چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

لە شارۆچكەی سەیدسادق كچێكی نابینا دەبێتەیەكەم شاعیر

سومەیە كەمال كچێكی تەمەن 20 ساڵانە لە قەزای سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی ماوەی چوار ساڵە شیعری كلاسیك دەنووسێت خاوەنی نامیلكەیەكی شیعرە بە نای (چرپەیەك) چەندین خەڵاتی لەسەر نووسینی شیعرەكانی وەرگرتوە.

سومەیە بۆ (هەولێر) دەڵێت” تەمەنم پانزە ساڵان بوو، زۆر كاریگەری شێعرەكانی مەحوی ‌و نالیم لەسەر بوو؛ بەهۆی باوكمەوە گوێبیستی شیعر دەبووم، ئارەزووی هەموو شیعرێكی كلاسیك دەكەم خاوەنی نامیلكەیەكی شیعریم كە لەپەنجا شیعر پێك هاتووە سەرجەمیان شیعری ڕۆمانتیكن ماوەیەكی زۆری ویستووە تا نووسیومن”.
ئەو هەر لە زکماکەوە چاوەكانی نابینێت تەنها لەرێگەی ڤۆیس ریكۆردێكەوە دەستەكانی لەسەر موبایلەكەی دەجووڵێنێت ‌و دەنگ دەردەكات پێی دەڵێت وەزن ‌و قافیەی شیعرەكەی دروستە یان نا، ئەوكات لەدوای دڵنیابوونەوە و چەند جارێك گوێگرتن لە دەنگەكە دڵنیا دەبێت، كە ئەوەیە لە بیر و خەیاڵ ‌و مێشكیدا وێنای كردووە ئەوكات لە موبایلەكەیدا دەیهێڵێتەوە و ناوی دەنێت شیعرەكانی سومەیە.
سومەیە ئێستا قوتابیی قۆناغی سێیەمە لە بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانكۆی سلێمانی ئەو لەگەڵ هیوایەتی بۆ كاری شیعرنووسین ‌و خوێندنەوە زۆر ئارەزوو دەكات ببێتە گەردوونناس، بەڵام بەهۆی ئەوەی نابینایە ئەو خەونەی بۆ نەهاتۆتە دی؛ خۆی گوتەنی “زۆر خەفەتم خوارد كە وتیان نابینایت ناتوانیت لە بەشی زانستی لە قوتابخانە بخوێنیت؛ بەو هۆیەوە ئێستا ئەو هیوایەتم لە بیرۆكەمدا دروست بوو خوێندنم تەواو كرد ئارەزوومە ببمە وەرگێڕ لە زمانی ئینگلیزی، چونكە بە كارێكی گرنگی دەزانم “.
سومەیە زیاد لە دە خەڵاتی بەدەست هێناوە كە زۆرینەیان لەسەر خوێندنەوە‌ و نووسینی شیعرەكانی بووە؛ سەرجەمی خەڵاتەكانی پاراستووە لەسەر ئاستی قوتابخانەكان لە شارۆچكەی سەیدسادق یەكەم شاعیرە وەك كچێك لەسەر ئاستی پارێزگاری سلێمانی یەكەم شاعیری نابینایە بە تەمەنێكی كەمەوە شیعر بنووسێت”.
باوكیان وەك سەرۆك خێزان ‌و باوكی سێ كچی نابینا كە بۆ خۆیشیان نابینان زۆر دڵخۆشە بە كچەكانی؛ بە خەمڕەوێنی ژیانی ناویان دەبا؛ زۆر هاوكارییان دەكات تا لە خوێندندا سەركەوتوو بن.
كەمال جەلال باوكی سومەیە دەڵێ “بە دەنگ ‌و بۆنی سێ‌ كچە نابیناكەم زۆر دڵخۆشم؛ ئەوان خەمیان لە دڵمدا نەهێشتووە، خۆم بەبەختەوەر دەزانم ئەوان دەخوێنن، خۆیشم خوێندەواریم هەیە؛ هەموو هەوڵێكم سەركەوتنی ئەوانە لە ژیاندا تا نەبنە ئەرك بەسەر كۆمەڵگەوە، بەڵكو خزمەتكاری كۆمەڵگا بن ئەوە ئاواتی منە بۆ كچەكانم”.
وتیشی”بە هۆی خۆشەویستی بۆ كچەكانی رێكخراوێكی بە ناوی سایەی كچمەوە ناو ناوە، كە ١٥٠٠ ئەندامان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا سێ‌ كچەكەی داوای هەرچیەک بكەین بۆیان جێ‌بەجێ‌ دەكات كەچەند جار بۆ پێداویستی تایبەتی خوێندنیان بە نابینانی چووەتە هەولێر تا كەلوپەلی خوێندیان بۆ دابین بكەم ناوەستم لە خزمەتكردنیان”.
دایكیان كە چاوساخی خێزانەكەیە باسی ئەوە دەكات هەموویان وەك هاوڕێ پێكەوە دەژین بەردەوام هاوكارییان دەكات؛ زۆر یەكتریان خۆش دەوێت زۆر گرنگی بە كارەكانیان دەدەین وەکو كەسێكی ئاسایی ژیانی ڕۆژانەیان بەڕێ دەكەین.
حەنیفە عەلی دایكی سومەیە وتی: “لە باوكیانەوە هەرسێ كچەكەم نابینان تەنیا من چاوساخیانم هەرچی كاری بازاڕ و كاروباری ماڵەوەیە خۆم دەیكەم، كچەكانمم زۆر خۆش دەوێت؛ لە ماڵەوە زۆر گوێڕایەڵن زۆر منیان خۆش دەوێت زۆر كات دەیانەوێت كارێكم بۆ بكەن من نایەڵم بەردەوام چاوم لێیانە شانازییان پێوە دەكەم”.