وەزیرى دارایی و ئابوورى حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەند بڕیارێک دەردەکات بۆ کارئاسانى و بەدیجیتاڵکردنى دۆسیە و مووچەى خانەنشینان و کاراکردنى زیاترى دۆسیەی شەفافیەت لە داهات و خەرجی سنورى پارێزگاى سلێمانى و رێکخستنەوەی کاروبارە بانکییەکان.
ئه‌مڕۆ پێنجشەممە، (5ـی کانوونی دووەم/یه‌نایه‌ری 2023)، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، له‌میانی سەردانێکی مەیدانی بۆ بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سلێمانی چه‌ند بڕیارێكی له‌باره‌ی كاروباری خانه‌نشینانی سلێمانییه‌وه ده‌ركرد.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی و دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاوات شێخ جه‌ناب، بڕیاریداوه باڵه‌خانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خانه‌نشینی سلێمانی به ته‌واوی ته‌رخانبكرێت بۆ كاروباری خانه‌نشینان و کاربکرێت بۆ کارئاسانی مامەڵە و سەردانی خانەنشینان بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکە.
هه‌روه‌ها وه‌زیری دارایی و ئابووری بڕیاریداوه به تێكه‌ڵكردنی هه‌ردوو بانکی باخان و کوردسات و لە چوارچێوەی یەک بانکدا ئیشوکارەکانیان رێکبخرێتەوه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، بڕیاریدراوه سەرجەم دۆسیەی خانەنشینان بەدیجیتاڵی بکرێت و شێوازی نوێ لە ئەرشیفکردنی دۆسیە و به‌ڵگه‌نامه‌كان کارابکرێت.
سه‌باره‌ت به مووچه‌ی خانه‌نشینانی سلێمانی، ئاوات شێخ جه‌ناب بڕیاریداوه قۆناغه‌كانی بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچەی خانەنشینان و دروستکردنی کارتی زیرەکی مووچەکانیان کە وەزارەتی دارایی و ئابووری لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی كوردستان دەستیپێکردوە، کاراتربكرێت و له زووترین كاتدا ته‌واوبكرێت.