سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

عێراق کۆمەڵگەیەکی گەنجە و تەنیا ٣%ی دانیشتووانی سەرووی ٦٤ ساڵن

وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند ٦٥%ی هاووڵاتییانی عێراق تەمەنیان لە نێوان ١٥ تا ٦٤ ساڵیدایە و ڕێژەی دانیشتووانی سەرووی ٦٤ ساڵ تەنیا ٣%ی کۆی دانیشتووان پێک دێنن. کۆمەڵگەی گەنجی عێراق لە ڕووی خزمەتگوزاری ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە ئەگەرنا بەستێنەکی لەباری بۆ گەشەسەندن هەیە.

عەبدولزوهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماژەی داوە، عێراق بەراورد بە وڵاتانی تر، هێشتا ڕێژەی گەشەی دانیشتووانی بەرزە هەرچەندە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو کەمێک دابەزیوە. بەپێی دواین ئامارەکان ٨٧ وڵاتی جیهان گەشەی دانیشتووانیان لە خوارووی ڕێژەی گەشەی دانیشتووانی عێراقە و عێراق کەوتووەتە پلەی ٨٨.
بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیشدا، عێراق لە ڕیزبەندی نۆیەمدا هەڵکەوتووە و ڕێژەی گەشەی دانیشتووانی ئێستە ٢.٦%ە. ساڵانە بە تێکڕا لە عێراق ٨٥٠ تا یەک ملیۆن کەس لەدایک دەبن و هەندێک ساڵ لە یەک ملیۆنیش زیاتر بووە. بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە عێراق یەک ملیۆن و دوو سەد و پەنجا هەزار کەس لەدایک بوون و ئەو ژمارەیە لە ساڵی ٢٠٢١ گەیشتە ملیۆنێک و سێ سەد و پەنجا هەزار کەس و هێشتا ئاماری کۆتایی ٢٠٢٢ ڕانەگەیەنراوە.
بەپێی ئەو ئامارە نوێیەی وەزارەتی پلاندانان، عێراق کۆمەڵگەیەکی گەنجە و ئەوەش بەو واتایەیە ئەگەر کارگێڕییەکی باش لەو وڵاتە هەبێ بە لەبەرچاوگرتنی داهاتی زۆر، ئەو دەرفەتە لەبارە بۆ ئەوەی پەرە بە سەرجەم سێکتەرەکان بدرێ و وڵاتێکی گەشەسەندوو و خۆشگوزەران بنیات بنرێت.
عێراق تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٢ سەرووی ملیارێك و دوو سەد و هەشت ملیۆن و پێنج سەد و سی و یەک هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، بە تێكڕای هەناردنی مانگانەی سەرووی سەد ملیۆن و رۆژانە سێ ملیۆن و دوو سەد و چل و هەشت هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە. داهاتی ساڵانەی فرۆشتنی ئەو بڕە نەوتە گەیشتووەتە سەد و پازدە ملیار و چوار سەد و شەست و شەش ملیۆن دۆلار و هیچ مانگێک نەبووە عێراق سەرووی نۆ ملیار دۆلار لە فرۆشتنی نەوتی دەست نەکەوتبێت. لە لایەکی ترەوە، یەدەگی دراوی بیانی لە بانکی ناوەندی گەیشتووەتە سەرووی سەد ملیار دۆلار بەڵام ئەو سامانە زۆرە نەخراوەتە خزمەتی خەڵکەوە و زۆربەی بەفیڕۆ دەچێت یان بە گەندەڵیی هەدەر دەدرێت و لەم ڕۆژانەدا لە جیاتی بەرزبوونەوەی بەهای دینار کەچی بەهاکەی دابەزیوە.
هەر بە پێی ئامارەکەی وەزارەتی پلاندانان پیاوان لە عێراق ٥٠.٣%ی کۆی دانیشتووان و ژنانیش ٤٩.٧% پێکدەهێنن. ٢٧%ی دانیشتووانی عێراق تەمەنیان لە خوارووی ١٥ ساڵیدایە و ٦٥%یان لە نێوان ١٥ بۆ ٦٥ ساڵی و ئەوانەی تریش کە ٣%ن تەمنەنیان سەرووی ٦٤ ساڵە.
بەغدا بە نزیکەی نۆ ملیۆن دانیشتوانەوە، بە گەورەترین پارێزگای عێراق لە ڕووی زۆریی دانیشتووان هەژمار دەکرێت و لەدوای ئەویش پارێزگای نەینەوا بە چوار ملیۆن کەس و پارێزگای بەسرا بە سێ ملیۆن کەس لە ڕیزبەندی سێیەمدا دێت.
هینداوی ئاماژەی داوە، پارێزگاکانی تری عێراق ژمارەی دانیشتووانیان لە یەکتر نزیکە بۆ نموونە ژمارەی دانیشتووانی سلێمانی دوو ملیۆن و سێ سەد هەزار کەسە و هەولێریش سەرووی دوو ملیۆن کەسە. زیقار و بابلیش ژمارەی دانیشتووانیان سەرووی دوو ملیۆن کەسە و تەنیا پارێزگای موسەنا ژمارەی دانیشتووانی نۆسەد و پەنجا هەزار کەسە.
پێویستە بگوترێ ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە کۆتایی ٢٠٢١ بریتی بوو لە چل و یەک ملیۆن و سەد و نەوەد هەزار و شەش سەد و پەنجا و هەشت کەس و هێشتا ژمارەی دانیشتووان تا کۆتایی ٢٠٢٢ بە فەرمی ڕانەگەیەنراوە بەڵام لانی کەم یەک ملیۆن کەسی پێوە زیاد دەکرێت.
پێکهاتەیەکی گەنجی دانیشتووان و داهاتێکی زۆر، شایانی ئەوەیە کاگێڕییەکی باشی هەبێت و بە پڕۆژەی جیاواز و ستراتیجی هەلی کار بڕەخسێنرێت و بە پێشکەشکردنی زۆرترین خزمەتگوزاری، باشترین ژیان بۆ دانیشتووانەکەی دابین بکرێ بەڵام ئەمە لە عێراق ڕووی نەداوە و ساڵ بە ساڵ دۆخی ژیان خراپتر دەبێت. ئاوەدانترین شوێنی عێراق هەرێمی کوردستانە سەرەڕای ئەوەی کە بەشێکی زۆر لە مافە داراییەکانی لە لایەن بەغداوە زەوت کراوە.