چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

هاوپەیمانان: لە هاوکاری و هەمەهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە بەردەوام دەبین

ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ 10ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، وه‌زاره‌تی پێشمەرگەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: جێگرانی سەرۆک ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی هێزەکانی هاوپەیمان، کە پێکهاتبوون لە كۆڵۆنێڵ فالکۆڤەر  جێگری سەرۆکی تیمی راوێژکارانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی مەشقی هاوپەیمانیەتیەکە، کۆبوونەوە.

لە کۆبونەوەکەدا كه‌ نوێنەری فەرماندەیی هێزەکانی 70 و  80 و هەردوو فەرماندەی فیرقەكان ئامادەیبوون، گفتوگۆ لەبارەی کاروباری وەزارەتی پێشمەرگە و چۆنییەتی بەرێوەچوونی پڕۆسەکانی مەشق و راهێنان بۆ كارمەندان و ئەفسەرانی فیرقەكان کرا.

تیشکخرایە سەر هەماهەنگی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

هه‌روه‌ها باس لەهەنگاوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی  و چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان کرا، لەمبارەیەوە شاندی هاوپەیمانان دووپاتیانکردەوە، ئەوان لە هاوکاری و هەمەهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە بەردەوام دەبن و هیوایانخواست پڕۆسەی چاکسازی له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌  بەخێراتر بەرێوەبچێت.