دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

عەتا قەرەداغی دەردەكەوێتەوە

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

هونەرمەندی ناسراو عەتا قەرەداغی، دوای ساڵانێكی زۆر بێدەنگی، ئەمساڵ چەندین بەرهەمی نوێ بڵاو دەكاتەوە و دەستپێكیش بە نوێكردنەوەی بەرهەمە كۆنەكانی دەست پێدەكات.

(ئازیز ئەمشەو) ناوی بەرهەمێكی پێشتری عەتا قەرەداغییە و نزیكەی ٢٨ ساڵ لەمەوبەر بڵاوی كردبۆوە، بەڵام بە بۆنەی داهاتنی ساڵی نوێوە گۆرانییەكەی نوێ كردەوە، لەو بارەیەوە عەتا قەرەداغی بە (هەولێر)ی راگەیاند، گۆرانییەكە لە ئەرشیف ماوە، بەڵام بەكەڵكی بڵاوكردنەوە نەماوە بەهۆی ئەوەی لەو سەردەمەدا ئامێرەكانی موزیك و تۆماركردنیش وەك ئێستا پێشكەوتوو نەبوون، بەڵام بەرهەمێكی جوانە، هۆنراوە و ئاوازی خۆیەتی و موزیك و دابەشكردنی مامۆستا ئەنوەر قەرەداغییە، بۆیە پێیان باش بوو بەرهەمەكە نوێ بكەنەوە و ئەمجارەش هونەرمەند بڵند قەرەداغی ئامادەی كردۆتەوە و بڕیار فەتاحیش كاری دەرهێنانی كلیپەكەی كردووە.
قەرەداغی روونی كردەوە، بۆ ئەمساڵ چەند بەرهەمێكی دیكەشی بەدەستەوەیە؛ یەكێكیان بەرهەمی مامۆستا ئەنوەر قەرەداغییە وەك ئاواز و موزیك، ئەوە نوێ دەكەنەوە و سێ چوار بەرهەمی نوێش ئامادە دەكات.
عەتا قەرەداغی یەكێكە لەو هونەرمەندانەی لە ساڵانی هەشتا و نەوەدەكان و پاشان تا كۆتایی دەهەی یەکەمی هەزارەی سێهەم، لە كاری هونەری بەردەوام بوو، یەكێكی دیكەش لە بەرهەمەكانی (جوانە لە تۆ)یە لە هۆنراوەی شاعیری گەورە و ناسراو عەبدوڵا پەشێو.