سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

د. ئازاد عه‌زیز:پرۆسەی گەیاندن گواستنەوەی ئەو پەیامەیە کە زانیارییەکی هەڵگرتووە

دكتۆر ئازاد عه‌زیز سه‌رۆكی به‌شی كوردی كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی بنه‌ڕه‌تی زانكۆی سه‌لاحه‌دینه‌، تێزی دكتۆراكه‌ی به‌م ناونیشانەیە: (سیاسەت و پلانی زمان لە ڕاگەیاندندا؛ کەناڵە ئاسمانییە کوردییەکان لە هەرێمی کوردستان بە نموونە)؛ بواری توێژینەوەکە لە چوارچێوەی زمانەوانیی کارەکی، لە بواری زمانەوانی کۆمەڵایەتییە، له‌باره‌ی دكتۆرانامەكه‌ی دیدارێكمان له‌گه‌ڵیدا كرد .

سه‌ره‌تا لێیمان پرسی تایبه‌تمه‌ندییه‌ گشتیه‌كانی زمانی ڕاگه‌یاندن چییه‌؟ له‌ وه‌ڵامدا د. ئازاد گوتی: “زمان وەک ئامرازێک بۆ گەیاندنی پەیام لە ڕاگەیاندنەکاندا بەکار دەهێنرێت، بەڵام ئەم بەکارهێنانە، پێویستی بە ڕێکخستن هەیە، بەبێ سیاسەت و پلانی زمان نابێت، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئەرێنی لە خزمەتی پەرەسەندنی زماندا بێت، لە چەند خاڵێکدا گرنگترین تایبەتمەندییە گشتییەکانی زمانی ڕاگەیاندن دەستنیشان دەکەین:
(سادەیی و ڕەوانی، هاوچەرخیەتی و تازەگەری، گونجاوی، چێژداری و پاراوی، زمانی نەتەوە/ ستاندارد، زمانی نووسین/ ئەلفبێ و ڕێنووسی یەکگرتوو، کورتبڕی، فراوانی، توانای گەشەسەندن) کە هەریەک لەم تایبەتمەندیانە گرنگیی خۆی هەیە، و پێویستە فەرامۆش نەکرێن لەلایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندن.”
سه‌باره‌ت به‌ زمان و ڕه‌گه‌زه‌كانی پڕۆسه‌ی گه‌یاندن، دكتۆر ئازاد ده‌ڵێ:” پرۆسەی گەیاندن مەبەست لێی گواستنەوەی ئەو پەیامەیە کە زانیاری هەڵگرتووە، یان گواستنەوەی هەستێکە بۆ کەسی وەرگر بە هەر مەبەستێک بێت، بێگومان لە پڕۆسەی گەیاندندا زمان ئامرازی سەرەکییە، کە وەک ئامرازێک ڕۆڵی گرنگ و کارای بۆ گواستنەوەی هەواڵ و زانیارییەکان لە نێرەرەوە بۆ وەرگری پەیام هەیە، بەردەوامی پرۆسەکەش بە گەیشتنی زانیارییەکانە بۆ وەرگر، ئەگەر تێگەیشتن لە پەیوەندیکردنەکە دروست نەبێت، واتە گەیاندنەکە دروست نییە، ئەمەش هۆیەکەی مەرج نییە پەیوەست بێت بە وەرگرەوە، چونکە کۆمەڵێک ڕەگەزی بنچینەیی بە هاوبەشی لە پرۆسەی گەیاندنی پەیامدا بەشدارن، ئەگەر ئاریشە لە هەر ڕەگەزێکدا هەبێت، ئەوا ئاستەنگی بۆ پرۆسەی گەیاندن دروست دەبێت.
گرنگترین ڕەگەزەکانی پرۆسەی گەیاندن بریتیین لە:
یەکەم / بەرهەمهێنی بابەتی ڕاگەیاندن (نێرەر):
مەبەست لەم پێکهاتەیە سەرچاوەی پەیامە، کە لایەنی یەکەمە لە کردەی پەیوەندیدا، ئەو لایەنەیە کە پەیامەکە ئامادە دەکات و دەینێرێت بۆ وەرگر، پێویستە بیر و بۆچوون و مەبەست و زانیاریی پێبێت.
دووەم/ ناوەڕۆکی بابەتی ڕاگەیاندن(پەیام):
مەبەست لە ناوەڕۆکی بابەتی ڕاگەیاندن، ئەو زانیاری و ڕاوبۆچوون و هەست و ئاڕاستانەیە، کە نێرەر مەبەستیەتی لە ڕێگای هێما دەنگییەکانەوە بە کەسانی دیکەی بگەیێنێت، کە بەشێوەی ئاخاوتن یان نووسین یانیش ئاماژە، یانیش تێکەڵەیەک لە هەموویان بێت، لە ڕێگەی کەناڵی پەیوەندیکردنەوە بۆ وەرگری دەنێرێت
سێیەم/ جەماوەری وەرگر:
وەرگر ئەو کەسەیە کە پەیامی ئاراستە دەکرێت و وەریدەگرێت، دواتر هێماکان دەکاتەوە و هەوڵدەدات درک بە واتاکان بکات، ئەو کاتە نێرەر لە گەیاندنی پەیام بە وەرگر سەرکەوتوو دەبیت، ئەگەر وەرگر لە پەیامەکە گەیشتبێت.
چوارەم/ هۆکارەکانی ڕاگەیاندن:
ئەمەیان تایبەتە بە هۆکارەکانی ڕاگەیاندن، کە بە ڕێگەیەوە ناوەرۆکە ڕاگەیاندنکارییەکان ئەنجامدەدرێت، بازنەی بەیەک گەیاندنی نێرەر و وەرگرە لە پرۆسەکەدا.
پێنجەم/ پێکهاتەی کاریگەرییەکان:
ئەم پێکهاتەیە پەیوەندیی بە کاریگەرییەکانەوە هەیە، مەبەست لە وشەی کاریگەریی چاندنی بەها، یان بیروباوەڕ، یاخود زانیارییە لەلایەن نێرەرەوە بۆ سەر ئاوەزی جەماوەری وەرگر کە پەیامەکە دروستی دەکات، گوێگر پێوەرە بۆ زانینی ئاستی کاریگەریی پەیامەکە، چونکە پێویستە پەیامەکە کاریگەریی خۆی لەسەر وەرگر بنوێنێت؛ گۆڕینی هەڵویست و ئاراستەکان بریتیین لە دیارترین شێوازەکانی کاریگەریی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن، ئامانجیش لێی گۆڕینی هەڵویستی (وەرگر)ەکانە بەرانبەر بە پرسێکی دیاریکراو یان بەهایەک، یاخود ڕەفتارێکی دیاریکراو، ئەمیش لەسەر بنەمای ئەو پەیامەوە سەرچاوە دەگرێ کە لە ڕێگەی ئامرازەکانی ڕاگەیاندنەوە ئاڕاستەی وەرگرەکان دەکرێت.
شەشەم/ ژاوەژاو
ژاوەژاو بریتییە لە بوونی هەر کۆسپێک کە ببێتە ڕێگر لەبەردەم پڕۆسەی گەیاندنی (پەیام) لە (نێرەر)ەوە بۆ (وەرگر)، بە شێوەیەکی گشتی، ژاوەژاو بە دوو جۆر دەردەکەوێت، جۆرێکیان، ژاوەژاوی تەکنیکییە و پەیوەندیی بە خودی ئامرازی ڕاگەیاندنەکەوە هەیە، بە هۆی کەموکوڕی لە دەنگی (نێرەر)، یاخود بەهۆی لاوازی هەستی بیستن یاخود بینینی (وەرگر) دروستدەبێت، جۆری دووەمیان، لە ئەنجامی خراپ بەکارهێنانی زمان دێتەکایەوە، کە پێیدەوترێت ژاوەژاوی زمانیی یان واتایی.”

له‌ پرسیارێكی تر له‌ د. ئازادمان پرسی زمان له‌نێوان ڕاگه‌یاندن و جیهانگه‌راییدا چۆنچۆنیه‌؟ له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێ: “ئەمڕۆ پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆژیا و دەسکەوتەکانی توانیویانە بیر و هزری ژیانی هەموو تاکێک بە تایبەتی و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەگشتی بتەنن، هیچ میللەت و نەتەوەیەک ناتوانێت لە کۆت و بەندی تەکنەلۆژیا و بەتایبەتی جیهانگەرایی رزگاری بێت و بە دابڕاوی بژیت، یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی کۆمەڵ، کە ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ژێر کاریگەریی جیهانگەرایی زمانە، بەهۆیەوە لە ژێر ئەو کاریگەرییە زمان گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتووە، چونکە ئەم تەکنەلۆژیایە پێویستی بە فێربوونی زمانی بیانی هەیە، بە تایبەتیش زمانی ئینگلیزی، ئەمەش بەهۆی ئەوەی زمانی ئینگلیزی لەم بوارەدا زاڵە، دەیەوێت خۆی بەسەر فەرهەنگی زمانەکاندا بسەپێنێت، بەتایبەتی بەهۆی تۆڕەکانی ئینتەرنێت، کە لە سەرەتای دەرکەوتنی باڵادەستی زمانی ئینگلیزی بەڕێژەی(٩٥٪) بوو، بەڵام بەرە بەرە بەرەو کەمبونەوە ڕۆیشت، تا لە ساڵی(٢٠٠١) گەیشتە(٨٠٪)، بێگومان ئەمەش بەهۆی کێبرکێ و ململانێی زمانەکانی تر. دیارە ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر زمانی دایک هەیە، چونکە دەبینین زمانی ئینگلیزی بۆتە سەرچاوەیەک بۆ هاندان و تێگەیشتنی نێوان نەتەوەکانی جیهان، بۆتە زمانێکی هاوبەشی جیهانی، دەیەوێت خۆی بەسەر کەلتووری هەموو وڵاتاندا بسەپێنێت. خۆ ئەگەر بگووترێت با مرۆڤ دوور لەو تەکنەلۆژیا پێشکەوتووە بژیت، ئەوا بێگوومان خۆمان دەخەڵەتێنین، چونکە ئەمە لەژێر دەسەڵاتی هیچ کۆمەڵ و دەوڵەتێکدا نییە، چونکە ئەمرۆ جیهان دێیەکی بچووکە و تەکنەلۆژیا حوکمڕانی دەکات، زمانی ئینگلیزیش کە زمانی سەرەکیی ئەو تەکنەلۆژیایە، لە ناو زۆر لە میللەتاندا شان بەشانی زمانی دایک منداڵ فێری دەبێت، بەڵکو لە ناو هەندێک لە میللەتاندا شوێنی بە زمانی دایک لەق کردووە، ئەمەش بۆ سەر زمان هەڕەشەیەکی گەورەیە. “