پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

كرمانج عه‌بدوڵا: یەكێتی راست دەكا، كێشەی سەرەكی پۆستەكان نیە، كێشە تیرۆر و دزی و نەگەڕاندنەوەی داهاتەكانە

به‌رپرسی لقی 16ی پارتی دیموكراتی كوردستان، وه‌ڵامی راگه‌یه‌نراوی یه‌كێتی ده‌داته‌وه‌ له‌سه‌ر پرسی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ پارتی و پێیان دەڵێت: ”نازانین یه‌كێتی چی ده‌وێت و ده‌یه‌وێ به‌ كوێ بگات؟“

لە كاتێكدا پارتی دیموكراتی كوردستان چەندان جار جەختی لە ویستی خۆی بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی تێبینییەكانیان لەسەر یەكتر لەگەڵ یەكێتی كردووەتەوە، كەچی یەكێتی لەجیاتی دانیشتن و گفتوگۆی راستەوخۆ، لە ڕێگەی میدیای فەرمی و سێبەری خۆیەوە، پەیامی جۆراوجۆر و هەندێك جار هەڵمەتی چەواشەكارانە دژی پارتی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەبات.

لە بەرامبەردا كرمانج عه‌بدوڵا، به‌رپرسی لقی 16ی پارتی، بۆ گوتی: “ئێمە تێناگه‌ین یه‌كێتی چی ده‌وێت؟ خەڵكیش تێناگه‌ن، ئاخر پارتی چی له‌ سلێمانی كردووه؟‌ خۆتان ده‌ڵێن پارتی له‌ودیوی دێگه‌ڵه‌وه‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتی نییه،‌ ئیتر خێره‌ بۆ كاره ‌باشه‌كان خۆیان ده‌یكه‌نه‌ ده‌سكه‌وت، كه‌ نیانه،‌ كەچی كارە خراپه‌كان به‌سه‌ر پارتیدا ده‌هێنن؟ خێره‌ سه‌رۆكی حزبێك لەجێی حكوومەت و دامەزراوەكان بڕیار ده‌دات؟ ئه‌مه‌ چ په‌یوه‌ندیی به‌ حكوومه‌ته‌وه‌ هه‌یه؟‌ ئه‌سڵه‌ن گوناحه‌ ئیداره‌ی ناوخۆی سلێمانی به‌و شێوه‌ی لێ بكرێت، ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یكه‌ن مافیاگه‌راییه،‌ ئه‌و مافیاگه‌راییه‌ لە ئیدارەشدا ده‌كه‌ن، خۆ بازرگانه‌كانی سلێمانی له‌ ترسی پارتی راناكه‌ن، بەڵكوو له‌ ترسی ئه‌و مافیاگه‌رییه‌ راده‌كه‌ن كە ئه‌وان ده‌یكه‌ن، داواكارم یه‌كێتی چاره‌سه‌ری مافیاكانی سلێمانی بكات و پاره‌ی ژێرزه‌مینه‌كان كە سەركردەكانی خۆی باسی دەكەن، بگەڕێنێتەوە بۆ خەڵك.“

ئەو سەركردەیەی پارتی ڕوونی كردەوە: ”ماڵی پارتی گه‌وره‌یه‌ و جێگای خه‌ڵكی دڵسۆز ده‌بێته‌وه‌ و پێمان خۆش نییه‌ له‌م كاته‌دا كه‌ گفتوگۆ و دانیشتن هه‌یه‌، ئه‌م راگه‌یه‌نراوه‌ نابه‌رپرسانه‌ بڵاو ده‌كه‌نه‌وه، یه‌كێتی هیچ رێوشوێنێكی تێدا نه‌ماوه‌، ده‌نا له ‌راگه‌یه‌نراوی له‌و شێوه‌یه‌دا ناكرێت ئاوا دۆخی كوردستان و دۆخی ده‌روونیی خه‌ڵكی كوردستان بشێوێنرێت، ئه‌وه‌نده‌ مافیاگه‌ریان هه‌یه،‌ ئه‌گه‌ر باسیان بكه‌ین نابڕێته‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ له‌لای یه‌كێتی كاری دادگا و یاسایی و سیاسی هه‌مووی تێكه‌ڵ كراوه‌ و رێز له‌ دادگا و یاسا ناگیرێت، یه‌كه‌ كارگێڕییه‌كانی حكوومه‌ت له‌ سلێمانی تووشی مه‌ترسی بوونه‌ته‌وه‌ و هه‌ر رۆژه ‌و هێزێكی ره‌ش و ده‌مامكدار هه‌ڵده‌كه‌وتنه‌ سه‌ر خه‌ڵك.“

كرمانج عه‌بدوڵا، به‌رپرسی لقی 16ی پارتی، راشی گه‌یاند: ”یەكێتی لە راگەیاندراوەكەیدا دەڵێ (كێشە لە ئاڵوگۆڕی پۆست نیە) راست دەكات، چونكە كێشە ئەوان دەستبەسرداگرتن و تاڵانكردنی داهاتی ئەو ناوچانەیە، داڵدەدانی تیرۆریستانە، ئێ خۆ ناكرێت حكوومه‌تی هه‌رێم له ‌به‌رامبه‌ر ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی ئه‌وان ده‌یكه‌ن، هی نەكات، ئه‌و عه‌قڵییه‌ته‌ی ئه‌وان نازانرێت هی چ سه‌رده‌مێكه! پارتی و حكوومه‌ت له‌سه‌ر پاراستنی گیانی خه‌ڵك سازش له‌سه‌ر هیچ ناكەن، پاراستنی ئه‌منییه‌تی خه‌ڵكی كوردستان هێڵی سووره‌ و ناكرێت یه‌كێتی ئه‌وه‌ی له‌ سلێمانی بۆی چووه‌ته‌ سه‌ر، له‌ شوێنه‌كانی دیكه‌ رێگایان پێ بده‌ین و بۆیان بچێته‌ سه‌ر، دەبێ لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕینیش ئەو تاڵانی و مافیاگەرییە راگرن.“

ده‌شڵێت: ”ئێمه‌ په‌رۆشین بۆ خه‌ڵكی سلێمانی و یەكیتی خەریكە ئەو شارە خۆشەویستە بەرەو ئاقارێكی خراپ دەبات لە هەموو روویێكەوە، ئه‌وان وه‌ك چەته‌گه‌ری ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتووه‌، بەڵام بێگومان رێگایان پێ ناده‌ین له ‌شوێنی تر ئه‌وه‌ بكه‌ن، یه‌كێتی تووشی گێژاو بووه،‌ نه‌ ده‌زانێت كاری حزبایه‌تی چییه‌، نه‌ ده‌زانێت كاری دادگا چییه‌، نه‌ ده‌زانێت كاری كارگێڕی چییه؟ ده‌یه‌وێت ئه‌و نموونه‌ سیاسه‌ته‌ی له‌ سلێمانی هه‌یه‌، بهێنێته‌ شاره‌كانی دیكه‌ و بابه‌ته‌كه‌ش تەنیا پارتی نییه، بەڵكوو‌ حكوومەت و خه‌ڵكی كوردستان ئه‌م نه‌هجه‌ی یه‌كێتییان قەبووڵ نییه