حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری کەمکردنەوەی پارەی نەبەستنی پێوەری ئاوی دەرکرد و بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆش دەڵێ، پێویستە ھاووڵاتیان سوود لە بڕیارەکەی حکوومەت وەربگرن و پابەند بن بە بڕیاری بەستنی پێوەری ئاو.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “جارێکی دیکە حکوومەت بۆ بەرژەوەندیی ھاووڵاتیان بڕیاری دا بە داشکاندنی سزای نەبەستنی پێوەری ئاو و ھەشتا ھەزار کرێی یەک مانگ کەم کرایەوە بۆ ٤٥ ھەزار دینار، بەپێچەوانەوە ئەوەی پابەند نەبن بە بڕیاری حکوومەت بۆ گرێدانی پێوەری ئاو ئەوە بۆ ساڵی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢ بۆ ھەر مانگێک ٨٠ ھەزار دیناریان لێ وەردەگیرێت، چونکە بڕیارەکەی حکوومەت دەرفەتێکە بۆ ئەوەی ھاووڵاتیان سوودمەند بن لە کەمکردنەوەی پارەی سزای نەبەستنی پێوەری ئاو.
ئاری ئەحمەد ڕوونی کردەوە: “حکوومەت قەرزێکی زۆری ئاوی لای ھاووڵاتیان و فەرمانگەکانە و ئێستا ئەو پارەیەی کرێی ئاو کە نەگەڕاوەتەوە بۆ حکوومەت گەیشتووەتە ٤٠٠ ملیار دیناری ئاری ئەحمەد گوتیشی: “چەند جارێکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داشکاندن بۆ ھاووڵاتیان دەکات و لە کۆتایی ساڵی ڕابردووش بەھۆی داشکانی حکوومەتەوە ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتیان سوودمەند بوون لە بڕیارەکە و پابەندبوون بە بەستنی پێوەری ئاو، ئەوەش وای کرد ڕۆژانە ھاووڵاتییەکی زۆر سەردانی فەرمانگەکانی ئاو بکات لە ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان.”