نزیکەی بیست ساڵە بە وردی چاودێری وەرگرانی خەڵاتی نۆبڵ دەکەم و ئەوەی لە ماوەی ئەم بیست ساڵەدا تێبینیم کردووە ئەوەیە، کە چەند ساڵێکە وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ دەنگدانەوەی ئەوتۆی نییە و لای نووسەران و وەرگێڕکارانی کورد نابێتە جێگەی باس و دەست بە وەرگێڕانی بەرهەمی ئەو نووسەرانە ناکرێت، کە ئەمە لە ساڵانی پێشووتردا هەم هەستی پێ دەکرا، هەم لانی کەم تامەزرۆیی هەبوو بۆ وەرگێڕانی نووسین و کتێبەکانی ئەو نووسەرانەی دەبوونە خاوەنی خەڵاتەکە. دەشێ بپرسین ئەمە پەیوەندی بە چییەوە هەیە؟
دەشێ ئەم بابەتە پەیوەندی بە زۆر هۆکارەوە هەبێت، بەڵام پێدەچێت گرنگترین هۆکار ئەو دونیا تازەیە بێت، کە مرۆڤی ئەم سەردەمەی تێکەوتووە، کە دنیایەکی خێرا و تیژتێپەڕە و دەرفەتی هەڵوەستەکردن و قووڵبوونەوەی بۆ مرۆڤەکان نەهێشتووەتەوە و هەموو هەواڵ و بابەتێک دوای چەند کاتژمێر/رۆژێک ئیدی لەبیر دەچنەوە. ئێستا سەردەمی خێرایی و زوو تێپەڕینە. نەک سەردەمی قووڵبوونەوە و تێڕامان و وردبوونەوە لە هەر شتێک ڕوودەدات. هەر ئەمەشە لێشاوێک لە ئەدەبیاتی ڕووکەش خەریکە جێگە بە ئەدەبی ڕاستەقینە، کە خاوەنی قووڵبوونەوە بێت لێژ دەکەن و بەشێکی زۆری میدیاکانیش لەپشت ئەو جۆرە ئەدەبیاتەوە کە بەرەو ڕووکەشگەرایی هەنگاو دەنێت.
خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەبیات لەمساڵدا درایە ژنە نووسەری فەرەنسی “ئانی ئیرنۆ”، کە یەکێکە لە ژنە ڕۆمانووسە نێودارەکانی فەرەنسا، بەڵام خەڵاتی ئەم ژنە، کە یەکێکە لە کاریگەرترین ڕۆمانووسانی 40 ساڵی ڕابردوو تەنها لە شێوەی هەواڵدا لەنێو میدیای کوردیدا مایەوە و ئیدی هیچ وەرگێڕ و نووسەرێک دەرفەتی ئەوەی نەبوو، نەک ڕۆمانێکی وەربگێڕێت بۆ کوردی (کە بەشی هەرە زۆری ڕۆمانەکانی کورتن)، بەڵکو بیریان لە وەرگێڕانی گوتار و چاوپێکەوتنەکانیشی نەکردەوە. ئەم دۆخەم ئەمساڵ و چەند ساڵی پێشووتر بە بەراورد بە 10 تا 15 ساڵی ڕابردوو بەمشێوەیە نەبوو، بەڵکو هەم نووسەران و وەرگێڕکاران بەدوای ژیان و بەرهەمەکانی ئەو نووسەرانەدا دەچوون کە خەڵاتی نۆبڵ وەردەگرن، هەم کاریان لەسەر دەکردن، بەڵام ئێستا ئەم هەڵوەستەکردنە نەماوە و پێدەچێت بەم دوو مانگەشی کە ئەم خەڵاتە دراوە (دوو مانگ لەمەبەر خەڵاتەکە دابەشکراوە)، هێشتا هیچ وەرگێڕێک بیری لەوە نەکردبێتەوە کار لەسەر بەرهەمەکانی بکات.
بەڵام خاڵێک کە نابێت لەبیر بکەین ئەوەیە کە ساڵی 2017 بەر لەوەی ئەم نووسەرە خەڵاتی نۆبڵ وەربگرێت دەزگای رۆسا لە شاری هەولێر یەکێک لە ناوازەترین ڕۆمانەکانی ئەم نووسەرەیان بە کوردی بڵاوکردووەتەوە و وەرگێڕی بەڕێز فەیسەڵ خەلیل کردوویەتی بە کوردی. من هەر ئەوکات ئەو ڕۆمانەم خوێندەوە و ڕۆمانێکە گەلێک جوانە سەبارەت بە چەمکی ئیرەییە لای خانمێک کە دوای ئەوەی هاوسەرەکەی لێی جیا دەبێتەوە ئیرەیی پێ دەبات کەلەگەڵ ئافرەتێکی دیکەدا پەیوەندی دروست کردووە. (لە دەرفەتێکی نزیکدا ڕانانێکی لەبارەوە دەنووسم).
دەشێ بگەڕێنەوە لای وەرگری خەڵاتی نۆبڵی ئەمساڵ. ئەم نوسەرە لە تەمەنی 82 ساڵیدا بووە خاوەنی ئەم خەڵاتە کە هاوکات خاوەنی زیاتر لە 20 کتێبە، کە لە زۆربەیاندا لە ڕوانگەیەکی کۆمەڵناسانەوە باس لە ژیانی کۆمەڵایەتی و بەتایبەتیش باس لە ژیانی تایبەتی خۆی دەکات و لە هەر ڕۆمانێکیدا هەست بە تارمایی کەسێتی خۆی دەکرێت، بۆیە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ ئەوە خرایەڕوو کە وەکو ڕۆماننووسێک کە شارەزاییەکی زۆر لە بە ڕۆمانکردنی ژیاننامەی خۆیدا بۆیان جێگەی سەرنج بووە. هەروەها ئەکادیمیای نۆبڵ ئاماژەی بەوە کرد: “لە نووسینەکانیدا، ئێرنۆی بەردەوام و لە گۆشەی جیاوازەوە، لە ژیانێکی پڕ لە جیاکاریی گەورەی پەیوەست بە رەگەز، زمان و چینایەتی، دەکۆڵێتەوە.” دەشڵێت: “کارەکانی پتەون و بە زمانێکی سادە و روون نووسراون.”
خەڵاتی نۆبێل خەڵاتێکی سویدییە و لە چەند بوارێکی جیا جیادا دابەش دەکرێت و یەکێک لەو بوارانە ئەدەبیاتە و خەڵاتەکە خاوەنی هێز و پێگەیەکی نێودەوڵەتییە. ئەم خەڵاتە لەلایەن زانای سویدی ئەلفرێد نۆبڵەوە دانرا، بەجۆرێ کە لە وەسیەتنامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە ئەوەی خستووەتە ڕوو ساڵانە ئەم خەڵاتە ببەخشرێت.