وشە وای گوت

د.سالار عوسمان

ھاوڕێ ئەوجا ڕێ !..
بەشی چوارەم
لە بواری دەرەوەدا
مەبەستمان لە بواری دەرەوەدا، سیاحەتی دەرەوەی وڵاتە، ئەو کاتەی کە مرۆڤ دەچێتە دەرەوەی وڵات و دەیەوێت دونیا ببینێت، دیارە لەبەر کۆمەڵێک هۆکار، کە گرنگترینیان بێ دەوڵەتییە، ئینســـانی کورد وەک پێویســـت نازانێ ســـیاحەت بکات، ئاخر دەوڵەت واتە هێز و ئەزموون و پەڕینەوە، واتە شـــوناس، واتە وەســـتان لەتەک خەڵکدا و وەک خەڵکبوون، واتە زمان و کبریائی بوون و شـــەکانەوەی ئاڵاکەت لە هەموو دونیا !.. ئینســـانی کورد تەبای هەموو ئینسانەکانی تری دونیا شایانی هەموو ئەمانەیە، کەچی، لەبەر بێ دەوڵەتیی مەحروومە لە هەموو ئەم نیعمەتانە، بۆیە کە ســـەفەر دەکات بێهێز ســـەفەر دەکات، قاچەکانی تێک دەئاڵێ و چاوەکانی باش ناخوێنێتەوە، شـــیانی دەستلێدانی کەمترە و کە داشدەنیشێت، خەمۆکییەک وا بە ڕوخســـارییەوە، خەمۆکیی بێ دەوڵەتی، خەمۆکیی ئەو زوڵمەی لەوەتەی مێژوو هەیە لەگەڵیەتـــی و لێـــی نابێتـــەوە، خەمۆکیی نان و ئـــازادی و چێژوەرگرتن لە ژیان، ژیانێـــک، کە تەنیا لە وێنەکانەوە بینیویەتی!.. لە دوای ڕوخاندنی ڕژێمی بەعســـەوە، ســـیاحەتی دەرەوە، لەو بەشـــە ئازادەی کوردســـتان – مەبەستم باشووری کوردستانە – ، تاڕادەیەکی باش پێشکەوتووە، لە هەردوو بەشەکەی تری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردســـتانیش، دیارە ئەویش لەبەر کۆمەڵێک هۆکار،کە گرنگترینیان کوردبوونە، زۆر خراپە، لە باکووری کوردستانیش، دەکرێ بێژین باشە و، لە مێژە کوردانی باکوور سیاحەت دەکەن و ئەزموونی دونیابینینیان باشترە لەوانی تر ، بەڵام هەمووی بەسەریەکەوە لە ئاستی پێویستدا نییە. تـــا ئێرە، ئەمە ڕوانگە سیاســـییەکە بوو، ڕوانگە کەلتوورییەکەیش شـــایەنی قســـەلێکردنی رژدە و من مەبەستمە پتر لەوە قووڵ ببمەوە، واتە مرۆڤ خۆی چی دەکات و چۆن سیاحەتی دەرەوە ڕێکدەخات و بە چ ئامانجێکەوە جانتای حەزەکانی کۆدەکاتەوە.
سیاحەت حەز و چێژە!.. دەمەوێ باس لەو ڕاســـتییە بکەم، کەســـەفەر، سیاحەت، جا بۆ گوندێکی تەنیشت شارەکەت بێت، یا بۆ عاســـێترین گوندی دوورترین کێشـــوەر، بریتیە لە حەز و چێژ، ئەوانەی حەزیان لە سیاحەت نەبێ، بێنە سیاحەتیش چێژی لێ وەرناگرن و دەبنە مایەی سەرئێشە بۆ خۆیان و دەوروبەریش!.. ســـیاحەت حەزە و گەڕانە بەدوای چێژەکان، ســـیاحەت دۆزینەوەیە، دۆزینەوەی هەموو شـــت، تەنانەت خۆشت، کە لە ماڵێکدا، تەنانەت کەسە نزیکەکانیش لێت تێناگەن و دەیانەوێ وەک خۆت نەبی، سیاحەت وەکخۆبوونە، ئازادکردنی هەموو ئەو هاوارە کپکراوانەیە، کە دەوروبەر، بە بیانووگەلێکەوە کپیان کردووە!.. لە ســـیاحەتی دەرەوەدا، دەبێ قـــووڵ ڕۆچیتە نێو مێژوو، نێو موزە و نەریـــت و جیاوازییە کەلتووری و ئاینییەکان و، بەدڵەوە گوێ لە ڕیتم و میوزیک و سەما و سەفا و سەدای سیحرییان بگریت و، بە ئەقڵەوە دەقەکانیان بخوێنیتەوە، ئاخر ئەگەر بەحەزەوە ســـیاحەت نەکەیت و چێژ وەرنەگریت، ئەگەر نەچیتە نێو قووڵایی مێژووەوە و بە دڵ و ئەقڵەوە لە ڕەنگ و دەنگ و ســـەنگییان نەڕوانی و وردنەبیەوە، کەواتە تۆ سیاحەتی دەرەوەت نەکردووە !.. بەداخەوە خەڵکی ئێمە سیاحەت دەکەن و وێنەی زۆر دێننەوە، کە چی پرسیار ناکەن، وردنابنەوە، ناچنە قوڵاییەوە، هەر بە نموونە، هەموو ئەو گەنجە کوردانەی چوونەتە ئەستەنبوڵ، چەندیان پرسیاریان لەبارەی (ئیســـتقلال)ەوە کردووە؟!.. ئەرێ ئەوانەی بە لاشـــانی خوارەوە رەسم لای (ئیڤڵ)وە دەگرن، شتێ لەو تاوەرە مێژووییە دەزانن؟!.. ئەرێ خانەوادەکانمان، کە لە بن (کڵێسای دۆم)ی شاری کۆڵن – ەوە سێڵفی
دەگرن، دەزانن گرنگی ئەو کڵێسایە لە چیدایە؟!.

ھەواڵی زیاتر