە و سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی دیکە. لە هەرێمی کوردستاندا تا ئێستا ڕەچاوی ئەمە نەکراوە و ئەمە یەکێکە لە خاڵە لاوازەکانی سیستمی پەروەردە، کە ئەو ژینگەیەی کە فێرخوازێکی تەمەن حەوت ساڵ تا 12 ساڵ تێیدا دەخوێنێت و ئەو کەرەستانەی بەکاری دەهێنێت زۆر جیاوازە لەو کەرەستانەی کە فێرخوازێکی 13 ساڵ تا 18 ساڵ بەکاری دەهێنێت. بۆ نموونە شوێنی وانە خوێندن، ڕەحلە، بەرزی و نزمی وایت بۆرد، مەغسەل و باخچە و یاریگە.
ڕەنگە ئەم نموونەیە سەرەتاییترن نموونە بێت لە ڕەچاو نەکردنی ژینگەی فێرکاریی لە نێو سیستمی پەروەردە لە هەرێمی کوردستاندا.
کاتێک باس لە ژینگەی فێرکاری دەکەین، مەبەستمان هەموو ئەو شتانەیە کە ڕۆڵیان لە دروستبوون و سازدانی زەمینەی فێرکاریی هەیە. بەر لە هەرشتێک دیزایین و شوێنی بینای خوێندنگە یەکێکە لە خاڵە بنەڕەتییەکانی فەراهەمکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ فێرخوازان. دواتر ئەو جێگایانەی کە خوێندکار ڕۆژانە تێیدا دەمێنێتەوە. ئەو پۆلەی کە وانەی تێدا دەخوێنێت، ئایا بۆ پۆلە بۆ هەموو وانەکان شیاوە؟ ئەم پرسیارێکی سەرەتاییە. بەڵام هەرگیز ئەو پۆلەی بۆ وانەی بیرکاری بەکار دەهێنرێت هەمان پۆل بۆ وانەی زیندەوارزانی، یان فیزیا، یان کیمیا، یان وانەی هونەر و وانەکانی دیکە بەکار نایەت. یان دروستترە بڵێم کە ژینگەکەی لەبار و گونجاو نییە، بۆیە زۆر گرنگە هەر وانەیە و پۆلی تایبەت بەخۆی هەبێت بە دیزایین و کەرەستەی تایبەتی خۆیەوە.
لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا سەردانی چەند خوێندنگەیەکم کردووە بەتایبەت هەندێک لە خوێندنگە نموونەییەکان ڕەچاوی ئەم خاڵەیان کردووە و تاڕادەیەکی زۆریش سەرکەوتوو بوون. بەڵام پێویستە تەنها چەند نموونەیەکی کەم لە شارێکدا نەبن، بەڵکو ڕەخساندنی ژینگەی ڕاستەقینەی خوێندن بۆ هەموو جێگەیەک پێویستە.
نموونەیەکی دیکە دەکرێت ئاماژەی پێ بکەین ئەوەیە کە هەڵبژاردنی شوێنی بینای خوێندنگە، کە یەکێکە لە ئەرکە گرنگ و سەرەکییەکانی وەزارەتی پەروەردە و پێویستە بیر لە هەموو ئەگەر و پێشهات و لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی بکاتەوە. بۆ نموونە لە هەڵبژاردنی شوێنی بینای خوێندنگەدا پێویستە ڕەچاوی ئەوە بکرێت کە خوێندنگەکە لە شەقامی سەرەکی و زۆر قەرەباڵغەوە دوور بێت، کە ئەمە کاریگەریی لەسەر تەرکیزی خوێندکار و دەبات لە کاتی دروستبوونی دەنگە دەنگی زۆر و هەر حاڵەتێکی دیکە. چونکە فێرخواز پێویستی بە ژینگەیەکی زۆر ئارامە تا هەست بە دڵنیایی و هێمنی بکات و ئەمەش تەرکیزی زیاتر دەکات باشتر ئامادەی دەکات بۆ پرۆسەی فێربوون.
خاڵێکی دیکە پێویستە خوێندنگە لە فەرمانگە و جێگەی دوور لە ژینگەی پەروەردەییەوە دوور بێت، کە ئەمەش گرنگی خۆی هەیە ناکرێت خوێندنگە لە دەزگای ناپەروەردەییەوە نزیک بێت، یان نزیکی ژینگەیەک بێت کە دوورە لە پرۆسەی پەروەردەوە بۆ نموونە نزیکی لە باڕ و مەیخانەکان.
بێگومان قسەکردن لەسەر زەمینەسازی بۆ فەراهەمکردنی ژینگەیەکی پەروەردەیی کارێکی ئاسان نییە، بەڵام بەرنامە و وردبوونەوەی دەوێت و لە هەفتەکانی دیکەدا هەوڵ دەدەم لەسەر چەند تەوەرەیەکی دیکەی ئەم بابەتە هەڵوەستە بکەم.