عادل مەلا ساڵح، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان: یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکاری شەهیدان دروست دەکرێت

عادل مەلا ساڵح، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: لە سێ ساڵی ڕابردوو یازدە ھەزار و سەد و چل و یەک پارچە زەوی بەسەر وارسی شەھیدان و ئەنفالکراوان، زیندانیانی سیاسی و ڕزگاربووانی شاڵاوەکانی ئەنفال دابەشکراون؛ ھەروەھا ڕەزامەندی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران وەرگیراوە بۆ ئەوەی مۆنیمێنتێکی گەورەتر بۆ قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە دروست بکرێت. دەشڵێ: لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە وەزارەتی شەھیدان، مووچەی زیاتر لە سیازدە ھەزار کەس بڕدراوە، ھەنگاوەکانیش بەردەوام دەبن بۆ چاکسازی، ئێستا نزیکەی ملیارێک دینار بۆ خەزێنەی گشتی دەگەڕێتەوە.

  • لە سێ ساڵی ڕابردوو چ خزمەتگوزارییەک پێشکەش بە کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان کراوە؟
    -لە سێ ساڵی ڕابردووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان، بە ئەجندایەکی پڕەوە دەست بەکاربوو، لە درێژەی خزمەتگوزارییەکان بۆ خزمەتکردنی زیاتر و باشتری ئەو چین و توێژانەی کە پەیوەندیان بە وەزارەتەکەمانەوە ھەیە، وەکو کەسوکاری شەھیدان، کەسوکاری ئەنفالکراوان، زیندانیانی سیاسی، بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی و تاقانەکانی جینۆساید لە ھەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، توانراوە خزمەتێکی باش پێشکەش بکرێت، لەوانە دابەشکردنی یازدە ھەزار و سەد و چل و یەک پارچە زەوی بەسەر وارسی شەھیدان و ئەنفالکراوان، زیندانیانی سیاسی و ڕزگاربووانی شاڵاوەکانی ئەنفال. ھەروەھا پاش دەرچوونی یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان، توانراوە دوو لیژنە پێک بهێنرێت بۆ سەرلەنوێ پشکنینی بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی ئەوانەی کە مینحەیان ھەیە، ئێستە نزیکەی ھەزار بەرکەوتوو مینحە وەردەگرن، ھەروەھا ئەو کەسانەی کە لە ماوەکانی ڕابردوودا داواکارییان پێشکەشی وەزارەت کردبوو بۆ ئەوەی وەکو بەرکەوتوو ھەژمار بکرێن و مینحەی مانگانەیان بۆ ببڕێتەوە، ئەوانیش لە قۆناغی دووەمدا پشکنینیان بۆ دەکرێت. ھەر کەسێک لەلایەن لیژنەکانی وەزارەتی تەندروستی سەلمێنرا کە بەرکەوتووی چەکی کیمیاوییە، مینحەی مانگانەی بۆ دەبڕێتەوە. ھەروەھا ھەموو ئەو کەسانەی لە دە ساڵی ڕابردوو مینحەی زیندانی سیاسییان وەرگرتووە و دە ساڵەکەیان تەواوبووە بە گوێرەی یاسای ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠١١ یاسای ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان ئەوانەی کە ھیچ مووچەیەکیان لە ھەرێم و بەغدا نییە، چاکسازی لە دۆسیەکانیان کراوە و دووبارە مینحەکەیان بۆ گەڕاوەتەوە، بەوەش زیاتر لە سێ ھەزار و پێنج سەد زیندانی سیاسی سوودمەند بوونە. نۆزدە ملیار و شەش سەد و هەشتا و شەش ملیۆن دینار دراوە بە قەرزی ساڵانەی خوێندنی کوڕ و کچی شەھیدان و ئەنفالکراوان. ھەروەھا بۆ قۆناغی دووەم وەزارەت ئامادەکاری دەکات بۆ دابینکردنی نزیکەی بیست ملیاری دیکە بۆ کرێی خوێندنی کوڕ و کچی شەھیدان و زیندانیانی سیاسی. ھەروەھا چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە بواری جێبەجێ کردندان، لەوانە نۆژەنکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی چەمچەماڵ، لەگەڵ مۆنیمێنتی ئەو شارە. ئەو پڕۆژانەش بە گوژمەی زیاتر لە پێنج سەد ملیۆن دینار لە قۆناغی جێبەجێ کردندان. ھەروەھا رەزامەندی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران وەرگیراوە بۆ ئەوەی مۆنیمێنتێکی گەورەتر بۆ قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە دروست بکرێت. لە بواری سێکتەری تەندروستی بۆ کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و ئەنفالکراوان، زیندانیانی سیاسی ھەموو خزمەتگوزاریە تەندروستییەکانیان بێ بەرامبەر پێشکەش دەکرێت، ھەروەھا سەرجەم ئەو خزمەتگوزاریانەی لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییە ئەھلیەکان پێشکەش بە کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی دەکرێت ٥٠% داشکاندنی بۆ دەکرێت.
  • یاسای چاکسازی لە وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان بە کوێ گەیشتووە؟
  • بۆ جێبەجێ کردنی یاسای چاکسازی، وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان چەندین لیژنەی پێکهێناوە لە دۆسیەی شەھیدان، زیندانیانی سیاسی، بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی و تاقانەکانی جینۆساید ١٠٠% چاکسازی کراوە، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە وەزارەتی شەھیدان مووچەی زیاتر لە سیازدە ھەزار کەس بڕدراوە، ئەوانە پێشتر بەشێوەیەکی نایاسایی سوودمەندبوون لە مووچەی حکوومەت، ھەنگاوەکانیش بەردەوام دەبن بۆ چاکسازی، ئێستا نزیکەی ملیارێک دینار بۆ خەزێنەی گشتی دەگەڕێتەوە.
  • ئەنجوومەنی وەزیران تا چەند پاڵپشتی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوانە؟
  • سەرۆکی حکوومەت ھەمیشە پاڵپشت و ھاوکارێکی باشی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان بووە، بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان بکرێت، زۆریش جددیە بۆ ئەوەی ئەو خزمەتگوزاریانەی لەلایەن وەزارەتی شەھیدان پێشکەش دەکرێن بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بێت. مەبەست و ئامانجی گەورە لە یاسای چاکسازی بەدیھێنانی دادپەروەری و گەڕانەوەی ماف بووە بۆ کەسانی شایستە؛ سەرۆکی حکوومەت ھەمیشە داکۆکیکارێکی سەرسەخت بووە لە بەدیهێنانی دادپەروەری لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکان بۆ کەسوکاری شەھیدان، ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی.
  • باس لەوە دەکرێت یەکەی نیشتەجێ بوون بۆ کەسوکاری شەھیدان دروست دەکرێت، پرۆژەکە چۆن دەکرێت؟
  • لەدوا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیری شەھیدان داوای کردووە لەبری زەوی، یەکەی نیشتەجێ بوون بۆ کەسوکاری شەھیدان دروست بکرێت و سوودمەند بن لە یەکەی نیشتەجێبوون، لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردراون بۆ ئەوەی کار لەسەر پێشنیازەکە بکەن، ئەو بابەتە لەژێر دیراسەدایە، لیژنەیەکی باڵاش پێکھاتووە تا کار بۆ دروستکردنی ئەو یەکانە بکرێت و کەسوکاری شەھیدان بەبێ بەرامبەر، لێی سوودمەند بن، ئەمە لە کاتێکدایە ساڵانی ڕابردوو دەیان ھەزار پارچە زەوی بەسەر کەسوکاری شەھیدان دابەشکراون و ھێشتا ژمارەیەکی زۆریش ماون بۆ وەرگرتنی زەوی، بەگوێرەی یاسا، ئەرکی حکوومەتە زەوی و یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکاری شەھیدان دابین بکات، بەشێکی دیکەی کەسوکاری شەھیدان ڕەزامەندییان ھەیە بۆ پێدانی زەوی.
ھەواڵی زیاتر